رۆژی یەکشەممە چواری گەلاوێژ، حەسەن رۆحانی لەگەڵ چەند کەس لە وەزیرانی کابینەکەی و راوێژکارانی، لە سەفەرێکی یەک رۆژەدا چوو بۆ شاری سنە. ئەم سەفەرە ئەساسەن شانۆیی و تەبلیغاتی بوو. ئامانجێكی تری رۆحانی لە سەفەر تەئکیدێکی دووبارە بوو لەسەر ستراتیژی رژیم لە ناوچەکە لە بارودۆخی دوای چارەسەری کێشەی هەستەیی. ئەم سەفەرە پێوەندیەکی راستەوخۆی لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەردەوامی ئەمنیەتی رژیم لە کوردستان، هەڵبژاردنی مەجلیس لە مانگی رەشەمەی ئەمساڵدا و پاساوی چۆکدادان لە بەرانبەر رۆژئاوای لە وتووێژەکاندا هەبوو. دەزگا ئیداری و ئەمنیەتی و مەزهەبیەکانی رژیم لە کوردستان لە ماوەیەک لەوەپێشەوە بە بەکارهێنانی ئیمکاناتێکی پڕهەزینە لە هەوڵدا بوون کە ژمارەیەک لە خەڵکی کوردستان هانبدەن بچن بۆ مەڕاسمی “پێشوازی” لە رۆحانی. بەڵام، ئەم لایەنە لە مەڕاسمەکە بەرەوڕووی بایکوت و بێتەفاوەتی خەڵک بۆوه. ئەم راستیە جارێکی تر نیشانیدا کە، نە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانیەکی تایبەتیان لە ئاکامی ئەم سەفەرە هەیە و نە وەعدەی کاربەدەستانی ناوچەیی و سەرتاسەری بە بۆنەی ئەم سەفەرەوە کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کوردستان، بە تایبەت لاوانی ناوچە کوردنشینەکان دەبێت. لە کۆتایی ئەم سەفەرەدا درگاکە هەر لەسەر هەمان پاشنەی پێشوو دەسوڕێ.لە سەروبهندی ئەم سەفەرەدا ههندێک لە کاربەدەستانی ناوچەیی و سەرتاسەری و ئیمام جومعەکان لە هێندێک پێش پەردەی چاپلوسانەدا هەوڵیاندا ئامانجێکی ئابووری ــــ عومڕانی بۆ ئەم شانۆگەریە ریاکارانەیە دابنێن. وەعدەکانی حەسەن رۆحانی لە جەریانی ئەم سەفەرەدا بێ ناوەرۆک تر لەوە دەبێ کە بکرێ لێی وەک گەڵاڵە و پرۆژەی تەوسعەی کوردستان چاوەڕوان بکرێ و ناو ببرێت. حەسەن رۆحانی وەعدەی داوە کە، بڕی ٨٨٠ ملیارد تمەن بۆ تەواو کردن و ئیجرای ٣١ پڕۆژە لەساڵی ٩٤ و ٩٥ تەرخان بکرێت. ئەگەر ئەم وەعدەیە لە جۆری وەعدەکانی دوو ساڵ لەوەپێشی رۆحانی نەبێت، بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان دەکرێت کە لە دەورەی خاتەمی و ئەحمەدی نژاد و تەنانەت دەورەی رەفسەنجانیەوە بە تەواو نەکراوی ماونەتەوە. هیچ تەرح و پرۆژەیەکی نوێ لەکاردا نییە و وەعدەیەکیش لەمبارەیەوە نەدراوە. “مەجید ئەنساری” جێگری پاڕلمانی سەرۆک کۆمار کە چوبوو بۆ مەریوان لە پێوەند لەگەڵ گەڵاڵە نوێیەکاندا وتی: “خیاڵمان نییە قوڵینگێک لە زەوی دەین و میراتێک بۆ دەوڵەتانی دوایی بمێنێتەوە. چون تامەکەیمان لە دەوڵەتەکانی پێشودا چێشتوە.”