کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) وحیزبی کۆمۆنیستی ئێران

Untitled 52

لە سەروبەندی دووهەمین ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، سەرەڕۆیی هەوسارپچڕاوانەی ڕژێمی ئیسلامی، ڕابگرین چەند ڕۆژێکی تر، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادی، دووهەمین ساڵیادی خۆی، بەرز ڕادەگرێ و شۆڕشی هەنگاو بە هەنگاو و شێلگیرانەی جەماوەری خەڵکی ئێران، پێدەنێتە سێهەمین ساڵی خۆیەوە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە بە قەتڵی حکوومەتی ژینا، مەهسا ئەمینی لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١دا بڵێسەی سەند، سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی و توندوتیژی لەڕادەبەدەر، هەروا درێژە بە ڕێگای خۆی دەدات، چونکە سەرجەم هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم ڕاپەڕینە، هەر ئێستاش بوونیان هەیە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە دەیەوێت کۆتایی بە سەرجەم شێوازەکانی ستەم و سەرەڕۆیی دەسەڵات بهێنێ و ئازادییەکی گشتگیر و بەرفراوان جێگیر بکات و یەکسانی و دادپەروەری بنیات بنێت. لەپێناو ئەم ئامانجانەدایە کە خەڵکی ئێران بە وانەوەرگرتن لە ئەزموونی تاڵی چل و چەند ساڵی ڕابردووی خۆیان، پشتیان لە دەسەڵاتی ئیسلامی کردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەت، ٩٢ لەسەدی خەڵک لەو بارودۆخەی ئێستا ناڕازین و هەوڵی گۆڕینی حکوومەت دەدەن. دەسەڵاتی ئیسلامی لە سەرزەمینی دەوڵەمەندی ئێران، کە لەسەر دەریای نەوت و گاز و سەرچاوەیەکی زۆر و زەوەندی ژێرزەوی هەڵکەوتووە و گرنگترین وڵاتە لە هەستیارترین ناوچەی جیهاندا و هەروەها خاوەنی دانیشتوانێکی گەنج و خوێندەوارە، کارەساتێکی خوڵقاندووە کە دراوی ئەو وڵاتە، بووەتە بێ بەهاترین دراو لە جیهاندا. لە وەرزی هاویندا، خەڵک لەگەڵ کەمبوون و پچڕانی بەردەوامی ئاو و کارەبا بەرەوڕوون. خاوەنی دووەمین سەرچاوەی گازی جیهان، پێویستی بە هاوردەکردنی گاز لە دەروەی وڵات هەیە. کارگەکانی لەکارکەوتوون و کەرەستەی خاویان نییە. “ئابووریی خۆڕاگریی ڕێبەر، بەهۆی بە فیڕۆدانی لەڕادەبەدەری پاشکەوتەکانی ئاو و تێکدانی ژینگەی وڵات، ئیمکانی ژیانی نەوەکانی داهاتووی ئێمەی خستۆتە مەترسییەوە.

دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی دز و گەندەڵ، لەکاتێکدا کە بە لێشاوقەرزدەدەن بە کەسانی نزیک لە خۆیان و  لەوانە ئەندام پەرلەمانەکانیان و لە ڕێگایچای دێبشەوە حەیف و مەیلی دەکەن، توانایی پێدانی حەقدەستی کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران و خانەنشینانی نییە و بەمجۆرە ئەو توێژە زەحمەتکێشەی تووشی ژیانێکی سەخت و تاقەت پروکێن کردووە. جەماوەری خەڵکی ئێران لە دژی ئەم چل و چەند ساڵ ناکارامەیی و بەڕێوەبردنە وێرانکارە، ڕاپەڕیون. ئاخێزە شۆڕشگێڕانەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و خەرمانان و  ڕەزبەری ١٤٠١، لە زومرەی ناڕەزایەتییە بەربڵاوە جەماوەرییەکانن بەرامبەر بەم دۆخە دژوار و لە ڕادەبەدەر مەترسیدارە. خەڵک لەپێناو ئازادییەکانی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا و لەپێناو ژیانێکی شیاوی ئینسان و کۆمەڵگایەکی یەکسان بۆ هەمووان، ڕاپەڕیون و  بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن. حکوومەتی ئیسلامی کە توانایی وەڵامدانەوە بە کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا و خەڵکی نییە، سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیکی، وەک تاکە ڕێگای دەربازبوون، گرتووەتەبەر. مشتی ئاسنینی دەسەڵات، بە وەڕێخستنی شەپۆلی لەسێدارەدانی بەربڵاو، دەیەوێت پاشەکەشە بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر بکات. جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی زیندانیانی زیانە کۆمەڵایەتییەکان، لەسێدارەدانی ٦ بەندکراوی بەلووچ لە زیندانی زاهیدان و حوکمی لەسێدارەدان بۆ هەڵسووڕاوانی بەندکراوی وەک شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی، تۆمەتیبەشداریکردن لە کوشتن،کۆبوونەوە و هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەییومحاربهبۆ هەشت کەس لە لاوانی دۆسیەی ناسراو بەمنداڵانی ئەکباتانلە زومرەی دەرئەنجامەکانی ئەم سیاسەتەن. جگە لە ئێعدامی جینایەکارانە، بانگهێشتکردن و جێبەجێکردنی سزای زیندان و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵیش بە ئامانجی پێشگرتن لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان، بەڕێوە دەچێت. پەروەندەسازیی، هەڵپەساردن، دەرکردن و زیندانیکردنی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان و پەرستاران، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەدەسێنێت. بێبەشکردن لە وەرزەکانی خوێندن و گواستنەوە و دەرکردنی خوێندکاران، هەروا بەردەوامە.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تەنیا لە کوردستان زیاتر لە ٥٠ چالاکی مەدەنی دەستبەسەر کراون. تۆڵەکردنەوە لە کوردستان و بەلوچستان بە بیانووی پشتیوانی بێ درێغیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، سیاسەتێکی ناسراو و ئاشکرایە. چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر حزب و لایەنە کوردییەکانی جێگیر لە هەرێمی کوردستانیش هەر بەم ئامانجە و به مەبەستی پێشگرتن لە ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان بەرێوە چووە. هەروەها گوشار لەسەر هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی ژنانیش، تادێت توندتر دەبێتەوە. بنەماڵەی دادخوازانیش بەشێکی ترن لەو لایەنانەی کە بەردەوام لەژێر توندوتیژیی و ستەمکاریی فاشیستی دان. ئەم بنەماڵانەی کە ئازیزانیان لەدەستداوە، بەردەوام لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتی حکوومەتەوە ئەزیەت و ئازار دەدرێن.

