کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کرێکاران بە پەرەدان بە خەباتی خۆیان وڵامێکی توند بە خامنەیی ئەدەنەوە!

Khamenei mohabatnews

خامنەیی بەر لە نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٩ ی مانگی گوڵان و لە سەرودەمی ڕۆژی جیهانی کرێکاردا قسەی بۆ گوروپێک لە کرێکاران کە وەکنوێنەری کۆمەڵگەی کرێکاریناویان بردن، کرد. ئەو لە قسەکانیدا وێڕای قەبوڵ کردنی بوونی گەندەڵی بەرین لەنێو مودیراندا ڕیاکارانە وتی:” ئەگەر گەندەڵی هەیە و ئەم گەندەڵیەش بەرینە بەم هۆکارەیە کە مودیرانی نیزام بە فەرمانی ئەو ناجوڵێنەوە“.

ئەم فریوکاریە ئاشکرایە تەنانەت خامنەیی خۆشی باوەڕی پێی نییە، لەبەر ئەوەی کە ئەو و کرێکاران و هەموو خەڵکی ئێران دەزانن هەموو ئەوەی کە لە ئێراندا لە بواری سیاسەتی کەلانی ئابووری و سیاسیدا بەرەو پێش ئەچێت ناکرێ بە فەرمانی ئەو و یان بە تەئیدی ئەو نەبوو بێت. خامنەیی پارەکە بە تێکرارکردنەوەی ئەم قسانە بەڵێنی دابوو کەلەسەر بنەمای سیاسەتەکانی دەوڵەتی تازە بەرە بەرە کێشەکان چارەسەر دەبن“. وەعدەیەک کە نە تەنیا جێبەجێ نەبوون بەڵکو زیادبوونی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و پەرەسەندنی بۆ بەشی گەورەتر لە کۆمەڵگەی کرێکاری لە ساڵی ڕابردودا و تا ئێستا نیشانی ئەدات کە دەوڵەتی جێی ڕەزامەندی خامنەیی لە پێشێل کردنی مافی کرێکاراندا هەمان سیاسەت بەڕێوە دەبات کە درێژەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی پێویستی پێیەتی.

  خامنەیی هاوکات کە درۆ دەکات دەزانی کە کرێکاران لە بەشەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا بە بەراورد بە بارودۆخی مەوجود، سەبارەت بە پێشێل بوونی ڕۆژانەی بایەخە ئینسانیەکانیان وەک بەرهەمهێنەرانی سەروەتی کۆمەڵ، سەبارەت بە تاڵان کردنی ئەم سەروەتە لە لایەن حاکمیەتەوە ناڕازین، دەزانێ مامۆستایان، خانەنشینان، شۆفیرانی کامیۆن، پەرستاران و ئەوانیتر ناڕازین. ئەو دەزانێ کە کرێکار لە نیزامی زاڵمانەی مەوجود دا ڕێگایەکی بێجگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی نییە و نیگەرانە لەوەیکە لە مەسیری ئەم ناڕەزایەتیانەدا کرێکاران یەکبگرن. لەم ڕوەوە بە ڕیاکاری دانی پێدا دەنێ کە:” هێندێک ناڕەزایەتی لە شوێنە کرێکاریەکاندا هەبووە؛ بڕێک لەم ناڕەزایەتیانە کە ئێستا بەندە تا ئەو جێگایەی کە خەبەرم هەیە ناڕەزایەتیەکان لە جێی خۆیاندا بوون، ساڵی ڕابردووش وتیناڕەزایەتیە کرێکاریەکان بە ڕەوا دەبینێ بەڵام بۆ ئەو گرنگە کەکرێکارەکان لەگەڵ نیزام بن و سنوربەندییان لەگەڵ دەژمندا هەبێت.” ئەم قسانە لە حاڵێکدا دەکرێن کە مودیر عاملی سازمانی ناوچەی تایبەتی پارس بە دوای مانگرتنی ئەم دواییەی کرێکارانی گاز و نەوت و پیتڕوشیمی دا ڕایگەیاند:” لە ٨ گەڵاڵەی پیتڕوشیمی ئەم ناوچەیەدا ژمارەیەک لە کرێکارانی وەرزی بە هۆی گرفتی بەڕێچوونەوە مانیان گرت کە بە کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی، ٤ هەزار کەسیان دەرکران و کرێکاری تازەیان لە جێگا دادەندرێت!.

بەڵێ ناڕەزایەتی بەجێی کرێکاران بۆ وەرگرتنی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ هەڵاوسانی هەوسار پچڕاو، بە دەرکردنیان وڵام ئەدرێتەوە. بێ گومان خامنەیی لەم هەڕەشه‌یە ئاگادارە بەڵام ئەو و سەرجەم مودیرانی نیزام، نایانەوێ کە لەبەرانبەر داخوازی ڕەوا و بەجێی کرێکاراندا پاشەکشێ بکەن و دان بە داخوازیەکانیاندا بنێن. لەبەر ئەوەی کە هەر چەشنە پاشەکشەیەک بۆ مانەوەی حاکمیەتەکەی بە مەترسیدار دەزانێ.

خامنەیی هەڵبەت لە قسەکانی یەکلایەنەی خۆیدا نەیوت کە ساڵانێک ناڕەزایەتی کرێکاران و سەرکوتی ڕێکخراوە کرێکاریەکان بە دەستی دەزگا ئەمنیەتیەکانی ژێر فەرمانی ئەو و گرتنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری بۆچی ڕوویداوە و لەبەرچی هێشتا بە شیدەتی زیاترەوە درێژەی هەیە و نەیوت بۆچی کەمتر چالاکێکی کرێکاری هەیە کە چەندین جار ڕەوانەی زیندان نەکرابێت و لەوێدا ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازار نەدرابێت.

  خامنەیی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتیزۆر خۆشحاڵم کە گوروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانی کۆمەڵگەی کرێکاری هانبدەن و وتی کە کرێکاران لە پاڵ نیزامدا وه‌ستاون.” و لە درێژەدا وتی کە:” گرنگ ترین نیشانەکانی وەفاداری کۆمەڵگەی کرێکاری بە نیزام هەڵسوکەوتی ئەوان لەم چەند دەیەدا بووە، لەگەڵ نەمانی گروهەکەکان( کە مەبەستی سەکوت کردنیانە)، لەمڕۆدا بە وتەی ئەوزیاتر نەیارانی دەرەکی لەم قەزیەدا دەستیان هەیە. بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگەی کرێکاری لە بەرانبەر نیزامدا ڕابگرن.”

خامنەیی بە باشیی دەزانێت کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە سەرتاسەری ئێران لە ساڵانێک لەوە پێشەوە و بەتایبەت لە ساڵی ڕابردودا نە تەنیا لە پاڵ نیزامدا نەبوون بەڵکو سەرسەختانە لە بەرانبەریدا وه‌ستاون. ئەودەنگی مردن بۆ دیكتاتۆڕی بێ گومان بیستوە، ئەوە دەنگی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی لە ستەم و سەرکوت و بێ مافی لە سەرتاسەری ئێراندایە کە بەرز دەبێتەوە. ئەو دەزانێ کە بۆ ئەم خەڵکە هیچ ڕێگایەک بێجگە لە ڕزگار بوون لە حاکمیەتی ئەو نەماوەتەوە. لە بارودۆخێکی قەیراناوی وەک بارودۆخی ئەمرۆی ئێران کە هەژاری و فەلاکەت، قین و توڕەیی و ناڕەزایەتی قوڵ سەرتاپای ئەم وڵاتەی داگرتوە، خەڵکێک کە باری قورسی ئەم قەیرانەی لەسەر شانە، لەوانە کرێکاران لێبڕاون تا بۆ گۆڕینی بارودۆخی مەوجود و باشتربوونی دۆخی ژیانیان هەنگاو هەڵێننەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی کە دانی هەر جۆرە ئیمتیازێک بە کرێکارانی ناڕازی و خەڵکی ئازادیخواز و ژێر ستەمی ئەم وڵاتە بۆ مانەوەی خۆی بە مەترسیدار دەزانێ، بە هەموو توانای خۆیەوە لە بەرانبەر ئەم داخوازیە مافخوازانەی خەڵکدا خۆڕاگری دەکات و لەم ڕێگایەدا لە دەست بردن بۆ هیچ جەنایەتێک ناپرینگێتەوە. دوژمن سازی لەوەی کە خامنەیی ناوی دەنێتنەیارانی دەرەکی، شگردێکی ئاشکرایە کە بەکار هێنانی زۆر و تێکرارکردنەوەی، ئاکامی بە تەواوەتی پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی ئەوی لێکەوتۆتەوە. لە ڕاستیدا، خامنەیی و نیزامەکەی لەم شگردە زیاتر لە ڕادەی خۆی کەڵکی وەرگرتوە و خەنەکەیان لەم بوارە ئیتر ڕەنگی نییە. ڕیشەی گرفتی خامنەیی نەک لە دەرەوەی سنورەکان بەڵکو لە قوڵایی کۆمەڵگای ئێراندایە. بێ گومان کرێکاران بە پەرەدان بە ناڕەزایەتی خۆیان وڵامێکی توند بە وڕێنەکانی خامنەیی و باقی بەڕێوەبەرانی ورد و درشتی نیزامی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی ئەدەنەوە.