کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەبات بۆ دابین کردنی شوێنێکی ئەمن بۆ ئاوارەكان و پەناخوازان وتەیەک بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران

رۆژی ٢٠ی ژوئه‌ن بەرابەر لەگەڵ ٣٠ی جۆزەردان، رۆژی جیهانی پەنابەرانە. بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی پەنابەرانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رۆژی ٢٨ی مانگی جۆزەردان بڵاوی کردەوە، ژمارەی ئاوارەکان لە ساڵی ٢٠١٤ گەیشۆتە ٥٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس. لەم ژمارەیە، ١٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسیان پەنابەران، ٣٨ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیشیان ئاوارەی ناوخۆیی و یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لەو کەسانە پێکدێن کە لە چاوه‌ڕوانی موافقەت لەگەڵ داواکاریەکەیاندان. ژمارەی ئاوارە و پەناخوزان لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە رێژەی ٨،٣ ملیۆن کەس بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٣ زیادی کردوە. بەراورد دەکرێت کە ساڵی ٢٠١٤ نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس بە ژمارەی ئاوارە و پەناخوازانەوە لە دنیادا زیاد بووبێت. شەڕەکانی سوریەکە لە لایەکەوە دەوڵەتی ئامریکا، عەرەبستان و تورکیە و لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی و روسیە ئاگرەکەی خۆش دەکەن، لە گرینگترین هۆکاری زیاد بوونی ئاماری ئاوارەکان بە ئەژمار دێن. لە سوریە بە ته‌نیایی ٣ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار پەنابەر و ٧ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاوارەی نێوخۆیی، بوونی هەیە.زیاتر لە ٥٠ لەسەدی ئاوارەکانیش لە منداڵان پێکدێن. دوای سوریە، ئەفغانستان بە نزیکەی ٣ ملیۆن ئاوارە لە ریزی دواتر دایە. وڵاتی عێڕاق، لیبی، یەمەن، سومالی، سودان و ئیریترەش بە نیسبەت جەمعیه‌ت، خاوەنی چەندین ملیۆن ئاوارەن. سەرانی وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژئاوایی، بەردەوام و بە شێوەی ریاکارانە لە رێژەی ئەو ئاوارانەی دەچنە وڵاتەکانیان، دەناڵێنن و کۆمەڵێک یاسای دژی پەنابەری پەسند دەکەن.

بەڵام لە راستیدا زۆرترین پەنابەر لە وڵاتانی لەحاڵی پێشکەوتندا جێگیر بوون و کاربەدەستانی وڵاتانی گه‌شه‌ سه‌ندوو، کەمترین ژمارەی ئاوارە و پەنابەریان لە وڵاتەکانیاندا جێکردۆتەوە. لەپاڵ وڵاتانی سەنعەتی و گەشە سه‌ندوودا، پاشایەتی عەرەبستان و ئەمیرانی دەسەڵاتدار بەسەر وڵاتاتانی خەلیجی فارسیشدا، کەمترین ئاوارەیان رێگەداوە بچنە نێو وڵاتەکانیانەوە. دەروازەکانی ئەم وڵاتانە، تەنیا بەڕووی خاوەنانی سەروەت و سەرمایە و هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی کۆچبەری ئاسیایی کە لە بارودۆخێکی کۆیلە ئاسادا لەم وڵاتانەدا کاردەکەن، کراوە بووە.

