له درێژه‌ی كاردانه‌وه‌كان له ئاست ئێعدامی سێ به‌ندكراوی ئیسفه‌هان، ڕێكخراوه سنفیه‌كانی خوێندكاران، فه‌رهه‌نگیان، خانه‌نشینكراوان و كانوونی نووسه‌رانی ئێران له چه‌ند به‌یاننامه‌ی جیاجیادا شه‌پۆلی له‌سێداره‌دانی به‌ندكراوانیان له‌لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی ڕژیمه‌وه به توندی شه‌رمه‌زار كرد.
خوێندكارانی یه‌كگرتوو له ناڕه‌زایه‌تی به شه‌پۆلی له‌سێداره‌دانی به‌ندكراوان له به‌یاننامه‌یه‌ك دا له ژێر ناوی “ژن،ژیان،ئازادی”، ئێعدامی “ساڵح میرهاشمی”، “مه‌جید كازمی” و “سه‌عید یه‌عقووبی”یان به توندی مه‌حكووم كرد و ڕایانگه‌یاند: لە جیاتی دادڕه‌سی دادپه‌روه‌رانه، ئه‌شكه‌نجه و پێشێلكردنی مافی به‌ندكراوان به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك له ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامی په‌یڕه‌و ده‌كرێت و هیچ گومانی تێدا نییه كه سزای ئێعدام وه‌كوو دڕندانه‌ترین شێوه‌ی سه‌ركوتی ده‌سه‌ڵات ئه‌بێ هەڵبوەشێتەوە”. خوێندكاران له درێژه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كه‌یان دا جه‌ختیان كرده‌وه له‌سه‌ر بێ سه‌ره‌نجام بوونی هه‌وڵه‌كانی ڕژیم بۆ سه‌پاندنی كه‌ش و هه‌وای ترس و سه‌ركوت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و داوایان له بزووتنه‌وه‌كانی كرێكاران، خانه‌نشینكراوان و موعه‌لیمان كرد كه خواستی ڕاگرتنی سزای ئێعدام ببێته سه‌ره‌كی ترین داخوازییه‌كانیان.