ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢، هێزەکانی سەرسنوور لە نەوسوود تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئاسۆ کەریمی گوللەیەک بەر سەری دەکوێ و دوای نزیکەی ١٩ کاتژمێر تەرمەکەی دەدۆزێتەوە و هەروەها هەشت کۆڵبەری تریش بەسەختی بریندار بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆڵبەرنیوز، ناسنامەی حەوت کەسی تر لە بریندارەکان پشتڕاست کراوەتەوە کە بریتین لە: ئیحسان ڕەسووڵی، سەلام وەیسی، میلاد بازانی، ئومێد وەیسی، نیما ئەعزەمی، هۆشیار بازانی و فەرشاد. کۆڵبەرە بریندارەکان بەمەبەستی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە و باری تەندروستی چەند کەسێکیان خراپ ڕاگەیەندراوە.
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا دەیان کۆڵبەر لە ورمێ تا ئۆرامانات لەپێناو بەدەستهێنانی پارووە نانێک بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان بە تەقەی بە ئەنقەست و ڕاستەوخۆی مرۆڤکوژانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراو و بریندار بوون. بەداخەوە ئاماری ئەم جەنایەتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. بە شێوەیەکی مامناوەند ساڵانە سەد کەس لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکان گیانیان لەدەستداوە و چەند هێندەی ئەم ژمارەیەش بریندار و کەمئەندام بوون.
ڕەهەندەکانی هەژاری و بێبەشی و بێکاری لە کوردستان ئەوەندە بەربڵاون کە تەنانەت ئەو مەترسییە ئاشکرایانەش کە هەموو ساتێک هەڕەشەن بۆسەر گیان و ماڵی ئەو زەحمەتکێشانە، ڕێگر نین بۆ پەنابردنەبەر کۆڵبەری. کۆڵبەری کار و پیشە نییە، بەڵکوو بەربەرییەت و کۆیلایەتییە کە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی ئێران و بازرگانە چاوچنۆکەکانی ئازار و مەرگ و کارەساتەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، کۆڵبەری دەرئەنجامی هەڵاواردنی سیستماتیکی حکوومەتی ئیسلامییە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان. کۆڵبەری ململانێیە لە نێوان کرێکارانی کۆڵبەر و دەسەڵاتداران و سروشتدا بۆ مانەوە. ململانێیەک کە کۆڵبەران ناچار دەکات بۆ دابینکردنی ژیان و بەدەستهێنانی پارووە نانێک لەگەڵ مەترسییەکانی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەکان، لەگەڵ بەفر و زریان و گەرما و هەڵگرتنی باری قورس دەست و پەنجە نەرم بکەن.
بۆچی دەبێت خەڵک ناچار بکرێن کارە سەخت و نائەمنەکانی وەک کۆڵبەری قبوڵ بکەن؟ بۆچی لە کوردستان کار و پیشەی گونجاو و پێویست نییە بۆ ئەوەی کرێکاران ناچار نەبن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی مەمرە و مەژی بۆخۆیان و بنەماڵەکانیان لەژێر ڕەهێڵەی گوللە و تێپەڕبوون بە ڕێگای ئاستەنگ و بەسەر کێڵگەکانی مین و بە گەرما و سەرمای تاقەت پرووکێن، کەلوپەلەکان بەکۆڵ بۆ ئەم دیو و ئەودیوی سنوورەکان بگوازنەوە،؟
بە بەشێکی کەم لە بودجە و تێچووی سەرکوت و تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران، دەکرێت هەلی کارێکی پارێزراو و گونجاو بۆ کۆڵبەران دابین بکرێت و کارەساتی سەدەی بیست و یەک لە کوردستان کە بریتی بێت لە کۆڵبەری، بۆ هەمیشە کۆتایی پێبهێنرێت. دابینکردنی کار یان بیمەی بێکاری پێویستییەکی هەنووکەیی خەڵکی زەحمەتکێشە لە هەموو ئێران و بە کوردستانیشەوە. بەڵام تا ئەو کاتەی کە خەڵکی بێکار ناچاربن مل بەوجۆرە کارە مەترسیدارانە بدەن، پێویستە ڕێژیم ناچار بکرێت دەست لە ڕێگری و کوشتنیان هەڵبگرێت.
کۆمەڵە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی کۆڵبەری گیانبەختکردوو “ئاسۆ کەریمی” و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو جەنایەتە ئاشکرایە، کردەوەی جەنایەتکارانەی کوشتاری کۆڵبەران لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە بە تووندی ئیدانە دەکات و لە هەمانکاتدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دانیشتوانی شارە سنوورییەکانی کوردستان، دەنگی ناڕەزایەتی و بێزاری خۆیان بەرامبەر بە تاوانەکانی ڕێژیم بەرز بکەنەوە و ڕێگە نەدەن ڕێژیمی ئیسلامی چیتر ئەو زەحمەتکێشانەی کە بەناچاری و بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان پەنا دەبەنەبەر ئەم کارە مەترسیدارە، بەمشێوە دڕندانەیە بکاتە قوربانی.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