کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی هەیەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران )ڕاهی کارگەر(وکۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

Untitled 64

سەرکوت یبزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ئەولەویەتی دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی

  • ئەولەویەتەکانی ڕێژیم لە کەشوهەوای شەڕدا: لە بارودۆخێکدا کە کەشوهەوای شەڕ باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە، ئەولەوییەتی ڕێژیمی ئیسلامی، بریتییە لە سەرکوتی چالاکانی پیشەیی و مەدەنی. هەفتەی ڕابردوو سەرلەنوێ شاهیدی مەحکوومکردنی محەممەد حەبیبی هەڵسووڕاوی پیشەیی مامۆستایان، سەپاندنی سزای پێنج ساڵ زیندان بەسەر نیلۆفەر حەمیدی و ئیلاهە محەممەدی، دەرکردنی سزای دە مانگ زیندانی بۆ مەنیژە خوشنوود هەڵسووڕاوی خەڵکی بۆکان، دەستگیرکردنی کەوسەر دێهبانزادە و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی دادخوازان بووین. لە هەمان کاتدا دەرکردن و دوورخستنەوەی سومەییە ئەختەر شومار، ئیسماعیل عەبدی و مەهدی موعەرەف، ڕاوێژکاری قوتابخانەکانی ناوچەی چواری پارێزگای ئەلبورز، لە پەروەردە و بارهێنان، دادگاییکردنی کەوکەب بوداغی، هەڵسووڕاوی پیشەیی مامۆستایان، هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕەزا شەریفە مامۆستایەکی خەڵکی سنە و هەروەها بانگهێشتکردنی موتەهەرە گونەیی، بەیانگەری بەردەوامیی سەرکوتی هەڵسووڕاوانی پیشەیی مامۆستایانە. دادگای ئینقلابی ئیسفەهان بە کۆی گشتی سزای ٩٠ ساڵ زیندانی و ٩٠٠ ملیۆن تمەنی بەسەر نەدا بەدەخش، پەرستوو حەکیم، نگین خادمی، یەگانە ڕۆحبەخش، ئارەزوو سوبحانیان، موژگان شاهڕەزایی، شانا شەوقیفەر، نەدا عیمادی، بەهارە لوتفی و ١٠ ژنی بەهایی دا سەپاند. واقیعییەت ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئیسلامی مێزی تایبەتی هەیە بۆ بەدواداچوون و سەرکوتکردنی ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، بەهایی و دەروێشەکان و هەروەها لەم پێناوەدا چەندین هەزار کەسیش وەک ئەرتەشی سایبێری سەرقاڵی بەدواداچوونی یەک بە یەکی هەڵسووڕاوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. لێکۆڵینەوە لەم دۆخە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕێژیمی ئیسلامی پتر لەوەی کە نیگەرانی هێرشەکانی ئیسرائیل و لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا و هەروەها کاریگەری ئەو شەڕە لەسەر چارەنووسی خەڵک و تەنانەت دەسەڵاتیش بێت، نیگەرانی پێشڕەوییەکانی ئاخێزی جەماوەری خەڵکی ئێرانە. لەمڕووەوە هەموو هەوڵەکانی بۆ سەرکوتی هەر چەشنە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی خستووەتە گەڕ. واقیعییەت ئەوەیە کە مەسعوود پزیشکیان نەک هەر نەیتوانیوە هیچکام لە بەڵێنەکانی بەکردەوە دەربهێنێت، بەڵکوو بە گرانتر کردنی نرخی نان و هەڵاوسانی بەردەوام و بێبەهاکردنی دراوی وڵات بە بیانووی هەلومەرجی شەڕ، ژیانی لە زۆربەی هەرەزۆری دانیشتووانی ئەم کۆمەڵگایە کردووە بە دۆزەخ. ناکۆکی توند لەسەر لابردن یان لانەبردنی فلتەرکردن و هەوڵی باڵی پایەداریی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای حیجاب، دەریدەخەن کە بەڵێنییەکانی مەسعوود پزیشکیان پووچ و بێ بنەما بوون. بە واتایەکی تر، دەسەڵات لە ئاکامی دژوازییە ناوخۆییەکانی و پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لەسەر بەستێنی داڕمانێکی سیاسی، ناتوانێت تەنانەت وەڵام بە لانیکەمێک لە بەڵێنەکانی بداتەوە، هەربۆیە تاکە ڕێگەیەک کە بۆی ماوەتەوە، بریتییە لە چڕکردنەوەی سەرکوتەکان. واقیعییەت ئەوەیە کە بێتوانایی دەسەڵات لە ئەنجامدانی کەمترین چاکسازی، تەنانەت ئەو بەشەش لە ڕیفۆرمخوازانی بێهیوا کردووە کە بە ئومێدی هەندێک ڕیفۆرم گەڕابوونەوە ژێر ئاڵای دەسەڵات. هەر لەمڕووەوەیە کە دەبێ چاوەڕوانی توندتربوونەوەی هەرچی زیاتری سیاسەتی سەرکوتگەرانەی دەسەڵات بین. بێگومان سیاسەتی سەرکوتکردن لە کەشوهەوای شەڕیشدا گەلێک چڕتر دەبێتەوە.

