کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  منداڵانی زبڵگەڕ و مافیای پەیمانکارانی خزمەتگوزاری شاری

4428554

پێویستەکاریزبڵگەڕی یش بە لیستی کارە کازب و درۆینەکانی تر لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی، وەک کۆڵبەری و سوختبەریەوە زیاد بکەین. رۆژنامەی مەردوم سالاری کە لە تاران دەردەچێت، لە ژمارەی رۆژی یەک شەممەی خۆیدا لەژێر ناوی:” منداڵانی زبڵگەڕ لە ژێر سەیتەرەی مافیای پەیمانکارانی خزمەتگوزاری شاریدا، باس لە هەزاران منداڵ دەکات کە کەوتونەتە داوی مافیای زبڵەوە و وێڕای چەوساندنەوەی زۆر وەحشیانەیان، بێبەش بوون لە خوێندن و ژیانێکی ئاسایی، خەسارە کۆمەڵایەتیە ئازەردەرەکانیش لە چاوەڕوانیان دایە.

  لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا کە گوروپە مافیاییەکان لە پشت هەر بارزگانی و بەرهەمهێنانێکی گەورەوەن، ئەم مەیدانەشیان بێ خاوەن نەهێشتۆتەوە. لەنێو ئاخوندەکان و ئاغازادەکانیان و کاربەدەستانی نیزامی ئەمنیەتیدا بە سەدان سوڵتان و سەردەستەی باندی مافیایی بوونی هەیە کە مەیدانە سەرەکیەکانی ئابووری ئێرانیان دەست بەسەردا گرتوە. زبڵ، مودیریەت و بازرگانیەکەشی لە ئیختیار ئەو باندە مافیاییانە دایە کە بە قیمەتی سڵامەتی گیانی زبڵگەڕەکان، کە زیاتر منداڵان و ژنانی هەژارن، سەروەت کەڵەکە دەکەن.

  ئەحمەد سەدری یەکێک لە مودیرانی شارەداری تاران سەبارەت بە دیاردەی زبڵ گەڕی دەڵێ: تەنیا ڕێگای چارەسەری ئەم گرفتە کە سەرچاوەکەی سەتڵی زبڵە لاببرێت و بەرنامە بۆ لابردنی سەتڵی زبڵ لە شارکانیش لە دەستوری کاردایە. حکومەتی ئیسلامی و کاربەدەستانی ورد و درشتی بە جێگای چارەسەرکردنی بابەتە کۆمەڵایەتیەکان، سورەتی مەسەلەکە لادەبەن. بەم فێڵ و فەرەجە ئاشکرایە ناکریت ڕاستیە ئازاردارەکانی ژیانی خەڵکی زەحمەتکێش بشاریتەوە. لەم ڕۆژانەدا بەلای هەر کۆڵان و خیابانێکدا بڕۆی، بۆ ساتێکیش بووە، بۆنی زۆری زبڵی کۆگای زبڵەکان، بەڕوودا دێت، بۆنێک کە بە ناچاری بۆ ژمارەیەک لە بێبەشانی ئێران، کە کاریان گەڕان بە زبڵەکاندایە بۆتە بابەتێکی ئاسایی و رۆژانە. بۆ نمونە لە شاری تاران نزیک بە ٦٩ هەزار مەخزەن و شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ لە ئاستی شەقام و کۆڵانەکاندا بوونیان هەیە، ئەو مخزەنانەی کە ڕۆژانە لانیکەم دوو جار لەلایەن زبڵگەڕەکانەوە شپرزە دەکرێت و زبڵە بەکارهاتوەکانی کۆدەکرێتەوە. لە هەر کۆڵان و شەقامێک تازەلاوان و کەسی بەتەمەن و تەنانەت ژنان دەبیندرێن کە کیسەیەکی پلاستیکی گەورە بە کۆڵەوە، یان سەریان خستۆتە نێو سەتڵی زبڵەوە. و هەروەها ئەوانەشی کە هێشتا منداڵن و دەستیان ناگاتە زبڵی نێوسەتڵەکان چوونەتە نێو کۆگای زبڵەکانەوە.

  ئەم دیمەنانە بەگشتی ڕۆژانە شارۆمەندان دەیانبینن، بەڵام بۆچی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە هاسانی لەگەڵ ئەم دیاردە ئازاردەرەدا سازاوە؟ بۆچی کاری درۆینەی زبڵگەڕی بۆتە بابەتێکی سادە بۆ حاکمانی گەندەڵی ئێران؟

  زبڵگەڕی، سوکایەتی بە کەرامەت و مافی خەڵکی هەژار و بێبەشە. سلامەتی و ئەمنیەتی خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێش بۆ حاکمانی ئیسلامی بایەخێکی نییە. لە ئێران کە یەکێک لە دەوڵەمەند ترین وڵاتانی دنیایە، نابێ جەماوەرێکی بەرین ناچار بە زبڵگەڕی، کۆڵبەری و سوختبەری بکرێن. ئەرکی هەر ئینسانێکی شەریف و ئازادیخوازە کە لە مافی ژیان، سڵامەتی و ئەمنیەتی زەحمەتکێشانی زبڵگەڕ، کۆڵبەرەکان و سوختبەران دیفاع بکات. داکۆکی لە هەژارانی زبڵگەڕ کە ناچارن کارێکی وەها نا ئەمن و نا مرۆڤانە و نا بێهداشتی بکەن، داکۆکی لە کەرامەتی ئینسان و لە سڵامەتی کۆمەڵگایە.