رۆحانی لە وڵام بە چارەسەری گرفتی بێکاری لاوان لە کوردستان کە لە سەفەری کاتی هەڵبژاردنیدا وەعدەکەی دابوو وتی: “کێشە و گرفتی ئۆستانەکانی وڵات تەقریبەن هاوشێوەن. لەمرۆدا زیاتر لە ٤ ملیۆن لاو و خوێندکاری دانیشگا بەشوێن کارەوە لە وڵاتدا هەن کە دەبێ فەزای کار و ئیشتیغاڵیان بۆ فەراهەم بکرێت. “ئەمە وڵامێکی ئاشکرا بوو بۆ لاوانی خوازیاری کار، واتە ئەوە تەنیا ئێوە نین کە بێکارن، بەم پێیە پێویستە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا رابێن و بەوە دڵخۆش بن کە گرفتەکەتان سەرتاسەرییە.یەکێک لەو ٣١ی پرۆژەی شاملی ئەم ٨٨٠ ملیارد تمەنە دەبن ئیفتیتاحی تەرحی گواستنەوەی ئاوی “سەدی قشلاق” و دابین کردنی ئاوی خواردنەوەی شاری سنەیە. کەم بوونەوەی قەیرانی ئاو، ئەگەر ئیجرا بکرێت، ناکرێت وەک تەرحی تەوسعە و گەشە پێدان بە خەڵکی کوردستان بفرۆشرێتەوە. ئەمە گەڵاڵەی گەشە پێدان نییە. تەرحی کەم کردنەوەی قەیرانی بێ ئاوییە لە شاری سنە کە بەرهەمی سیاسەتە دژی ژینگەییەکانی ئەم رژیمەیە. بەوتەی ئۆستانداری ئوستانی کوردستان “سنە لەزومرەی سێ شاری قەیراناوی وڵاتە لە باری ئاوی خواردنەوەوە. “بازاڕ گەرمی کردن بۆ تەرحێکی لەم چەشنە وەک تەجویز کردنی دەوایەکی ئارام بەخشە بۆ نەخۆشێکی ئۆرژانسی و تەنیا فریوکاریە و بەس.بەڵام رۆحانی پێی لە فریوکاری لە بواری تەرحە ئابووری و عومرانیەکاندا درێژتر کرد و لە بەشێک لە سوخەنڕانیەکەیدا باسی ئەمنیەتی کوردستانی عێڕاقیشی کرد. لەم پێوەندەدا رۆحانی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: “ئەگەر دەوڵەتی ئێڕان و نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبونایە ئەمرۆ هەولێر و بەغدا کەوتبوونە دەست تیرۆریستەکان، بەڵام وەک چۆن دیفاع لە سنە دەکەین بەو شێوەیەش دهۆک و هەولێر و سلێمانیش دەپارێزین.”پێویستە بوترێت کە، ئەمە خاڵی بەهێزی “هەرێمی کوردستان” نییە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی یەک لەدوای یەک خۆیان بە داکۆکیکاری لە قەڵەم ئەدەن. هێزە خۆبەخشەکانی خەڵکی و پێشمەرگە لە کوردستانی عێڕاق بە درێژایی ١٠٥٠ کیلۆمیتر بەرەنگاری داعش بوونەتەوە و لەگەڵی لەشەڕدان و رۆژانە قوربانی ئەدەن، لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامی خۆی یەکێک لە سەرەکی ترین هەڕەشەکانە بۆسەر خەڵکی کوردستانی عێڕاق. گومانی تێدا نییە ئەگەر لەمرۆدا داعش لە بەرەی پێشەوەی دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا دایە، سبەینێ “حەشدی شەعبی” دەست پەروەردەی رژیمی ئێران جێگای ئەم هەڕەشە و دوژمنایەتیە دەگرێتەوە.