کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خومەینی هاتەوە، ٦ ملیۆن کەس ئێرانیان بەجێهێشت! وتەیەک بەبۆنەی ساڵیادی گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران

  چل و چوار ساڵ لەوەپێش لە وەها ڕۆژێکدا دوای ئەوەی کە واسیتەکانی معامەلە لەگەڵ ئامریکا خومەینیان دڵنیا کردوە کە ئامریکا بەر بە هەر چەشنە کردارێکی نیزامی ئەڕتەشی شا دەگرێت لەدژی ئەو و ڕەوتی ئیسلامی لایەنگری، بە فرۆکەیەکی فەڕانسەوی گەڕایەوە بۆ ئێران و لەو رۆژەوە کارەساتبارترین تاریخی سەردەمی ئێستای ئێران دەستی پێکرد و مەشروتەچیە شکست خواردوەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت.

خومەینی و هاوبیرانی کە دوو دەیە لەوەبەر لە ڕسالە، سوخەنڕانی و بە تایبەت لە کتێبی تەوزیحۆ المەسایلدا، تایبەتمەندیەکانی حکومەتی مەزهەبی شیعە و نەزریەی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهیان ڕەسم کردبوو، ئەمجاره‌ بە ئامادەیی و غافڵبوونی خەڵکی ئێران دەرفەتیان دەستکەوت تا نابەوەخت ترین و کۆنەپەرست ترین حکومەتی مەزهەبی ناوچەکە لە حاڵەتی قسەوە بکەنە ئەمرێکی کرداری.

چل و چوار ساڵ سەرکوت و جانایەتی دەسەڵاتداران، ئێرانی بۆ زۆربەی خەڵک کردە زیندانێکی گەورە. لە هەمان یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاری حکومەتی ئیسلامیەوە لە ساڵی ١٣٥٧ خەڵکی کوردستان کەوتنە بەر پەلاماری نیزامی. ژنان، کومونیستەکان، ڕەخنەگرانی ڕژیم ئیسلامی، بیر جیاواز و دگەرئەندیشان، بەهاییەکان، کەمینە مەزهەبیەکان، هونەرمەندان و نووسەران، تەشەکولە کرێکاری و خوێندکاریەکان بە گشتی کەوتنە بەر توندترین  ئازار و سەرکوت.

چل و چوار ساڵ لەوەپێش ئاخوندێکی کۆنەپەرست و درۆزن، کە فریودانی خەڵکی بەکەڵەکی شەرعیناودەبرد بە سڵاو و سه‌ڵه‌وات لە تاران دابەزی و زیاتر لە شەش ملیۆن ئێرانی ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات کرد. دەیان هەزار کەس لە نەیارانی خۆی زیندانی و ئەشکەنجە و بە هەزاران کەسی دیکەشی ئێعدام کرد.

دوای چوار دەیە لە دامەزرانی حکومەتی ئیسلامی لە ناخی ئاگر و خوێندا، ئێستا کۆمەڵگای ئێران لە حاڵی ئاڵوگۆڕێکی مێژوویی  دایە. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سەرنج و ڕێزی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچەکە و دنیای بۆخۆی ڕاکێشاوە.

دەرسەکانی شکستی شۆڕشی ٥٧ و بە دەسەڵات گەیشتنی ئیسلامیەکان لەمڕۆدا زیاتر لە هەموو دەورەیەک گرنگ ترە. ئەمڕۆ کەوا ئوپوزسیۆنی ڕاست لەهەوڵی سوار بوونی سەپۆلی شۆڕش دایە و تێکرارکردنەوەی سیناریۆی شکست خواردوی ساڵی ١٣٥٧، وە داوای وەکالەتی درۆینە لە خەڵک دەکەن، دەبێ زیاتر لە پێشو چاوکراوە و  وشیار بین.

هەڵەیەک لەمڕۆدا دەتوانێ سەرەتای تێکرار بوونەوەی کارەساتێک بێت کە ٤٤ ساڵ لەوەپێش بەسەر خەڵکی ئێراندا هاتووە. لەمڕۆدا دەبێ بەرنامە، پلاتفۆڕم، سیاسەتەکانی هەر هێزێکی ئوپوزسیۆن ڕوون و ئاشکرا بێت. خەڵک نەچنە ژێر هیچ گوشارێکەوە و دەرفەتی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی سەرجەم ئیدیعاکانیان هەبێت.

لە یەک سەدەی ڕابردودا ڕۆحانیەت و سەڵتەنەت بە تەنیایی و یان بە هاوکاری بە کردەوە بەیەکەوە هۆکاری سەرەکی سەرکوت، ئیستبداد، دواکەوتویی، گەندەڵی و تاڵانی سەروەت و سامانی خەڵکی ئەم وڵاتە بوون. لە سەرودەمی چل و چوارەمین ساڵیادی گەڕانەوەی خومەینیدا بۆ ئێران، خەڵکی شەریف و ئازادیخواز لە ئەزمونەکانی خەباتی یەک سه‌ده‌ی ڕابردوی خۆی و ئەزمونە جیهانیەکان دەرس وەردەگرێت، و ئیجازە نادات بۆ چەندین دەیەی تر ئیستبداد و دیکتاتۆڕی بەسەر ئێراندا زاڵ بێت.

کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، لاوان، کومونیستەکان و هێزە چەپەکان، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و بەلوچستان، لە ئێرانێکدا کە لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سروشتی ڕۆنیشتەوە، شان بە شانی یەکتر توانایی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر و پڕ لە ڕیفاهیان هەیە. خەڵکێک کە سەڵتەنت و حکومەتی ئیسلامی بە چۆکدا هێنابێت شایانی دامەزراندنی وەها نیزامێکە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-