462

ئەو موسیبەتانەی کە تەنیا لە ماوەی چەند ساڵدا بەسەر ئاوارەکانی سەرچاوە گرتوو لە شەڕە ئیمپڕیالیستیەکان، ئیستبداد، هەژاری، بێکاری و نەبوونی هیچ چەشنە هیوایەک بە داهاتوویەکی روون هێندراوە، ریشەی لە سەرمایەداری قەیران لێدراوی ئێستا و حکومەتە بۆرژواییە ناوچەیی و ئیمپریالیستیەکاندایە. ره‌قابەتەکانی دوو بلۆکی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، هەوڵی دەوڵەتی ئامریکا بۆ کردنەوەی شکست لەشەڕی ویێه‌تنامدا، ئەفغانستانی کردە مەیدانی شەڕێکی خوێناوی کە تا ئێشتاش، درێژەی هەیە. هێرشی حکومەتی ئامریکا بە سەرۆک کۆماری جۆرج دەبلیو بووش بۆسەر ئەم وڵاتە، بارودۆخەکەی خراپتر کرد. ٣ میلیۆن ئاوارە بەرهەمی کردارەکانی دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانە ناوچەیی و جیهانیەکانیەتی. دواتر نۆبەی عێراق هات. داگیر کردنی عێراق لە لایەن دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیەوە، یەکێک لە کارەساتە کەم وێنەکان لە مێژوی مۆدێرندایە. کوژرانی یەک ملیۆن کەس، داسەپاندنی ٥ میلیۆن منداڵی بێ باوک و مەیدان دان بە وێرانگەرترین شەڕە فیرقەییەکان بووه‌ هۆی ئاوارە بوونی بەملیۆن کەس کە ژمارەیەکیان هەرلەم چەند مانگەی دواییدا لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا خنکان.ئەم دوو شەڕە و یارمەتیە راستەخۆ و ناڕاستەوخۆکانی دەوڵەتانی ئامریکا، عەرەبستان، قەتەر، تورکیە و ئێڕان بۆ کۆنەپەرستترین هێزی ئیسلامی وەک داعش، قاعیدە، تالیبان و هەروەها شه‌ڕه‌كانی لیبی و یەمەن، زەمینە خۆشکەری ئاوارە بوونی بەملیۆن خه‌ڵك لە ناوچه‌ی رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاسته‌. بەڵام ئەمە هەموو داستانەکە نییە. هەژاری، بێکاری، ژن ئازاری، ئیستبدادی هاری دینی، ئەو حكومەتە گەندەڵ و زۆردارانەی کە لە هەوڵدان تا کەشتییە لە قوڕ چەقیوەکەیان لە شەپۆلی قینی خەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش رزگار بکەن، لە باقی هۆکارەکانی زیاد بوونی ژمارەی پەنابەرانن لە دنیادا. سەرانی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری لە دەوڵەتانی ئوروپایی و ئامریکاییەوە گرتویەتی تا حکومەتی ئۆسترالیا، بە بێ شەرمی تەواوەوە پەناخوازان وەک خەڵکێک وێنا دەکەن کە بەخاتری ئیمکاناتی رێفاهی خۆیان لە ئاو و ئاگر ئەدەن تا بگەنە وڵاتێکی ئەمن. ئەوان لە ئوروپا بە داخستنی سنورەکانیان و هاوکاری نەکردن، ئاوارەکانیان لە دەریای مەدیتەرانە و یان ئوقیانوسەکانی نزیک ئوسترالیادا وێڵکردوە و بوونەتە هۆکاری خنکانی ئەو ئاوارانەی کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵن.زۆربەی ئەو دەیان میلیۆن کەسەی کە بەشوێن شوێنێکی ئەمنەوەن لە چینی کرێکار و توێژی بێبەش و زۆرلێکراوی کۆمەڵگان. ئەوان بە هەر دەرەجەیەک لە خوێندن و شارەزایی فەننیەوە بگەنە وڵاتانی ئەمن، بەریزی بێ مافترین کرێکارانەوە پەیوەست دەبن. پەناخوازان و ئاوارەکان شایستەی جیدی ترین و پەیگیر ترین پشتیوانیەکانن. دەبێ رۆڵی سیستمی سیاسی و ئابووری زاڵ و حکومەتە بۆرژوایی و ئیمپریالیستیەکان لە دروست کردنی کارەساتی ئاوارەییدا ئیفشا بکرێت. پێویستە سەرانی وڵاتانی ئیمپڕیالیستی ریسوا و درۆ و ریاکاریەکانیان سەبارەت بە دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان و هیتر ئاشکرا بکرێت. ئەوان سەبەبکارانی بەرپا بوونی شەڕە وێرانگەرەکان و کارەساتی ئاوارەیی، لە خاوەرمیانەن. ئەوانن کە پەرە بە مسابقەی تەسلیحاتی ئەدەن و لە پەنای ئەم سیاسەتەدا بەملیارد دۆلار چەک بە حکومەتەکانی داسەپاو بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا دەفرۆشن. دەبێ بە پشت بەستن بە ئەفکاری گشتی پێشڕەو و ئینساندۆست و هێزە خەباتکارەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا دەوڵەتە رۆژئاواییەکان ناچار بکرێن تا رێز لە مافی ئاوارەکان و پەناخوازان بگرن. پێویستە خەبات بۆ بە رەسمی ناسینی مافی نیشتەجێ بوون و دابین کردنی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو کەسێک وەک ئینسان بە مافێکی جیهان شمول و وەک شارۆمەندێکی جیهانی و لەوانە مافی نیشتەجێ بوون لە هەر شوێنێکی دنیادا کە بیەوێ، پەرەبستێنێ.