کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سنوردارکردنی ئێنترنێت و هەژارکردنی زیاتری خەڵک لەلایەن حکومەتی ئیسلامیەوە

download

بڕانی ئێنتڕنێت پەیوەندی ڕاستەخۆی لەگەڵ خراپتربوونی ڕێگای کار و کاسبی خەڵک، بە تایبەت ژنان، وردە فرۆشەکان، و ئەو لاوانەدا هەیە کە تازە دێنە نێو بازاڕی کارەوە. بەم جۆرە سەرکوت و خەفەقان هەزینەیەکی قورس دەخاتە سەر شانی خەڵکی فەقیر و هەژار.

بەپێی ڕاپۆرتی نەشریەی هەم مەیهەن بەهۆی بڕان یان سنوردارکردنەوەی حکومەتی ئینتێرنێت، لە هەر پێنج کەس، یەک نەفەریان کارەکەی لەدەست داوە. بەدوای کێشە و مەحدویەتەکانی ئینتێرنێتی و نابەسامانی بادرودۆخی ئیشتیغاڵ هەڵسوڕاوانی حەوزە جۆراوجۆرەکانی کەسب و کار، ژمارەی ئەو کەسە ئێرانیانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن وەک نمونە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی لیکندین دا، گەیشتۆتە ٢١٠ هەزار کەس. کەسانی خاوەن پێشینەی کاری کەمتر لە ٢ ساڵ زیاتر لە کەسانی بە پێشینەی کاری بانتر لە ١٠ ساڵ بێکار بوون.

سنورداربوونەی ئینتێڕنێتیەکان، بوونەتە هۆی زیان گەیشتن بە کار و پیشەی ٣٥ لەسەدی کارمەندانی ژن. ٦٥ لەسەد لە ژنان وتویانە بێکار نەبوون، ٢١ لەسەد وتایانە بێکار بوون و ١٤ لەسەد دەڵێن ئەگەری هەیە بە زوویی لەسەرکار نەمێنن.

٣٦ لەسەدی کەسەکان بەهۆی کەمبوونەوەی ئینتێڕنێتەوە لەم دواییانەدا، کەسب و کاریان لەدەست داوە و بێکار بوون، ٢٠ لەسەدیان وتویانە بێکاربوون و ١٦ لەسەدیان دەڵێن، ئەگەری هەیە بە زویی بێکار بکرێن.

ئاکامی ئەم ڕاپرسیە نیشانی ئەدات، لە سەرجەم بازاڕی کاری یەخەسپیەکان، لەهەر ٥ کەس، کەسێک بەهۆی بەرتەسک بوونەوەی ئینتێرنێتەوە لەم دواییانەدا کارەکەی لەدەستداوە. واتە لە ئاستی وڵاتدا و لە سەرجەم پیشەکاندا لە هەر ٣ کەس، کەسێکیان کارەکەی لەدەستداوە یان ئەگەری لەدەستدانی هەیە بەم زوانە.

سەرکوت و خەفەقان هەزینەیەکی قورس دەخاتە سەر شانی خەڵک، بوجەی گشتی کە دەبێ سەرفی ئاسایش و ئەمنیەتی خەڵک بکرێت، بۆ حقوق و مەزیای سەدان هەزار کەس لە هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکان، دابینبوونی بودجە بۆ دەزگای گەندەڵی قەزایی و تەبلیغات و پڕوپاگاندای مەزهەبی خەرج دەکرێت.

  لە هەمانحاڵدا نائەمنکردنی شوێنەکانی کار و ژیانی خەڵک، گرتنی بەرین و بریندارکردنی ناڕازیان و بەتایبەت بڕینی ئینتێڕنێت گەلێک کەس لە دابینکردنی پێداویستیە زەروریەکان بێبەش دەکات و دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی زۆری کڕین و فرۆشتن و دەست ڕاگەیشتن بە بازاڕی کار. بڕانی ئینتێڕنێت گورزێکی قورسە لە کەسب وکاری خەڵک ئەدرێت و بەتایبەت توێژی ئاسیب پەزیری کۆمەڵ لەوانە ژنان، منداڵان و لاوان زەرەرمەندی سەرەکی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی کۆنتڕۆڵی ئینتێرنێتن لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە.

لە دنیای مۆدێڕن و دنیای هاوچەرخدا بە ملیۆن کەس بە شێوەی شەخسی و تاکەکەسی کار دەکەن کە بەبێ دەستڕاگەیشتن بە ئینتێڕنێتی بەهێز و هەرزان کارکردنیان بە کردەوە نامومکینە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەگەڵ هەر ناڕزایەتیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا لە ئێران حکومەتی ئیسلامی بە خێرایی تۆڕی ئینتێڕنێت دەبڕێت و بەرەوڕوی کێشەی جیدی دەکاتەوە.

هەبوونی ئینتێرنێتی بەهیز و هەرزان لە زومڕەی مافە سەرەتاییەکانی فەردی، کۆمەڵایەتیەکانی ئینسانی ئەم سەردەمەیە. حکومەتی ئیسلامی لە دوو ئاستدا خەڵک سەرکوت دەکات. یەکێکیان لەسەر شەقامەکان و زیندان و ئەویتر بە بڕینی ئینتێرنێت بە بیانوی سیاسی.

خەبات بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی مەرجی پێویستی دەستەبەربوونی ئازادی و بە ڕەسمیەت ناسینی مافی سەرەتایی ئینسانەکانە، لە هەمانحاڵدا خەباتێکە دژبە هەژارسازی زیاتری خەڵک لە ڕێگای فیلتێرینگ و بڕینی ئینتێڕنێت لە لایەن حکومەتەوە بە هۆکاری سیاسی.