١پاشەکشەی درەنگ وەخت لە سیاسەتی دەرەوەدا: دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر گوشاری بزووتنەوەی جەماوەریدا گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت بە هەندێک لە سیاسەتەکانی تا ئێستایدا بچێتەوە بۆ ئەوەی هەم خۆی لە ئیفلاس و داڕمانی ئابووریی ڕزگار بکات و هەم بتوانێت لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخواز و داواکاریی تەوەرەکان بەرەوڕوو ببێتەوە. هێڵی پێشەوەی ئەم گۆڕینی ئاراستەیەی ڕێبەری ڕێژیم، لەسەر بنەمای پاشەکشەکردن لە سیاسەتی دەرەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفت و ناکۆکییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپا دیاریکرابوو. مەسعوود پزیشکیان لە سەردانەکەی دا بۆ نیویۆرک لەگەڵ حەوت کەس لە ڕێبەرانی یەکێتی ئوورووپا کۆبووەوە. بەڵام سیاسەتی دەستدرێژکردنی ڕژیم  بەرەولای یەکێتی ئورووپا، نەک هەر بە گەرمی پێشوازی لێ نەکرا، بەڵکوو یەکێتی ئورووپا سیاسەتیڕووبەڕووبوونەوەی گرتۆتەبەر. گەمارۆ خستنەسەر سێ کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئێران بە بیانووی ڕۆڵی ئەوان لە ناردنی چەک بۆ ڕووسیا و هەروەها پشتیوانیکردن لە ئیدیعای ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و شەش وڵاتی یەکێتییە شیخ نشینەکانی کەنداوی فارس سەبارەت بەداگیرکراوبوونیسێدوورگەیئێرانلەکەنداویفارس،واتەتونبیبچووک،تونبیگەورەوئەبوموسا،دەریخست

