دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ڕێكخراوی” دایکانی شۆڕش” لەسەر گڵکۆی ژینا ئەمینی، هێمای شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” لە رۆژی هەینی ١٩ ی مانگی جۆزەردان لە شاری سەقز ئێستا” ئەنجومەنی بنەماڵەکانی دادخوازی ئابان” لە ڕاگەیاندنێکدا مەوجودیەتی خۆی ڕاگەیاندوە. لە بەیانیەکەدا ئامانجی سیاسی و قەزایی ئەنجومەنەکە باس کراوە. یەکێک لە دامەزرێنەرانی جەخت دەکاتەوە هەرچەند ئەنجومەنەکە سەربەخۆیە، بەڵام لەوێوە کە” نیەتی دادخوازیەکە سیاسی” یە ئەنجومەنەکە خۆی بە موڵکی سەرجەم دادخوازان و ئازادیخوازان دەزانێت و بە گشت هێزیەوە یارمەتی خەڵکی مافخواز دەدات. یەکێکی تر لە ئەندامانی بنەماڵەی گیابەختکردوانی ئابان وتویەتی:” هاوکات کە دادخوازی ئابانین، دادخوازی باقی ئەو جەنایەتانەشین کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە ڕوویانداوە.” گومان لەوەدا نییە کە کۆڵەکەی سەرەکی ئەم ئەنجومەنەش، وەک ئەوانیتر، دایکانی گیانبەختکردوان دەبن.
کۆماری ئیسلامی لە مەنگەنەی خەباتی ژناندا گیری خواردوە. ئەگەر لە دەستپێکی ئاخێزی ژینا دا کچانی لاو مەیدانداری خەبات و تێکۆشانی خوێناوی بوون، لە ئێستادا دایکان، دایەگەورەکان و بە ملیۆن ژنی دژی حیجاب لە پاڵ کچەکانیاندا ڕاوەستاون. لە ئیستادا دەستبەسەرکرانی ٤٠ کەسی” دایکانی شۆڕش” و کەسوکاریان لە کوردستان و یان هەوڵدان بۆ پەروەندەسازی بۆ مونیرە مەولایی ڕاد، دایکی بوێری منداڵی کوژراو کیان پیرفەلەک، کە ناوبانگی جیهانی دەرکردوە، تەنیا بەهێزکردنی ئیرادەی خەباتکارانە و ڕیسوایی زیاتریان بۆ بە دیاری دێنێ. ئەگەر سەرانی زەندەق چووی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەم گومانە بوون کە بە ژاراویکردنی کچان لە قوتابخانەکان بەسەر ئاخێزی ژناندا زاڵ دەبن لە ئێستادا لەگەڵ بە ملیۆن ژنی خاوەن ئەزموون کە لە دەیەکانی ڕابردودا شێلگیرانە، سیاسەت و یاسا دژی ژنەکانی ڕژیمیان توشی شکست و ناکامی کردوە چی دەکات.
ڕژیم سەرەتا یاسا و ڕێسای نوێی حیجاب و عیفافی بە کردەوە خستە دەستوری کاریەوە، بەڵام بەرەوڕووی خەبات و خۆڕاگری بە ملیۆن ژن و پیاوی پێشکەوتوخوازبۆوە. دواتر ئەوی وەک لایەحە برد بۆ مەجلیس تا ڕەنگە گرێیەک لە گرێچوێرەکانی بکرێتەوە، بەڵام لەوێش هێندێک لە نوێنەران وتیان:” هەر ئەوجۆرەی کە یاسای ئامرانی بە مەعروف تەنیا بۆتە دەسکەلا بۆ خراپ بەکار هێنانی ژمارەیەک و بە کردەوە هیچ نەبوو، ئەمەش تووشی هەمان چارەنووس دێت.”
ژنانی ئێران لە ماوەی ئەم سێ دیەی دواییدا لەپاڵ چینی کرێکاردا زۆرترین ئازار و چەرمەسەرییان بە دەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە بینیوە. یەکەم هێرشی دژی شۆڕشی سەرچاوەگرتو لە شۆڕشی ٥٧ بۆسەر ڕیزی ژنان ڕێکخرا بوو. یەکەم گۆپال بەدەستانی رژیمی ئیسلامی چوونە جەستەی ژنانی ناڕازی کە بوێرانە لەبەرانبەر خانەنشین کردنیان و داسەپاندنی سەرپۆشی زۆرەملێ دا شەقامەکانیان کردبوە گۆڕەپانی خەباتێکی پڕشۆر. ئەگەر بۆ دژی شۆڕش هێرش بۆسەر ڕیزی ژنان دەستپێکی سیاسەتێکی کۆنەپەرستانە و داسەپاندنی سوڵتە بەسەر ژناندا و یەکەم خاکڕیز بۆ هێرش بۆسەر هەموو داخوازیەکانی خەڵک و پاشهکشە کردن بە شۆڕش و لە کۆتاییدا زاڵ بوون بەسەر کۆمەڵگادا بوو، بۆ بەرەی شۆڕش و بە تایبەت بۆ ژنان، دیفاع لە شۆڕشێک بوو کە هێشتا ساوا بوو وە لە هەمان یەکەم هەنگاویدا بەرەوڕووی دژی شۆڕشی وەحشی و سەرچاوە گرتوو لە قوڵایی سەدە و سەردەمە کۆنەکانەوە بوو. لە ماوەی ٢ تا ٣ ساڵێکدا کە بڵێسەکانی شۆڕش هێشتا کپ نەکرابۆوە، خۆڕاگری ژنان یەکێک لە کۆڵەکەکانی درێژەی شۆڕش بوو.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی سەرئەنجام توانی شۆڕشی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر سەرکوت بکات، بەڵام لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردودا بزوتنەوەی کرێکاران، بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی خوێندکاران و بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان، بە گشت هاوراز و نشیوەکانیانەوە درێژەیان بە بزوتنی خۆیان داوە. خەباتی ژنان بۆ ڕزگار بوونی یەکجارەکی یەکێک لە کۆڵەکەکانی خۆڕاگری لەبەرانبەر حکومەتی ئیسلامی و سیاساکانیدا بووە.
ئەم خەبات و خۆراگرییانە لەپاڵ هۆکارەکانی ئابووری، سیاسی و دیپڵۆماتیکدا ئیتر ڕژیمی گەیاندۆتە لێواری هەڵدێر و خەباتی ڕوو لە گەشەی ئەم دواییە نیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە ژنان لە دەستەبەرکردنی ڕوخاندنی چاوەروان کراوی کۆماری سەرمایەداری ئیسلامیدا هەروا خاوەنی نەخش و دەورێکی پێشڕەوانە دەبن.