لە ٣٨ مین حەفتەی ناڕەزایەتی لە بەلوچستان زۆر شاری دیکە بە ناڕەزایەتیەکانەوە پەیوەست بوون. ڕۆژی هەینی، دووی مانگی پوشپەڕی ١٤٠٢، لە وڵامدانەوە بە بانگەوازی بڵاوکراوە، شارۆمەندان لە شارەکانی زاهیدان، ئێرانشار، ڕاسەک، چابەهار و سوران ڕژانەسەر شەقامەکان. لە ویدۆیەکدا کە لە ناڕەزایەتیەکانی زاهیدان بڵاو کراوەتەوە دروشمەکانی” کورد و بەلوچ و ئازەری– ئازادی و بەرانبەری“،” سیستمی گەندەڵمان ناوێ– ڕێبەری قاتڵمان ناوێ“، دەستدرێژی جەنایەت– مردن بۆ ویلایەت“، دەبیسترێ. لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ویدۆ و ڕاپۆرتی دیکە خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ڕاسەک و ئێرانشار بە دەستێوەردانی هێزە نیزامیەکان گرژی تێکەوتوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی” حاڵوەش” چەند ویدۆیەکی لە ڕاسەک بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا ناڕازییان بە بەدەستەوە گرتنی پلاکاردی ناڕەزایەتی خوازیاری سزادانی بکەران و ئامرانی کوشتاری هەینی خوێناوی زاهیدان و خاش بوون، و بەرەوڕووی مائمورانی چەکداری کۆماری ئیسلامی بەردیان فڕێداوە. ناڕازییان لە ئێرانشار لە وڵامدانەوە بە بانگەوازەکان کۆبوونەتەوە و دروشمەکانی وەک” دەستدرێژی، جانەیەت– نەفرەت لە ویلایەت“،” مردن بۆ خامنەیی” و” مردن بۆ دیکتاتۆڕ“یان وتۆتەوە.
ئەو ویدۆیانەی بڵاو کراونەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باسی ئەوە دەکەن کە لە بەرانبەر ئامادە بوونی هێزە ئەمنیەتیەکاندا لە ئێرانشار خەڵک خۆڕاگرییان کردوە. لە چابەهار ژمارەیەک لە خەڵک بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خەڵکی زاهیدان و مەولەوی عەبدول حەمید و ئیسماعیل زەهی، بە دانی دروشمی ناڕەزایەتی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
شارۆمەندانی سوران لە ئوستانی سیستان و بەلوچستان لە وڵامدانەوە بە بانگەوازەکان، بە ئامادە بوون لە سەر شەقامەکانی ئەم شارە، دروشمی ناڕەزایەتیان وتۆتەوە.
” حاڵوەش” لە زمان سەرچاوەیەکی ناوچەییەوە باسی لە دەستبەسەر کران و تێکهەڵچوونی نێوان موئموران و و خۆپیشاندەران کردوە.
سەرجەم راپۆرتی شارەکانی سیستان و بەلوچستان باسی ئامادە بوونی بەرین و بێ وێنەی هێزە سەرکوتگەرەکان و گرتنی ژمارەیەک لە شارۆمەندان لە لایەن ئەو هێزانەوە دەکەن. بەڵام ئەو ئاکسیۆنانەی بەڕێوەچوون لە چەندین شار و دروشمەکان نیشانی ئەدەن کە کرداری سەرکوتگەرانە و پێشگیرانەی ئەم هێزانە، وەک بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ خەڵک لە ماوەی ٣٧ حەفتەی ڕابردودا، بەرەوڕووی شکست بۆتەوە. ئەم بێتواناییە بەشێک لە شکستێکی گەورەترە کە سەرانی ڕژیم و سەرکوتگەرانی ژێر فەرمانیان لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ژنانی ئازادیخواز، دایکان و بنەماڵەی داخوازان، کرێکاران، خانەنشینان و مامۆستایانی ماف خواز رۆژانە ئەزمونیان کردوە.
کاربەدەستانی ڕژیم بە شێوەی خۆیان دانیان ناوە بەم شکستەدا. بە پێی ڕاگەیاندنی سایتی” دیفاع پرێس” فەرماندەی سپا، وەزیری ئیتلاعات، سەرۆکی ئیتلاعاتی سپا و چەند کاربەدەستی تر رۆژی ٢٥ ی مانگی جۆزەردان لە مەشهەد کۆبوونەوەی هاوبەشی ئیتلاعاتییان پێکهێناوە. ئاخوند عەلی خامنەییش پەیامی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ناردوە و تییدا ئاماژەی بە نا هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی ئیتلاعات و سازمانی ئیتلاعاتی سپا لە کرداری سەرکوتگەرانەدا کردوە. دوای بڵاو بوونەوەی پەیامەکە سوخەنڕانان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ کرداری بەرین و پڕ هەزینەی سەرکوتیان بە شکست خواردو هەڵسەنگاندوە وئەوەشیان گێراوەتەوە بۆ نا هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی ئیتلاعات و سازمانی ئیتلاعاتی سپای.
گومان لەوەدا نییە کە گەیشتنە سەر لێواری هەڵدێری ئابووری ڕژیم، گەندەڵی بەرین و نیهادینە بوو لە ئەرکانی حکومەتیدا لە سەرەوە تا خوارێ و گورزەکانی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی“، کرداری سەرکوتگەرانەی کەم و یان بێ گاریگەر کردوە. دووبەرکی نانەوەی قەدیمی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتیش لەژێر ئەم گورزە قورسانەدا کاریگەری نەماوە. ئەم هاوسەنگی هێزی نوێیە لاوانی کچ و کوڕ، ژنان، مامۆستایان، کرێکاران، خانەنشینان، دانشگاییەکان، دادخوازان و باقی ئازادیخوازان و توێژەران بەسەر کۆماری ئیسلامییاندا سەپاندوە. دەبێ بە بەهێزکردنی ئەم هاوسەنگیە بە قازانجی بەرەی خەڵک دوو بەرەکیلە سەرەوە زیاتر و ئامرازەکانی سەرکوتی پێ بێکارایی بکرێت. کۆمەڵێک ڕیگای جۆراوجۆر بۆ ئەم بەهێزکردنە بوونیان هەیە کە یەکێکیان بە تەنیا نەهێشتنەوەی خەباتی خەڵکی بەلوچستانە. پێویستە لەگەڵ خەباتی جەماوەریی خەڵکێکدا بە شێوەیەکی چالاکانە هاوڕێیەتی بکرێت کە بە دانی دروشمەکانی وەک” کاتی یەکگرتویی، کاتی شۆڕش“،” ئێرانی! ئیتیحاد، شۆڕش، ئازادی“،” کورد و بەلوچ و ئازەری– ئازادی و بەرابەری“،” زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت“، ٣٨ مین حەفتەیە کە ئاڵای شۆڕشی ژینایان بە شەکاوەیی ڕاگرتوە. بەهێزکردنی خەباتی ئەم خەڵکە بەهێزکردنی باقی مەیدانەکانی شۆڕشی ژینا و بەرەوپێش چوون بۆ ڕوخاندنی حکومەتی ئیسلامی وەک هەنگاوی یەکەم لە ڕاستای دامەزراندنی حکومەتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدایە.