به‌یانی پێنجشه‌ممه ١٦ی خاكه‌لێوه، چه‌كدارانی گرووپی جهیشوولعهدل كه له شه‌وی چوارشه‌ممه و له سێ قۆڵه‌وه هێرشیان كردبووه سه‌ر سێ بنكه‌ی نیزامی له شاره‌كانی چابه‌هار، ڕاسك و سه‌رباز، درێژه‌یان به شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی دا و چه‌ندین كه‌س له هه‌ر دوولا كوژران و بریندار بوون.
به‌پێی ڕاپۆرتی میدیاكانی كۆماری ئیسلامی، له شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی شه‌و وڕۆژی ڕابردوودا، ١٣ هێزی ڕژیم كوژراون و چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون، له به‌رانبه‌ردا ١٨ چه‌كداری جه‌یشولعه‌دل كوژراون و ته‌رمه‌كانیان كه‌وتوه‌ته ده‌ست ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانی كۆماری ئیسلامی. له به‌رانبه‌ردا گرووپی جه‌یشولعه‌دل ڕایگه‌یاندووه كه زیاتر له ٢٠٠ هێزی ڕژیمیان كوشتووه و دوو كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی سپای پاسدارانیان ته‌قاندۆته‌وه. به‌پێی دوایین زانیاری، له هه‌ندێك ناوچه‌ی چابه‌هار هێشتا ده‌نگی ته‌قه دهبێسترێت و به پێچه‌وانه‌ی ئیدعاكانی ڕژیم، شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان تا كاتی شه‌و درێژه‌ی هه‌بووه.