کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  لایەحەی بەرنامەی ٥ ساڵەی حەوتەم سەنەدی کۆیلەتی کرێکاران

4441556 1

  ڕۆژی ٨ ی مانگی جۆزەردان بەرنامەی ٥ ساڵەی حەوتەمی تەوسعە لە لایەن کابینەی ئیبڕاهیم ڕەئیسیەوە پەسند کرا. ئەم بەرنامەیە سەرەڕای پێشبینیە ساویکانە و نا واقعیەیەکەی لە بواری گەشەی ئابووری، بەرنامەیەکی تا بڵێی دژی کرێکارییە. وەک نمونە لەسەر بنەمای مادەی ١٦ ی ئەم یاسایە بەستنی قەرارداد لەگەڵ کرێکارانی ژێر چەتری کۆمیتەی ئیمداد و سازمانی بێهزیستی، بە دانی حقوق و مەزیای کەمتر لە لانیکەمی پەسندکراوی شۆڕای باڵای کار بە ئیجازە پێدراو پێناسە کراوە.

لەسەر بنەمای مادەی ٦٦ ی ئەم لایەحەیە تەمەن و پێشینەی قابیلی قەبول بۆ خانەنشین بوونیش بۆ سازمانەکان و سندوقەکانی خانەنشینی لە ماوەی ئیجرای بەرنامەی حەوتەم دا لەبەرانبەر هەر ساڵێکدا شەش مانگ زیاد دەبێت. لە ڕاستیدا  بەرە بەرە و لەماوەی یەک دەورەی ٥ ساڵەدا تەمەنی خانەنشینی  دوو ساڵ و نیو زیاد دەکات. لەم بەرنامەیەدا دەوڵەت، یاسای کار و دابینکردنی ئیجتماعیشی کردۆتە ئامانج و تەقریبەن هەموو ئەوەی کە لە دوو دەیەی دواییدا بە خەباتی کرێکاران دەستەبەر بووە، بە پێی ئەم بەرنامەیە یەکجێ وەردەگیرێتەوە. لە ژیاندنەوەی نیزامی وەستا و شاگردی و دانی ئیجازە بە خاوەنکاران بۆ بەکار هێنانی هێزی کاری لاو بە حقوقی کەمەوە بیگرە تا زیادکرانی تەمەن پێشینەی خانەنشینی. لەم بەرنامەیەدا هاتوە کە خاوەنکاران مافی ئەوەیان هەیە هەر کاتێک کە بیانەوێ ئەو هێزی کاری لاوە لەسەر کار دەربکەن.

بەپێی ئەم بەرنامەیە، کاتی گەیشتن بە تەمەنی خانەنسینی کرێکارانی کارە دژوارەکان، یش زیاد دەبێت. وەک نمونە، ئەگەر کرێکارێکی پیاو لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لە کارێکی دژوار و زیان ئاوەردا کاربکات، لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا، ماوەی کاریەکەی تەواو دەکات، بەڵام دەبێ تا تەمەنی ٥٠ ساڵی ڕابوەستێت تا بگاتە تەمەنی خانەنشینی.

گوزارشگەری هەواڵنێریی کاری ئێران لەم بوارەدا راپۆرتێکی سەبارەت بە کرێکارانی مەعدەن و کرێکارانی فولاد ئامادە کردوە کە قوڵایی دژی کرێکاری بوونی ئەم لایەحەیە ئاشکرا دەکات. یەکێک لە کرێکاران لە یەکێک لە مەعدەنەکانی ئوستانی کرمان دەڵێ:

  کرێکارانی مەعدەن بە شێوەی ئاسایی هیچ خێرێک لە خانەنشین بوون نابینن. ئەوان ٤٥ ساڵ دوای خەنەنشین بوون بەرەوڕووی نەخۆشی سیەکان دەبن و دەمرن. لەم نمونانەمان زۆر بووە…” کاتێک گوزارشگەرەکە بۆچونی ئەو سەبارەت بە لایەحەی بەرنامەی ٥ ساڵەی تەوسعە دەپرسێت لە وڵامدا دەڵێ:” ئەو کەسانەی کە ئەم بڕیارانە ئەدەن، یەک ڕۆژ نا، یەک کاتژمێر لەگەڵ ئێمە تا قوڵایی ١٧٠ میتری  عەرزی بین  و دابنیشن، دەست لە هیچ کاریکیش نەدەن، تەنیا بێن و ببینن و دوایی بڕۆن هەر بڕیارێک ویستیان بیدەن.” گوزارشگەرەکە داوا لەم کرێکارە دەکات باسی ڕۆژێکی کارەکەی بکات:

