لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابرودا خەبات، مانگرتن و ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەردەوام بوو. رۆژی سێ شەممە ٢٣ ی مانگی جۆزەردان بازاڕیان و کاسبکارانی سەقز و دواتر بۆکان لە ناڕەزایەتی بە دەستبەسەر کرانی ٤٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی رۆژی ١٩ ی مانگی جۆزەردان و هەروەها هەوڵی شارەداری بۆ تێکدانی ئارامستانی ئایچی سەقز و بۆ ئەوەی کڵکۆی ژینا ئەمینی هێمای شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی“، لە بەرچاوان بشارێتەوە، مانیان گرت. ئەم مانگرتنە، کە لەلایەن بەشێک لە بازاڕیانی سنەشەوە پشتیوانی لێکرا، خاوەن کاریگەری و ئەرێنی هەڵسەنگێندرا. کاک مەجید ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لە نامەیەکی ڕێزلێناندا بوێری بازاڕیان و کاسبکارانی بەرز نرخاند.
ڕۆژێک دوای ئەو مانگرتنانە، واتە رۆژی چوارشەممە ٢٤ ی مانگی جۆزەردان ٥٠ خوێندکاری زانکۆی هونەر لە ناڕەزایەتی بە ئیجباری بوونی مەقنەعە لە پەردیسی باخی میللی ئەم زانکۆیە مانیان گرت. ئەم مانگرتنە لە کۆمەڵگەی خوێندکاریدا دەنگدانەوەیەکی بەرینی بوو. کۆمەڵێک لە خوێندکاران ڕوو بە حەراسەتیەکان و هێزە سەرکوتگەرەکان، کە هێرشیان کردبووە سەر خوێندکارانی مانگرتو و هەروەها ڕوو بە ئامرانییان نووسیان:
” لە نێوان ئێمە و ئێوەدا دەریایەک لە خوێن فاسیلە هەیە. ئێمە کە ئێستا نزیک بە ساڵێک دەبێت کە بووینە” ئێمە“، هیچ قسەیەکمان لەگەڵ ئێوە نییە بێجگە لە یەک وشە: نا. دوای جەخت کردنەوەی سەرلەنوێتان لەسەر ئاپاڕتایدی جنسیەتی و ئامادە بوون بە مەقنەعەی ناچاریەوە لە زانکۆ، دوای گرتنەوەی ئاو و توندوتیژی نواندن دژبە هاوڕێکانمان کە تەنیا لە ڕاستای داکۆکی لە بەرابەریدا لە پەردیسی باخی میللی مانیان گرتبوو، ئێمەش سەرلەنوێ جەخت دەکەینەوە کە هیچ شتێک ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. ئەم ئاسمانە تەنانەت دوای ئەوەی کە بەردەوام ئەستێرەی لێ کوژێننەوە، هێشتاش نوقمی ئەستێرەیە. لەو برینەی کە لە مانگی خرماناندا زاری کردەوە هێشتاش خوێن دەچۆڕێ. و ئێمە ڕاوەتاوین، دەست لەنێو دەستی یەک، بۆ ئازادی“.
خوێندکارانی زانکۆی عەللامە بۆ هاوپشتی لەگەڵ خوێدنکارانی زانکۆی هونەر، بەیانیەیان بڵاو کردەوە و لە بەشێک لە بەیانیەکەیاندا نووسیویانە:
” ئەوەی کە چوارشەممەی ڕابردو لە زانکۆی هونەر ڕوویدا بەلای هێچکامانەوە نامۆ نەبوو. ئێمە هەر ئەو کەسانەین کە لە یەک ساڵی ڕابردودا، توند دەستمان لەسەر برینی گەرووی یەکتر و جەستەمان داناوە و هاوار و دەنگی هاوڕێیانی بەندکراومان بووین. وتومانە و نووسیومان، سرودمان سەرداوە و بە دەنگ و سەڵای خۆمان وەها لەرزەمان خستۆتە جەستەتانەوە کە لەگەڵ هەر کۆبوونەوە و مانگرتنێکمان، زرێ لەبەر و قەڵغان بەدەست تێنە مەیدان“.
خوێندکارانی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد بۆ پشتیوانی لە خوێندکارانی زانکۆی هونەر نووسیان:
” لە ناخی هەر شۆڕشێکدا، کۆمەڵێک هەزینە دەدرێت؛ بەڵام ئەوەی ئێمە ئەزموونی دەکەین نەک هەزینە، بەڵکو ژیانە لە دڵی شۆڕشدا. ئاڵوگۆڕ بە نەسیمێک کە لە سەقزەوە هەڵی کردوە، ئێستا سیەکانمانی پڕ کردوە. ئاڵوگۆڕیک لە بێ کردارییەوە بەرەو جوڵان و وەکار کەوتنێکی بەردەوام.
