کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆتایی دووهه‌مین كونفرانسی “بەهێزکردنی گوتاری چەپ لە کوردستان”

2023 05 12 17 13 04 834

 

لە ڕۆژەکانی ٦ و ٧ی مانگی مەی ٢٠٢٣ دووهه‌مین كۆنفرانس لە ژێر ناوی “بەهێزکردنی گوتاری چەپ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان”، به بەشداریی کۆمەڵێک لە هه‌ڵسوڕاوانی چه‌پ و سۆسیالیستی كوردستان له‌ شاری ستۆکهۆڵم و هه‌ر وه‌ها بەشدارانێکی تر لە وڵاتانی جۆراوجۆر و له‌ ڕێگا‌ی تۆری ئینترنێته‌وه،‌ بەڕێوه‌ چوو. كونفرانسی دووهەم هه‌وڵی دا هه‌نگاوێك نزیكتر بێته‌وه‌ له‌وەی به‌ كردەوە ئاڕاسته سیاسییەکەی كونفرانسی یەکەم جێبەجێ بکات،‌ کە به‌ هەمان مه‌به‌ست لە مانگی فێڤرییەی ساڵی ٢٠٢٣ دا  بەڕێوە چوو. له‌ پێناو وه‌ها ئامانجێكدا به‌شداربووانی کۆنفرانسی دووهەم، له كه‌شێكی دێموكراتیک و هاوڕێیانەدا، باری سەرنج و بۆچوونی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ده‌رفه‌ت و ئاستەنگییەکانی به‌رده‌م شۆڕشی ژینا و ئەو ڕۆڵەی لە چەپ چاوه‌روان دەکرێت خستیانە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەروەها پێداگرییان کرد لەسەر پێویست بوونی كاری هاوبەش له‌ پێناوی بە هێزکردنی گوتاری چەپ لە کوردستان و چونییه‌تی لابردنی گیروگرفته‌كانی به‌رده‌م ئه‌و ئه‌رک و هەنگاوانە.

به‌رنامه‌ی كاری كونفرانسی دووهەم لە سێ بڕگەدا بەرێوە چوو. یەکەم، دەوری چاوەڕوانکراو لە چەپی کوردستان. دووهەم، بنەما سەرەکییە فیکریی و  پێکهاتەییەکانی چەپێکی یەکگرتوو لە کوردستان. سێهەم، هەنگاوە کردارییەکانی پێکهێنانی چەشنێک له کاری سازماندراوی چەپەکانی کوردستان. 

له‌ دوو توێی باسه‌كاندا به‌شداربووان هاوکات لە لێکداندەوەی بارودۆخی سیاسی ئێستا، له‌ ژێر كاریگه‌ری شۆرشی ژینادا پێداگرییان كرد كه‌: 

قه‌یرانی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ژینگه‌یی ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئیسلامی قووڵتر بووه‌ته‌وه‌. ڕژیم ڕێگایه‌كی بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ به‌رده‌مدا نییه‌ و بۆ چاره‌سه‌ر كردنیان له‌ تاریكیدا په‌ل ده‌كوتێت. شپرزه‌یی به‌ سیاسه‌ته‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌ و نیشانه‌ سه‌ره‌تاییەكانی ڕاڕایی له‌ ناو ڕیزی‌ هێزە سه‌ركوتگه‌ره‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌.  شۆرشی “ژن، ژیان، ئازادی”، كه‌ تێیدا ژنان هەر لە سەرەتاوە جەمسەری سه‌ره‌كی بوون، ئاسۆیەکی نوێی دەرخستووە بەتایبەت کە بەشداربوونی گەرموگوڕی لاوان و خوێندکاران لەم بزووتنەوەیەدا هاوسه‌نگی هێزی جه‌ماوه‌ر و ڕژیمی به‌ قازانجی به‌ره‌ی خەڵک گۆڕیوه. هەربۆیە هەتا ئێستا كۆمه‌ڵێک ده‌ستكه‌وتی حاشاهه‌ڵنه‌گر به‌ ده‌ست هاتووه‌ كه‌ دەتوانن ببنە بنه‌مایەکی باش بۆ درێژەپیدان و به‌ره‌وپێش چوونی ڕەوتی خەبات. پێگەی ژن له‌ زیهنیه‌تی كۆمه‌ڵگای پیاوسالاردا به‌ چه‌ند قات باڵای كردووه‌. بۆ نموونه به‌شێكی زۆر له‌ ژنان سەرپۆشی زۆره‌ملییان فڕێ داوە، كه‌ هێمای ئیدئۆلۆژیكی ڕژیمی ئیسلامییه و ئەمەیان وه‌كوو ئه‌مری واقیع به‌ سه‌ر ڕژیمدا سه‌پاندووه‌. 

