کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ماه مونیر مەولایی ڕاد نمونەی سەداقەت و بوێرییە

۱۳ ۳۱ ۵۷ مادرکیانپیرفلک 780x470 1

  ماه مونیر مەولایی ڕاد، دایکی منداڵی گیانبەختکردوی شۆڕش، کیان پیر فەلەک یەکێک لەو دایکە دادخوازانەیە کە بە هۆی بوێری و ڕاستگۆ بوونی بۆتە قارەمانێک.

کیان پیرفەلەک منداڵێکی نۆ ساڵە بوو کە ئێوارەی رۆژی ٢٥ ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ و لە گەرما و گەرمی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیلە ئیزەی خوزستان لە ماشێنی بنەماڵەکەیدا و بە بەرچاوەی دایکیەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەست دا.  قەتڵی حکومەتی ئەم منداڵە کاردانەوەی نێوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە و بوو بە هۆی زیاتر بوونی نەفرەت لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. کاربەدەستانی ڕژیم دەنگۆیان بڵاو کردەوە کە گۆیا کیان لە تەقەی نەیارانی ڕژیمدا کوژراوە. هەروەها بە هەڕەشە و تەماع وەبەرنان هەوڵیاندا بنەماڵەی کیان، بەتایبەت دایکی، وادار بکەن ئەم ئیدیعایە تەئید بکات. بەڵام ئەم دایکە بوێرە چەندین جار لەبەردەم ڕاگەیەنەرەکاندا وتی مەئمورانی ئەمنیەتی بە بەرچاوی خۆیەوە منداڵەکایان کوشتوە و بەم جۆرە درۆکانی ئیتلاعاتی لەقاودا و ڕیسوای کردن.

  مەئمورانی ڕژیم دیسانیش دەستیان لە پیلانگێڕان هەڵنەگرت. ئەوان لە بێدادگایەکدا عەباس کور کور، ناسراو بە موجاهید کور کور، یەکێک لە گیراوەکانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ساڵی ١٤٠١ یان، بە بکوژی کیان و چەند کەسی تر تاوانبار کرد و دادستان داوای حوکمی ئێعدامی بۆ کرد. ماه مونیر مەولایی ڕاد بەر لە دەرچوونی حوکمی ئێعدام، لە کردارێکی بێ وێنەدا بە بڵاو کردنەوەی وێنەیەک لەگەڵ دایکی موجاهد کورکور پشتیوانی لێکرد و نووسی کەکوژرانی منداڵەکەی کاری ئەو نییە.”

بەڵام قوەی قەزاییە لە تاریخی هەینی ١٨ ی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ هەواڵی دەرچوونی حوکمی ئێعدامی موجاهد کورکوری بە تاوانیموحاریبە و فەسادی فیلئەرزبڵاو کردەوە.

  ماه مونیر، بەر لەم کردارە، وەک دایکێکی دادخوازی چالاک لە مەڕاسمی ئەسپەردە کردنی منداڵەکەی وێڕای گێڕانەوەی شێوازی کوژرانی کیان پیرفەلک و تەقە کران لە ماشێنەکەیان لە لایەن پۆلیسەوە، شێعرێکی منداڵانەی بە ناوەرۆکی ڕەخنە لە حاکمیەت و ڕوو لە خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی خوێندەوە.

  ئیدارەی ئاموزش و پەروەرش بە هۆی چالاکی و کرداری خەباتکارانەی، ئەم ژنە بوێرەی لەسەر کار دەرکرد. ئەو لە بەرانبەردا بە بڵاو کردنەوەی بانگەوازێک بۆ بەڕێوەبردنی ساڵیادی لە دایك بوونی دەساڵەی منداڵە گیانبەخت کردوەکەی لە نێوخۆ و دەرەوە چووە شەڕی ڕژیم و دەستوپێوەندەکانی.