کە یەکێتیی ئورووپا، چڕکردنەوەی گوشارەکانی سەر کۆماری ئیسلامی کردووەتە چەقی سیاسەتەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕێژیم. یەکێتیی ئورووپا کە لە ڕووداوەکانی یەکساڵی ڕابردووی غەززە دا تەنانەت یەکجاریش بەرامبەر بە داگیرکردنی سەرزەمینی فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە کە بە ڕوونی لە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، ناڕەزایەتی دەرنەبڕیوە، لەناکاو باس لەداگیرکردنیئەو سێ دوورگەیە لە لایەن ئێرانەوە دەکات. بارودۆخێکی لەو شێوەیە نیشانەی شکستهێنانی سیاسەتەکانی دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامییە کە ئێرانی لەگەڵ مەترسیی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە. بەڵام وا پێدەچێت کە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتەکانی دەرەوەی، درەنگ وەخت چووتە بواری کردارییەوە. لەم پێوەندییەدا، سەرەڕای سیاسەتی دەستدرێژکردنی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ڕووسیا و چین و تەنانەت قبوڵکردنی مەترسییەکانی هاوکاریی نیزامی لە پێوەند لەگەڵ شەڕی ئۆکراین شانبەشانی ڕووسیا، ئەم دوو زلهێزە جیهانییە هیچ بایەخێک بە پێداویستییە ستراتژیکییەکانی ئێران نادەن. ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکانی چین لەگەڵ ئەمریکا، ئورووپا، سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و تەنانەت ئیسرائیلیش، وایکردووە کە لەو شەڕەی ئێستاشدا بە پارێزەوە هەڵسوکەوت بکات و پشتی کۆماری ئیسلامی چۆڵ بکات. ڕووسیاش، بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و کارکردن لەسەر میحوەری باکۆتەلئەبیب و سەرەڕای ئەوەی کە ئێران لە سووریە وەک پیادە نیزامی هێزی ئاسمانی ڕووسیا هەڵسوکەوتی کرد، تەنانەت ڕێگە نادات کە سیستەمە بەرگرییە پێشکەوتووە دژە ئاسمانییەکەی لە سووریە، ڕێگری بکەن لە هێرشی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیم لەو وڵاتە. چاوخشاندنێک بەسەر کۆی گشتی ئەم هۆکارانەدا نیشان دەدات کە پاشەکشەی ڕێژیمی ئیسلامی لە سیاسەتی دەرەوەدا، زۆر درەنگ بووە و پێدەچێت بەبێ پاشەکشەی زۆر گەورەتر، هیچ ئاکامێکی لێنەکەوێتەوە. دیپلۆماسییەتی دەوڵەتی پزیشکیان بە سەردانە شەخسییەکانی خۆی و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی، هەوڵ دەدات وێنایەکی کەم مەترسیدارتر لە ڕێژیمی ئیسلامی بە ناوچەکە نیشان بدات و بێلایەنی ئەو وڵاتانە لە ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا مسۆگەر بکات. ئەم بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەرپرسە سەرەکییەکانی دەسەڵات لەبابەت پەرەسەندنی شەڕ و دەرئەنجامەکانی زۆر نیگەرانن. چاوخشاندنێک بەسەر واقیعییەتەکانی بارودۆخی ئابووری و ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکان و هاوسەنگی هێزی نیزامی ڕێژیمی ئیسلامی بەرامبەر بە ئیسرائیل، وڵاتێکی کە سەرەڕای هەموو جینایەتەکانی لە غەززە و لوبنان، لە پشتیوانی هەمەلایەنەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەهرەمەندە، ئەوە نیشان دەدات کە ڕێژیمی ئیسلامی توانایی چوونە ناو شەڕێکی ئەوتۆی نییە، بە تایبەت ئەوەی کە لە ناوخۆی وڵاتدا لەگەڵ بزووتنەوەیەکی ڕوو لە گەشەی جەماوەرییدا بەرەوڕووە.

