عەلی خامنەیی لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە خەڵکی قوم بە ئاماژە بە فەزای مەجازی و ڕاگەیاندنەکان وتی کە لە ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەدا” دەستی دوژمنی دەرەکی ئاشکرا بوو”. ئەو ڕێگای بەرەنگار بوونەوەی لەگەڵ” پڕوپاگەندای” لەسەر لاوان جیهادی تەبیین ناوبرد و وتی کە کاریگەری وەسوەسە لەسەر گەنجان ناکرێت بە باتوم چارەسەر بکرێت، تەبیین دەتوانێ لایبەرێت.
چوار مانگە کە خامنەیی و هاوبەشەکانی هەرچیەکیان لە دەست هاتوە کردویانە بۆ سەرکوتی خەڵک و نەیانتوانی شکست بە ناڕەزایەتیەکان بێنن و خەڵک بێدەنگ بکەن. نزیک بە ٥٦٠ ئێعدامی و قەتڵی حکومەتی لە سەرشەقام و لە زیندانەکاندا، بە دەیان هەزار زیندانی و بە هەزاران بریندار عەزمی خەڵکی بۆ گۆڕینی ڕژیمی ئیسلامی و ڕوخاندنی نیزامی ئیسلامی شێلگیرانەتر جەزم کردوە.
خامنەیی و حکومەتی ئیسلامی کە باتوم و چەکیان داوەتە دەست بەکرێگیراوانیان، ئێستا لێیان حاڵی بووە کە دەزگای سەرکوت بە تەنیایی ناتوانێ بارودۆخی سەدە نێوەڕاستیەکان، هەژاری و بێ مافی بەسەر خەڵکدا داسەپێنێ. خامنەیی بە زەینی نەخۆشی خۆیەوە چارەی کاری لە تەبییندا دیوەتەوە. واتە تەبلیغاتی زیاتر، و بەسیج کردنی بەرینتری ئاخوند و دەزگای مەزهەب بۆ ئاوەژوو کردنەوەی ڕاستیەکانی مەوجود و فریوکاری زیاتر.
بە هیچ ڕادەیەک لە بەسیجی تەلیغی ناکرێت هەژاری زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران پاساو بدەیت. بە هیچ ڕادەیەک لە تەبیین و تەبلیغاتی مەزهەبی ناکرێت کۆڵبەرانی کوردستان و سوختبەرانی بەلوچستان قانع بکەیت کە ژیانێکی باش و پیشەیەکی گونجاویان هەیە. هەر وەک ئەوەی کە ناکرێت هەڵاواردنی نیهادینە بوو لەدژی ژنان بەرەو پێش بەریت، بە هیچ تەبیینێک ناتوانی ژنان وەک شارۆمەندی پلە چەندم چاولێبکەیت، یان بیانکەیتە ژنانی ئاشپەزخانە و سەرکوتکراو، و لە مەیدانە کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیەکان دووریان بخەیتەوە.
ئێران وڵاتی ئێعدام، ئەشکەنجە، زیندان و بێ مافییە. ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بوونیان نییە. ئەگەر باتوم و ئەشکەنجە کاریگەر نەبووە، چلۆن دەتوانن بە جیهادی تەبیینی ئیستبداد، گەندەڵی و جەنایەتی ڕژیم پاساو بکەن؟
گرانی، هەژاری، بێکاری، نەبوونی ئەمنیەت کاسەی سەبری خەڵکی لێوڕێژ کردوە. چۆن دەتوانن ئەم گشتە هژاری و فەلاکەتە بە تەبلیغاتی زیاتری مەزهەبی پاساو بدەن؟ ئەویش لە بارودۆخێکدا کە نەفرەتی خەڵک لە ئاخوندەکان شەپۆل ئەدات لە ئێراندا.
ژینگەی ئێران گەیشتۆتە سنوری وەرشکست بوون و کارەساتی ژینگەیی لە کەمین دایە، ئێوە دەتانەوێ بە دۆعای باران و یان حیجابی ئیجباری ژنان کێشەی کەم ئاوی و وشکەساڵی تەبیین بکەن!
خامنەیی و هاوبەشەکانی باش دەزانن کە حکومەتی ئیسلامی گەیشتۆتە ئاخری خەت و ئیتر نە باتوم و نە تەبلیغاتی ئیسلامی نایەن بە هانایەوە. دان پێدانان بە شکستی سیاسەتی سەرکوت، لە ڕاستیدا دان پێدانانە بە شکست لە حەوزەی تەبلیغات و پڕوپاگەندای مەزهەبیشدا.
چل و چوار ساڵە ئاخوند و دەزگا مەزهەبیەکان بە لەبەردەستدا بوونی بە تەواوەتی هەموو ناوەندە تەبلیغاتی و ئاموزشیەکان وبە سەرفی هەزینەی بە میلیارد دۆلاری نەیانتوانی خورافات و کۆنەپەرستی ئیسلامی تەبیین بکەن، ئێستا چۆن لە سەرەولێژی ڕوخاندا تەبلیغاتی ئیسلامی دەتوانێ موعجیزە بکات؟
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەنگی زەنگی روخانی حکومەتی ئیسلامی لە ئێران و لە ئاستی دنیادا دەنگی داوەتەوە و ئیتر نە جەنایەت و ئێعدام و نە وڕێنەی ئاخوندی، خامنەیی و هاوبەشەکانی لە شکست و شەرمەزاری ناپارێزێت.