شه‌و و ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٦ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٢، شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان چه‌كدارانی حه‌ماس و ئه‌رته‌شی ئیسڕائیل درێژه‌ی هه‌بوو و فڕۆكه و تۆپخانه‌كانی ئیسڕائیل به چڕی غه‌زه‌یان بۆردوورمان كرد و حه‌ماسیش له به‌رانبه‌ردا شاره‌كانی ئیسڕائیلی مووشكباران كرد.
به‌وته‌ی به‌رپرسانی ڕێكخراوی فریاكه‌وتنی خێرای غه‌زه، ڕێژه‌ی قوربانیان بۆ ٤١٣ كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه كه ٧٨یان منداڵ و ٤١ كه‌سیان ژن بوون. هه‌روه‌ها ٢٣٠٠ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون و له‌گه‌ڵ كه‌می ده‌رمان و خوێن به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه. له به‌رانبه‌ردا به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل ڕایانگه‌یاند: ڕێژه‌ی كوژراوان بۆ ٧٠٠ كه‌س هه‌ڵكشاوه و زۆربه‌یان كه‌سی مه‌ده‌نین كه له كۆنسێرتێكی مووزیك به‌شداریان كردبوو به‌ڵام كۆمه‌ڵكوژ كراون و له نێو كوژراوان دا ته‌رمی چه‌ندین منداڵ هه‌یه. به‌پێی دوایین زانیاریی، ١٣٠ كه‌سی مه‌ده‌نی و نیزامی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌ماسه‌وه به بارمته گیراون و به‌رپرسانی ئیسڕائیلیش ڕایانگه‌یاندووه كه هه‌زار چه‌كداری حه‌ماس له‌و هێرشه‌دا به‌شداریان كردووه و سه‌دان كه‌سیان كوژراون. هه‌روه‌ها هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی حیزبۆڵڵای لوبنان، ئه‌رته‌شی ئه‌مریكا ناوگانی جه‌نگی و فڕۆكه‌ی پێشكه‌وتووی ڕه‌وانه‌ی ده‌ریای مه‌دیته‌رانه كرد و هۆشداری توندی به حیزبۆڵڵا و كۆماری ئیسلامی دا.
