تەئیدی حوکمی ئێعدامی زیندانی سیاسی عەباس دریس و تەنیا شاهیدی جەنایەتی ڕژیم لە قامیشەڵانەکانی ماهشەهر لە لایەن دیوانی باڵاوە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە نێوخۆ و دەرەوەی پەرە پێداوە. بەشوێن تەئیدی ئەو حوکمەدا، ئێرانیانی دانیشتوی شارەکانی کاسڵی ئاڵمان، ویەنی ئوتریش، کۆپنهاگ و ئیستکهۆڵمی سوئێد ڕۆژی شەممە ٢٤ ی مانگی پوشپەڕ دەستیان دایە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو بوون. لوکاس هامر، نوێنەری پاڕلمانی ئوتریش و کەفیلی سیاسی عەباس وێنەیەکی ئەوی بە درگای چوونە ژوورەوەی سفاڕەتی کۆماری ئیسلامیدا لە ویەن هەڵواسی. هامر بە دروشمی” نە فەرامۆش دەکەین و نە دەبەخشین“، خوازیاری ئازادی دەستبەجێی دریس و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی نا مرۆڤانەی ئێعدامەکەی بوو.
شۆڕای سازماندەهی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی نەوت رۆژی ٢٤ ی مانگی پوشپەڕ لە ڕاگەیاندراوێکدا سەبارەت بە ئێعدام کردنی ئەم کرێکارە زیندانیە هۆشداری دا. لە بەشێک لە بەیانیەکەدا، کە تێیدا سەبارەت بە پەروەندە سازی درۆینە ئیفشاگەری کراوە، هاتووە:” عەباس دریس لە زومڕەی خەڵکێکی ناڕازی بوو کە لەگەڵ هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەت لەنێو قامیشەڵانەکانی ماهشەهردا خۆی حەشاردابوو کە لەوێ شاهیدی بەرگوللەدانی خەڵک لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەتەوە بوو.”
لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەدا هاتوە:” حوکمی ئێعدامی عەباس دریس دەبێ هەڵبوەشێتەوە و خێرا و بەبێ شەرت و مەرج ئازاد بکرێت. ئەرکی ئێمە کرێکاران و خەڵکە کە بچین بە هانای ڕزگار کردنی گیانی عەباس دریس و هەموو ئەو ئینسانانە ناڕازیانەوە کە لە زیندان دان. ئێعدام قەتڵێکی حکومەتییە و دەبێ قدەغە بکرێت. دەبێ کۆتایی بە زیندان و ئەشکەنجە و ئیعتیڕافگیری ئیجباری و پەروەندە سازی ئەمنیەتی بهێندرێت. ئێمە هەموومان عەباس دریسین“.
عەباس دریس، لەدایک بووی ساڵی ١٣٥٢ وە و کرێکاری ئیدارەی بەرق بووە لە شارەکی مەمکو کە دوای ٢٠ ساڵ کار، بە ناچاری و بۆ دابین کردنی بژیوی بنەماڵەکەی دەستفرۆشی دەکرد. ئەو لە دایک بووی مانگی خەزەڵوەرە کە لە ساڵەکانی شەڕی ئێران و عێڕاقدا لەگەڵ بنەماڵەکەی لەم شارەوە بەرەو شارەکی” جەراحی” بەندەر عەباس کۆچیان کرد. بەندەری ماهشەهر ناوچەیەی تایبەتی ئابوورییە کە هیچ یاسایەک شاملی حاڵی کرێکارانی نابێت و دوای عەسەلویە گرنگترین پێگەی پیتڕوشیمی و شوێنی چەوساندنەوەی زۆری کرێکارانە لە ئێران.