  سەرانی ڕژیمیش لە ڕێگای مەئمورانی خۆیانەوە پیلانێکیان بۆ ئەم دایکە دادخوازە داڕشت. ئەوان رۆژی ٢١ ی مانگی جۆزەردان و لە ساڵڕۆژی لە دایک بوونی کیاندا، پویا مەولایی ڕاد، کوڕە مامی ماه مونیر و مەئمورێکی خۆیان کوشت و ئەم دایکە بوێرەیان بە پیلانگێڕی ئەم ڕووداوە ناساند. هێزە ئەمنیەتیەکان بە پێی دەستور لە هەمان ڕۆژدا ماڵی کیان پیر فەلەکیان گەمارۆدا و هەموو کەلوپەلەکانی ئەو ماڵەیان لەگەڵ خۆیان برد.

ئەوان حیسابەکانی ماه مونیریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان داخست و هەوڵیاندا ئیمکاناتی پێوەندی لەگەڵ کەسوکاریشی لێ زەوت بکەن. ئەم کردارە سەرکوتگەرانەیە لەنێو خۆ و دەرەوە ناڕەزایەتی بەرینی لێکەوتەوە. رۆژی یەکی مانگی پوشپەڕ ئەم دایکە توانی گەمارۆی سەرکوتگەران بشکێنێ و خۆی بگەیەنێتە سەر گڵکۆی پویا مەولایی ڕاد و وێڕای مەحکوم کردنی بکوژەکانی، ڕێز لە یاد و بیرەوەری ئەو بگرێت.

شکستی کرداری سەرکوتگەرانە، کە سەران و کاربەدەستانی سەرەکی ڕژیم لە کۆبوونەوەی ئەمنیەتی رۆژی ٢٥ ی مانگی جۆزەردان بە شێوەی ناڕاستەخۆ دانیان پێداناوە، بە باشترین شێوە لەبەرەنگار بوونەوەی سەرانی ڕژیم و فەرماندە جەنایەتکارەکانی لەگەڵ دایکانی دادخواز، و ماه مونیردا، خۆی دەرخستوە. بزوتنەوەی داخوازی لە سەرتاسەری ئێران و لە دەرەوەی وڵات ناسراوە. ئەم بزوتنەوەیە خەریکە ئاستی تەشەکولیابی خۆی بەرز دەکاتەوە. بەڵام هێشتا هێزێکی زۆر کەم لەو کەسانەی کە بیلقوە دادخوازن هاتونەتە مەیدان.

لە ڕۆژێکەوە کە مەئمورانی کۆماری ئیسلامی ئاگاهانە کرێکارانی بێکاری ئیسفەهانیان لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ دا دایەبەر ڕەگباری گوللە و بوونە هۆی گیانبەخت کردنی دوو چالاکی کرێکاری و خوێندکارێکی ئازادیخواز تا بە ئەمڕۆ سەرانی ڕژیم بوونەتە هۆکاری گینابەخت کردنی بە هەزاران کرێکار و کومونیستی تێکۆشەر و نەیاری خۆیان. بنەماڵەی ئەو کەسانە و دوستانیان، و بە تایبەت دایکان، زەمینەی مادیی بزوتنەوەی بەرینی دادخوازین. لەم نێوانەدا دایکانی پێشمەرگە لە کوردستان، دایکانی خاوەران، دایکانی ١٣٨٨، ناسراو بە دایکانی مەیدانی لالە، دایکانی داخواز، دایکانی ٩٦ و ٩٨ و دایکانی شۆڕشی ژینا ناسراون. ئەگەر لە ئاستێکی بەرینتردا بڕوانین سەرانی ڕژیم، لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقدا حەوتسەد هەزار کەس، کە ٣٥ هەزار کەسیان منداڵ بوون، کردە قوربانی. بنەماڵەی زۆربەیان بە شێوە بیلقوە بەشێک لە دادخوازانن.

ئەرکی شۆڕشگێران و دایکانی پێشڕەو ئەوەیە کە هەرچی زیاتر یارمەتی دەری پەیوەست بوونی ئەو دایکانەش بە بزوتنەوەکەیانەوە بن. ئەم دادخوازانە یەکێک لە بەرچاو ترین نمونەکان و هۆکارەکانی بە زیندوویی مانەوە و قوڵتر بوونەوەی شۆڕشی ژینان.