بەڵام مشتی ئاسنینی فاشیزمی ئایینی دەسەڵاتدار لە ئێران، نەیتوانیوە خەڵک چاوترسێن بکات. ژنانی بوێری ئێران سیمای شارەکانیان گۆڕیوە. بزووتنەوە داواکاریی تەوەرەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنن. کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان و جووتیاران، بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیاندا، ویست و داواکارییەکانی خۆیان دەخەنە ڕوو، بەجۆرێک کە تەنیا لە مانگی گەلاوێژدا ١٣٧ ئاکسیۆنی ناڕەزایەتیی کرێکاریی تۆمارکراو، بەڕێوە چووە. زیندانیانی سیاسی بە خۆڕاگریی قارەمانانەی خۆیان، تۆوی هیوایان لە دڵی خەڵکی ئێراندا چاندووە. خوێندکارانی وشیار، سەری تەسلیم دانانەوێنن. هەوڵی حکوومەت بۆ بێسەرکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە تەواوی لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕوو بووەتەوە. نەوەی گەنج و لێهاتوویی وڵات، کە بە تەکنەلۆژیای مۆدێڕنی سەردەم تەیار بووە، ڕێگەی نوێی خۆڕێکخستن و سازماندانیان دۆزیوەتەوە. یەکگرتوویی و لێکنزیکبوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەربڵاوتر دەبێت.

ئێمە خۆمان بە بەشێک لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەی ئێران دەزانین کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەریکە زیاتر پەرە دەستێنێ و بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە لە چوار گۆشەی جیهان دەنگ و زمانحاڵی ئەوان بین. لە ناڕەزایەتیی بەرامبەر بەم هەلومەرجە و هەروەها بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، هاوشانی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکانی چالاک لەم ناوچەیە، پشتیوانی خۆمان لە مانگرتنی گشتی سیاسیی، کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان لە کوردستان بەڕێوە بچێت، ڕادەگەیەنین. ئێمە هەروەها بە شێوەیەکی چالاکانە پشتیوانی لە بانگەوازی ٢٧ ڕێکخراو و دامەزراوە و لایەنە چەپ و دێموکراتیک و فێمینیستەکان دەکەین کە بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی نێوخۆی وڵات لە ڕۆژی شەممە ١٤ی سێپتامبری ٢٠٢٤ بەرامبەر بە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٣ بڵاو کراوەتەوە. ئێمە، سیاسەتی سەرکوتی فاشیستیی ڕێژیمی ئیسلامی و بە تایبەتی لەسێدارەدانە جینایەتکارانەکانی ئەم ڕێژیمە، بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە لە دووهەمین ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، بە هەر شێوازێکی مومکین و کاریگەر، لەدژی ئەو جینایەتانە، ناڕەزایەتی دەرببڕن و ڕای گشتی خەڵکی جیهان لە کردەوە دژە ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئاگادار بکەنەوە.

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

پێنج شەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٣/ ١٢ی سێپتامبری ٢٠٢٤