سەرکوتگەرانی ڕژیم لە ئاخێزی ساڵی ٩٨ و لە ڕۆژەکانی ٢٥ تا ٢٩ ی مانگی خەزەڵوەر لە نەیزارەکانی ماهشەهردا بە بەرچاوی عەباس دریسەوە کوشتارێکی وەحشیانەیان دژبە خەڵکی زۆرینە کرێکار و عەڕەب زمان بەڕێوەبرد کەبۆ پاراستنی گیانیان پەنایان بردبووە بەر قامیشەڵانە چڕەکان. بە پێچەوانەی تەبلیغاتی درۆینەی کەسانی سەربە ڕژیم ئەو خەڵکە ناڕازییە چەکدار نەبوون. سەرکوتگەران عەباسیان لەگەڵ براکەی بەناوی موحسین، کە بەناچاری لەنێو قامیشەکاندا خۆیان حەشاردابوو، دەستبەسەر کرد. شاهیدێکی عەینی دەڵێت:
” ڕۆژی کوشتاری نێو نەیزارەکە، من خۆشم لەوێ بووم و شاهیدم کە چی بەسەر ئەو خۆپیشاندەرانەدا هات کە بە شێوەی ئاشتیانە خەریکی خۆ پیشاندان بوون. بە دۆشکا کەوتنە گیانی خەڵک. لە دوو لای قامیشەڵانەکەوە خەڵکی دانەبر ڕەگبار. لانیکەم ١٠٠ کەس گیانیان لە دەستدا. ئێمە کە بەرەو ماڵەکان ڕامانکرد زۆر بە دژواری ڕزگارمان بوو.”
کۆماری ئیسلامی لە حەفتەکانی دوای کوشتاری نەیزارەکانی ماهشەهر، ئەو شوێنەی ئاگردا تا شوێنەوارێک لە جەنایەتەکەی نەمێنێ. جەنایەتێک کە ئەو کات گیانی دەیان لاوی زیاتر عەڕەبی تێدا ئەستێندرا.
بە قەولی ئەو شاهیدە عەینییە لە دوژمن تەنیا کەسێک کوژرا کە خۆیان لێیاندا. دەزگای گەندەڵی قەزایی لەبەر لەبەین بردنی عەباس ئەم شاهیدەی جەنایەتی سەرکوتگەران پەروەندەیەکی درۆینەیان بۆ دروست کردوە. جەنایەتکاران ئەویان بە کوشتنی یەکێک لە هێزەکانی یەگانی تایبەتی هێزی ئینتیزامی تاوانبار و بە ئێعدام مەحکوم کرد. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە قەولیفریشتە تابانیان، وەکیلی عەباس، بنەماڵەی کەسی کوژراو لە عەباس شاکی نین. ڕەنگە ئەوان بە هۆکاری بەدرۆ زانینی تاوانەکان لە لایەن بەرپرسانی قوەی قەزایی ڕژیمەوە وەها هەڵوێستێکیان گرتوە. هاوسەری عەباس مانگی ڕەزبەری ساڵی پێشو کاتێک هەواڵی دەرچوونی حوکمی ئێعدامی ئەوی بیست، سەکتەی مەغزی کرد و لە مەودای یەک حەفتەدا گیانی لەدەستدا.
عەلی، یەکێک لە ٣ کوڕەکەی عەباس کە ١٦ ساڵ تەمەنیەتی و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی خەریکی کرێکارییە لە نامەیەکدا ڕوو بە هەموان نووسی:
” خەڵکی دڵسۆزی دنیا! من عەلی دریس گەورە ترین منداڵی عەباس و کفایەم. بە داخەوە دایکم بە بیستنی هەواڵی ئەگەری مەحکوم کرانی باوکم بە ئێعدان، سەکتەی کرد و ئێمەی بە تەنیا جێهێشت. ئێستا باوکم لە مەترسی ئێعدام کران دایە، من و براکانم مێهدی دوازدە ساڵان و محەممەد ی هەشت ساڵان، دەپرسین ئایا ئەم دنیایە ئەوەندە بێڕەحمە کە تاماشا بکات باوکیشمان لەدەست بدەین؟ ئێمە هەرسێکمان داواکارین لە هەموو سازمان، دەوڵەتەکان، و خەڵکی دڵسۆزی دنیا و تەنانەت لە منداڵان تا یارمەتی دەرمان بن باوکمان ئێعدام نەکرێت. ئەوە زۆر وەحشەتناکە، یارمەتیمان بدەن باوکمان بگەڕیتەوە بۆ ماڵەوە.”