ڕاستیەکەی ئەوەیە کە، روانگەی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی کوردستان روانینێکی دوژمنانە و سەرانی ئەم رژیمە لە سیاسەتە کەڵانە ئەمنیەتیەکانیاندا کوردستان بە هەڕەشەیەکی جیدی و بەردەوام بۆسەر نیزامی ئیسلامی حاکم لە ئێراندا دەزانن. لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەزگا ئەمنیەتیەکان و سپای پاسداران لە هەموو حەوزەکاندا قسەی کۆتایی دەکەن. باقی باڵ و گروپ بەندیەکانی نێوخۆی حاکمیەت تەنانەت سەرۆک کۆمار خۆی لەگەڵ ئاڕاستەکانی سپادا دەگونجێنێ. ئامانجێکی کە سەرجەم باڵەکانی رژیم لە سیاسەت و ستراتژی کەڵانی خۆیاندا بەشوێنیەوەن، لە ماوەی ٣٦ ساڵی رابردودا لەسەر سێ میحوەری سەرکوت، کرداری ریاکارانە و نمایشی و بەکرێگیراو پەروەری وهستاوە.٣٦ ساڵە کە، خەڵکی کوردستان قوربانی دوژمنایەتی ئەم رژیمەن لەگەڵ خۆیان و داهاتوی منداڵەکانیانن. موشکلاتی خەڵکی کوردستان بە حزوری سەرۆکی دەوڵەت وەها نیزامێک نە کەم دەبێتەوە و نە خەڵکی کوردستانیش وەها چاوەڕوانیەکیان هەیە. ئەگەر بەکرێگیراوانی ناوچەیی رژیم تۆزقاڵیک ویژدانیان هەبوایە، بەجێگای هەوڵدان بۆ بردنی خەڵک بۆ وەرزشگای ئیستقلال، رۆحانیان دەبردە گۆڕستانی تایلە و پارکی خیابانی فەڕەح ی پێشوو، گردی پشت مەیدانی نەبوەت و پارکی نەبوەت و هێندێک لە شوێنە چەپەک و نادیارەکانی شاری سنە تا جەنابی رۆحانی ئاسەوارەکانی سیاسەتی کارەساتباری موعتاد کردنی لاوانی کوردستان کە لە لەیەن ناوەندە ئەمنیەتیەکان و سپاوە و لە سەرشیانەوە شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی ژێر مودیریەتیدا گەڵاڵە ڕێژی کراون و لە لایەن سەوداگەرانی مەرگی سەربە سپاوە رۆژانە دەچنە بواری کرداریەوە لە سیمای لاوانی کچ و کوڕی گیرۆدە بووی شاردا ببینێ. رۆحانیان ببردایە بۆ نایسەر، عەباس ئاباد، کوێرئاوا، تەقتەقان و باقی گەڕەکەکانی دەور و بەری شار تا بێبەشی وێناکراو بە رواڵەتی منداڵانی کوردستانەوە ببینێ و ئاگری قین و توڕەیی تۆڵەی ئەوان لەدژی سەرتاپای نیزامەکەی بە سیما و چاویانەوە بخوێنێتەوە.خەڵکی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی و کاسە لێسان و بەکرێگیراوە ناوچەییەکانی زۆر بێزارن. بەم سەفەرە تەشریفاتیانە ئاگری توڕەیی و قینی پۆنگ خواردویان لەدژی ئەم ڕژیمە دانامرکێ. پەردە پۆش کردنی ئەم ڕاستیانە لە لایەن بەکرێگیراوان، نۆکەر سفەتان و چاپلوسانی وەک ئەحسەن عەلەوی، حامد قادر مەرزی، موحسین بێگلەری، سالار مورادی و ئومید کەرمیان، بەناو نێوێنەری خەڵکی کوردستانەوە لە مەجلیسی ڕژیم و ئاخوند سەفەر عەلی ئەحیا، مەلا ئەمین ڕاستی، مەلا عەبدولڕەحمان حسێن زادە ئیمام جومعە و جەماعەتی بەکرێگیراوی ناوەندی بوزورگی ئیسلامی رۆژئاوای وڵات و کەسانی تری وەک ئەوانەوە هیچ ئاکامێکی نابێت. چارەی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی کوردستان لە گرەوی خەباتی راستەوخۆی خۆیان و یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە باقی شوێنەکانی ئێران دایە لەدژی رژیمی ئیسلامی حاکم.