دەتوانین ئه‌نجامی دیالۆگ و لێکدانەوەی به‌شداربووان له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی كاری ئەم كۆنفرنسەدا له‌و چه‌ند خاڵەی خواره‌وه‌دا كورت بکەینەوە:

  1.  به‌شداربووانی كونفرانس له‌ سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ سوور بوون كه‌ كۆمه‌ڵگای ئێران، به‌ كوردستانیشه‌وه‌، پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی هه‌ستیاری سیاسییه‌وه‌. وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ پێویستییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌ركێکی تایبه‌ت ده‌خاته‌ سه‌ر شانی هه‌ڵسوڕاوان و هێزه‌ سیاسییه‌ چه‌پ و سوسیالسیته‌كان.
  2.  بە وردبوونەوە لەسەر پێگەی دیار و گرنگی کوردستان لە خەباتی خەڵکی ئازادیخوازی هەموو ئێران دژی کۆماری ئیسلامی، و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستییه‌ كه‌ ڕه‌وتی بزووتنەوەی ژینا لە کوردستاندا سەری هەڵدا و لە درێژەی خۆیدا کوردستان گرنگترین ڕۆڵی هەبووه له بەردەوام هێشتنەوەی ئەو بزووتنەوەیەدا، ڕێكخستن و یەکگرتووکردنی هێزی چه‌پ، عه‌داڵه‌تخواز و سۆسیالیست لە کوردستان بووەتە پێویستییەكی هه‌نووكه‌یی و حه‌یاتی. له‌و پێناوه‌دا به‌شداربووانی كونفرانس له‌ سه‌ر درێژەدان بە گفتوگۆ و ڕاوێژ بۆ بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بە هێزکردنی گوتاری چەپ لە کوردستان لە ڕێگای کۆکردنەوە و هاوئاهەنگ کردنی هەڵسوراوانی چەپ و ئازادیخواز لە دەوری پلاتفۆڕمێکی دیارییکراو پێداگرییان کرد. پلاتفۆڕمێک کە ڕەنگدانەوەی ناوه‌رۆكی چەپ و پێشکەوتووخوازانەی خەباتی خەڵکی کوردستان بێت و بتوانێت بانترین ئاستی یه‌كگرتوویی کرداریی چەپەکان، ئازادیخوازان، یه‌كسانیخوازان و خوازیارانی نه‌مانی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی له‌ کوردستان، سەرەڕای هەبوونی بۆچوون و ڕوانگەی جیاواز لە نێوانیاندا، گونجاو بکات. بۆ ئەم مەبەستە كونفراس كۆمیسیونێكی دیاری كرد تا هاوئاهەنگی لەم پەیوەندەدا پێک بێنێت. كونفرانس دوای دوو رۆژ كاری پڕبه‌ پڕ كۆتایی پێهات.

به‌شدار بووانی دووهه‌مین كونفرانسی “بەهێزکردنی گوتاری چەپ لە کوردستان”

نۆی مانگی مەی ٢٠٢٣