ئێوە ئەی” خوێندکارانی زانکۆی هونەر“، ئێوە ڕۆحی ئەم شۆڕشەن، ئێوە هونەری ئەم کردارە و جوانی ئەم بزوتنەن.
ئێمە” خوێندکارانی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد“، پشتیوان، هاوخەبات و هاوڕێی ئێوە” خوێندکارانی زانکۆی هونەر” دەبین.
بەرخۆدان ژیانە
بژی ژن، ژیان، ئازادی”
کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی مازندەران لە ڕاگەیاندنێکدا لە ڕاستای پشتیوانی لە خوێندکارانی زانکۆی هونەر نووسیان:
” ئێوە نووسیتان کە ڕاوەستاون، دەست لەنێو دەستی یەک، بۆ ئازادی“. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە دەستەکانمان لەنێو دەستی یەکتردایە. ئێوە بەتەنیا نین. ئێمە لە پاڵتاندا ڕاوەستاوین.
خوێندکارانی زانکۆی تەربیەت مودەرس لە بەیانیەیەکی هاوپشتیدا لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی هونەر وتیان:
” ئێمە خوێندکارانی زانکۆی تەربیەت مودەرس بێدەنگی بە ڕەوا نازانین. شان بەشانی خوێندکارانی هونەر ڕادەوەستین و نایەڵین بڵێسەکانی خەبات لە زانکۆکان و کۆمەڵ بکوژێننەوە. ئیستبداد دەڕوات و هەوای ئازادی جەستەمانی گەرم داگیرساندوە. خەبات درێژەی هەیە“.
رۆژی ٢٦ ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢” شۆڕای سازماندەهی ناڕەزایەتی کرێکارانی ناڕەسمی نەوت( ئەرکان سالس)” ڕاگەیاندنێکی هێرش بەرانی بڵاو کردەوە و تێیدا دەلیلی هێنایەوە کە لایەحەی حەوتەمی تەوسعە دژی کرێکارییە و لایەنگری خاوەنکارە و ڕەتی دەکەینەوە. شۆڕای سازماندەهی ناڕەزایەتی لە هەمان تاریخدا ژمارەیەک نفوزی لە نێو مانگرتواندا ئاشکرا و خوازیاری بایکۆتیان بوو. رۆژی ٢٨ ی مانگی جۆزەدان گوروپی هەکەری” قیام تا ڕوخاندن” نامەیەکی زۆر مەحرەمانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی بۆ سەرۆک کۆمار بڵاو کردەوە. لەم نامەیەدا وەزارەتی ئتلاعات دانی بە بەرین بوونی مانگرتنی کرێکارانی پیشەسازی نەوت و گازی ئێران و سەرسەختی نەفتگەران لە پێوەند لەگەڵ درێژەی مانگرتندا ناوە و خوازیاری دەرکرانی ناڕازیان و دامەزراندنی مانگرتن شکێن بووە. خاوەنکاران و کاربەدەستان نەیانتوانی ڕێگا چارەیەک بدۆزەنەوە.
لە بەرانبەر فەزای خەباتکارانە و پڕ شوری خەڵکدا سەرانی ڕژیم و دەستە و تاقمەکانیان ئەوپڕی هەوڵیان داوە تا بە توند کردنەوەی شێوازی سەرکوتگەرانە لەگەڵ خەڵکی تێکۆشەر و شۆڕشگێر ڕووبەروو ببنەوە و ئاگری ناڕەزایەتیەکانیان خامۆش بکەن. بەڵام هەموو دیاردەکانی خەباتکارانە دەرخەری شکست هێنانی ئەم هەوڵانەیە. ئەو ڕاستیانەی کە ئاماژەیان پێدرا لە نمونە بەرچاواوەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ن. شۆڕشگێڕان و تێکۆشەران خەریکن خۆیان ڕێکدەخەن، ڕێبەرانی زیاتریان پەروەردە کردوە و لە هەر کوێیەک بە گونجاویان زانیبێت سەرلەنوێ گەڕاونەتەوە بۆسەر شەقامەکان. سەرانی ڕژیم و خاوەنانی سەرمایە ئەم جار ئیمکانی دەرباز بوونیان لەدەستی بەهێزی ئەو شۆڕشگێڕانە نییە کەوا خەریکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەرین پەرەدەستێنن.