کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

راگەیاندنی دەبیرخانەی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە

2023 07 13 10 46 54 282

بە بۆنەی تێرۆر کردنی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە پێی راگەیاندنی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، ئەندامێکی ئەوحیزبە بەناوی سیامەندی شابۆیی کوڕی قادر لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی خەڵکی گوندی شاوانی سەر بەشاری شنۆ بە دەستی تێرۆریستانی بەکرێگیروای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارۆچکەی بەحرەکە لە نزیک شاری هەولێر تێرۆر کراوە و دوا نیوەڕۆی رۆژی جوارشەممە ٢١ی پوشپەڕ تەرمی بێ گیانی لە دەور و بەری ئەو شارۆچکەیە دۆزراوەتەوە
تێرۆری سیامەندی شابۆیی لە کاتێکدایە کە رۆژی هەینی ١٦ی پوشپەڕیش دوو ئەمدامی تری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادڵ موهاجیر ( ناسراو بە سەرباز) لە گوندی هەڵشۆی سەر بە شاری قەڵادزێ بە دەستی رەشی تێرۆریستانی جەنایەتکاری رژیمی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کران
ئێمە بەتوندی ئەم کردوە جەنایەتکارانەیەی تێرۆریستانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکووم دەکەین. داوا لە کاربەدەستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەکردەوە هەڵوێست وەرگرن و پێش بە دەست درێژی وتێرۆر و ئاژاوە نانەوە ونائەمن کردنی کەش وهەوای هەرێمی کوردستان بگرن و ئیجازە نەدەن کە تێرۆریستان و بەکرێگیراوانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان ئاواڵە بێت بۆ تێرۆر کردن و رفاندنی تێکۆشەرانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و باقی نەیارانی ئەو رژیمە سەرکوتگەر و جەنایەتکارە . رژیمی کۆماری ئیسلامی لە هیج جەنایەت و رەشەکوژیەک دەست ناپارێزێ و بە ناردنی تیمەکانی تێرۆر نەیارانی خۆی دەکاتە ئامانج .
بە بۆنەی تێرۆر کردنی کاکە سیامەند پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کادر و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵە وکەس وکار و هاورێیانی دەکەین و دڵنیاین کە بە تێرۆر و رەشەکوژی کۆماری ئیسلامی لە چارەنووسێکی چارەهەڵنەگر کە چاوەرێی دەکات دەرباز نابێت . خەباتی کۆمەڵانی خەلک لە ئێران و لە کوردستان سەر ئەنجام تۆماری مەوجودیەتی نارەوای ئە رژیمە تیکەوە دەپێچێت

دەبیرخانەی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە
رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئێران
٢١ی پوشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی