به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، ئاماری توندووتێژی چه‌كدارانه به‌هۆی خراپی دۆخی ته‌ندرووستی ده‌روونی له پارێزگای كرماشان به ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو چووه‌ته سه‌ره‌وه و ڕۆژ نییه كه‌س یا كه‌سانێك به تێكهه‌ڵچوونی چه‌كداری نه‌كوژرێن.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته، ڕۆژی ١٢ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ ٣ هاووڵاتی له‌سه‌ر له‌وه‌ڕگه‌ی ئاژه‌ڵه‌كانیان له ناوچه‌ی “میان ده‌ربه‌ند”ی سه‌ر به شاری كرماشان كوژراون. له هه‌واڵێكی دێكه دا دوو بنه‌ماڵه له ناوچه‌ی “جه‌لالوه‌ند”ی سه‌ر به شارستانی كرماشان به‌هۆی ناكۆكی تێكه‌ڵچوون و به‌هۆیه‌وه ٤ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه. له‌هه‌واڵێكی دیكه‌دا، ١٠ ڕۆژ له‌وه‌پێش له شارستانی سه‌حنه به‌هۆی شه‌ڕ و مه‌رافه‌ی نێوان دوو بنه‌ماڵه ٣ كه‌س كوژراون كه كێشه‌كه‌یان له‌سه‌ر فرۆشتنی به‌رهه‌می باخی گێڵاس بووه. له ڕووداوی چواره‌م دا هێرشبه‌رێك به چه‌قۆ و ته‌وه‌رداس براكه‌ی خۆی كوشتووه و ڕاگه‌یاندووه كه براگه‌ی به نیازی كوشتنی بووه و ئه‌و پێشده‌ستی كردووه.