٣سەرلێشێواویی ناو ڕیزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی: شکستە هەواڵگری و سەربازییە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە بەرامبەر ڕژیمی ئیسرائیل و تیرۆرکرانی دەیان فەرماندەی سپای قودس لە سوریا و لوبنان و تیرۆرکرانی سەرجەم فەرماندە و ڕێبەرانی حیزبوڵڵا، هەژموونی نیزامی و سیاسیی ڕێژیمی ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات و لە نێو تاقم و گرووپە لایەنگرەکانی لە ناوچەکەدا، بە تەواوی تێکشکاندووە. تیرۆرکردنی یەک بە یەکی فەرماندە جینایەتکارەکانی سپای قودس و تەنانەت گوێنەدان بە هۆشدارییەکانیش سەبارەت بە مەترسی تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵا، سەرلێشێواوی و غافلگیری نیزامیی لەناو بەرپرسە باڵاکانی حکومەتدا نیشان دەدات. سەرلێشێواویی، ترس و غافلگیر بوونی دام و دەزگا نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، لە لێدوانەکانی ئەم ڕۆژانەی ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی ڕێژیمدا بە ئاشکرا دەبینرێت. لە سەر بەستێنی ئەم ڕاستیانەدا، ڕیزەکانی ناوخۆی ڕێژیم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرلێشێواو و شپرزەتر دەردەکەون. زیاتر لە سێ مانگ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی مەسعوود پزیشکیاندا تێدەپەڕێت و ناڕەزایی لە نێوان ناوەندەکانی هەڵبژاردن و ڕەوتە لایەنگرەکانی دا ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێت. هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرە سەرەکییەکان و بەشێک لە پارێزگارەکان لە ناو باڵی پایەدارییەکان لەژێر ناوییەکێتی نەتەوەیییەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم ناڕەزاییانە. جێبەجێنەکردنی بەڵێنی لابردنی فلتەرکردن، چارەسەرنەکردنی پرسی گەشتەکانی نوور، یەکلایی بوونەوەی پڕۆژەیاسای حیجاب و چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسانی نزیک لە میدیای سەر بە ڕیفۆرمخوازەکان، لە سەر بەستێنی گرانی لەڕادەبەدەر و هەڵاوسانی سەرسوڕهێنەر و داڕمانی بەهای ڕیال، جگە لە بەردەوامبوونی سەردەمی ڕەئیسی، هیچی تر نییە. وا پێدەچێت کە کابینەکەی مەسعوود پزیشکیان، زیاتر لە لەوەی کە هاوشێوەی کابینەی سێیەمی خاتەمی یان ڕوحانی بێت، دەبێتە هاوشێوەی کابینەی دووەمی ڕەئیسی کە خزمەتکاری ڕێبەرە، بە گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتەکانی دەرەوەی خۆی، لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتی ئیسلامی، ستراتێژی سیاسی خۆی هەڵپەساردووە.

٤بەردەوامیی شەڕخوازی و جینایەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل: بە تێپەڕبوونی ئەرتەشی ئیسرائیل لە سنوورەکانی لوبنان و بۆردومانی وەحشیانەی شاری بەیروت، کارەساتی شەڕی غەززە لە لوبنانیشدا دووپات دەبێتەوە. تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس لە خەڵکی بێ دیفاعی لوبنان کوژراون و زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون. ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای کوژرانی یەحیا سینوار، بەرپرسی حەماس لە غەززە، دەوڵەتی ئیسرائیل هەروا بەردەوامە لە کوشتاری خەڵکی غەززە و کەمپەکانی پەنابەران و نەخۆشخانە و پەناگەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بۆردومانە وێرانکارەکانی ئیسرائیل پارێزراو نین. ئێستا ئیتر ئامانجی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، نەک شەڕ لەگەڵ حەماس، بەڵکوو کوشتاری زیاتری خەڵکی فەلەستینە. جینۆسایدی ئاشکرای دەوڵەتی ئیسرائیل لە بەر چاوی جیهان هەروا بەردەوامە و لەسەر شاشەی تەلەوزیۆنەکان پیشان دەدرێت. ئەوەی کە ئیسرائیل نایەوێت بڵێسەکانی شەڕ لە هیچ کام لە بەرەکانی شەڕدا بکوژێتەوە، دەریدەخات کە مەترسی پەرەسەندنی شەڕ ڕۆژ بە ڕۆژ جددیتر دەبێتەوە. پەرەسەندنی شەڕ لە غەززەوە بۆ لوبنان و ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئیسلامی، کەوتووەتە بەرنامەی کاری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە. ئەگەر ڕەوتی ڕووداوەکان بە پێی پلانەکانی نەتانیاهۆ و حیزبی دەستی ڕاستی لیکود و حیزبە بناژۆخوازە یەکگرتووەکانی یەهوودی بەرەوپێش بڕوات، دوای لوبنان، مەودای شەڕئەنگێزییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، سوریا و ئێرانیش دەگرێتەوە. بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵکی ئێران کە بەردەوام ڕوو لە گەشە و بەرەوپێشچوونە، پێویستە بە هەستیارییەوە لەگەڵ مەترسییەکانی کەشوهەوای شەڕی ئێستا و ئەگەری تەشەنەسەندنی ئەوە شەڕە، هەڵسوکەوت بکات. ڕێکخراوبوونی هەرچی زیاتری جەماوەر و بەتایبەت قوڵبوونەوەی ڕێکخستنی ڕیزی مووچەخۆران، لەم بارودۆخە بەردەوام ڕوو لە ئاڵوگۆڕەی ئێستادا و هەروەها ئەو مەترسییە جددیانەی کە دوور لە چاوەڕوانی نین، تەنیا ڕێگایە بۆ گەرەنتیکردنی کاریگەریی لەسەر هەلومەرجە نوێیەکان. ئێمە کردەوەی شەڕخوازانە و وەحشیانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە بە توندی ئیدانە دەکەین و بە هەموو شێوازێکی مومکین و کاریگەر پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە شەڕ و جینۆسایدی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکەین.