  کاتژمێر ٤ و نیو لە خەو هەڵدەستم و کاتژمێر ٥، سواری مینی بووس دەبین. کاتژمێر ٦ چوونمان تۆمار دەکرێت و دوای خواردنی نانی بەیانی، دەچینە نێو تونێلەکەوە. تا کاتژمێر ١٢ کە بۆ ئیسراحەتێکی یەک کاتژمێری دێینە دەرێ، نە نوور دەبینین، نە ئیسراحەت دەکەین، لێرەدا بێڵ و قوڵینگ هەیە و ئەو وەسایلانەی لە تونێلدا کاریان پێدەکەین. چاو، چاو نابینێت. فەزایەکی تەنگە و سەرگەرمی کارین. شەش کاتژمێر لەگەڵ تەپوتۆز و مادەی مەعدەنی و سیمان سەروکەللە لێ ئەدەین، دوایی بۆ خواردنی نەهار لە تونێکە دێینە دەرەوە. نە تەنیا دەنگ، دەنگدانەوە، گەرما، گاز و هەڵمی شیمیایی کابووسی ڕوخانی بەردە چەند تۆنیەکان و گیرخواردن لە کۆتایی و دەست پێڕانەگەیشتوترین شوێنی تونێلەکەش بەردەوام لە مێشکیان دایە. گاز گرتویی، بەرق گرتویی و تەقینەوە، ئەو ڕوداوانەن کە ئەم کرێکارانە گەلێک جار بە چاوی خۆیان بینیویانە و بیستویانە؛ کەوتنە ژێر بەردی هاوکارەکانمان زۆر بینیوە؛ هاوکارمان بووە کە بەزۆر لەژێر بەردی دوو تۆنی دەرمان هێناوە. وەک ئەوەی تۆن ماسی کۆبکەینەوە.”

  گوزارشگەرەکە دواتر دەپرسێ: دوای کاتژمیر ١٢ جی دەکەن؟شیفتمان تەواو دەبێت بەڵام زیاتر دەمانەوی شیفتی دواتریش بمێنینەوە تا دەرەقەتی خەرج و مەخاریجی ژیان بێین. ساڵی ڕابردوو بۆ زیاتر لە ١٥٠ کاتژمیر کار لە مانگدا، ٧ ملیۆن تمەن مانگانەمان وەردەگرت لەبەر ئەوە بوو کە شیفتی دواتریش دەماینەوە.”

ئەم ڕادەیە لە ڕەنج و ئازار و چەوساندنەوە بۆ چینی کرێکاری ئێران شیاوی تەحەمول و قابیلی دەوام نییە. چینی کرێکاری ئێران لە ئاستێکی بەریندا ماف و داخوازییە سەرەتاییەکانی دەناسێت و لە ماوەی چەند دەیەی دواییدا لە زۆر بواری جۆراو جۆردا بۆ دەستەبەرکردنیان خەباتی کردوە. پێویستە تەشەکول و یەکگرتویی ببێتە خۆ وشیارکردنەوەی بەشێکی بەرین لە چینی کرێکار و گەرا سەرەتاییەکانی تەشەکولی چینایەتی کرێکاران لە ناخی دیکتاتۆڕی و سەرکوتی حاکم دا شکڵ بگرێت. ئەو گەرایانەی کە بە هەڵکردنی هەرنەسیمێک لە ئازادی و گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە خێرایی پەرە دەستێنن و ڕژیمی ئیسلامی بە بەرنامەی ٥ ساڵەیەوە دەخەنە نێو زبڵدانی مێژوەوە.