٥ژنکوژی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا: سەرەڕای سەرجەم گرفت و نەهامەتییەکانی ئێستای کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی، زوڵم و ستەمێکی کە بەسەر ژنانی ئەم وڵاتەدا سەپێنراوە، لە هەموو شتێک بە ئازارترە. ڕۆژنامەی عیعتیماد ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ ڕاپۆرتێکی ناخ هەژێنی سەبارەت بە کارەساتی ژنکوژی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا بڵاو کردەوە. ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم ٧٨ ژن و کچ لە سەرتاسەری ئێران لە لایەن پیاوانی نزیک لە خۆیانەوە کوژراون. ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات کە ئەم کوشتنانە لە زۆربەی شارەکانی ئێران ڕوویانداوە و تەنیا شار و پارێزگایەکی دیاریکراو لەخۆ ناگرێت. گومان لەوەدا نییە کە ئامارە ڕاستەقینەکان گەلێک لەوە زیاتر و هەژێنەرترن چونکە هەواڵی کوشتنی ژنان و کچان بە پاساوی شەرەف یان ناکۆکی بنەماڵەوە، زۆرکات لە میدیاکانەوە بڵاوناکرێتەوە. پێویستە ئەو ژن و کچانەش کە لەژێر گوشارەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاری و یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانەی ڕێژیمی ئیسلامیدا خۆیان دەکوژن، بەم ئامارەوە زیاد بکرێن. نوێترین حاڵەت بریتییە لە خۆکوشتنی دونیا فەرهادی، خوێندکارێکی تەمەن ١٧ ساڵە لە شاری نەوسوود. دونیا ئامادە نەبوو لەژێر گوشاری باوکیدا کە ئیسلامییەکی دەمارگرژە، بۆ چوون بۆ قوتابخانە حیجاب بپۆشێت. بوار پێدان بە کوشتنی ژنان لە لایەن کەسوکارەکانیانەوە و هەروەها خۆکوشتنی ژنان، بە کردەوە بەشێکە لە توندوتیژترین شێوەکانی سەرکوتی جینایەتکارانە کە لەلایەن ئایدۆلۆژیای دژە ژنی فاشیزمی ئایینی دەسەڵاتدارەوە، لە دژی ژنانی ئێران پاڵپشتی دەکرێت. هەڵسووڕاوان و بەشداربووانی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی، بە دروستی خوازیاری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامین وەک ڕێگە خۆشکردن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی کە تیایدا نەک هەر یەکسانی یاسایی، بەڵکوو یەکسانی ڕاستەقینەی نێوان ژنان و پیاوان و سەرجەم دانیشتوانی کۆمەڵگا، دەستەبەر بکرێت. لە ڕوانگەی ئێمەوە تەنیا دەسەڵاتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەسەر کۆمەڵگادا و تێپەڕبوون لە پەیوەندییە ئابورییکۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەدارییە کە دەتوانێت ئامرازە پێویستەکانی گەیشتن بەم یەکسانییە یاسایی و ڕاستەقینەیە دابین بکات.

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران ( ڕاهی کارگەر)

پێنجشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣/ ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