لە بیست و دووی جۆزەردانی ١٣٨٨ دا هەڵبژاردنی دەیەمین دەورەی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا بەڕێوەچو. زیاتر لە ٤٦ ملیۆن کەس لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان هەبوو کە بە ئیدیعای وەزاڕەتی نێوخۆ ٨٥ لەسەدیان لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداریان کرد. لەنێو ئەو داوتەڵەبانەدا کە ناو نووسیان کردبو تەنیا ٤ کەس لە لایەن شوڕای نیگابانەوە تەئید کران. ئەوانیش بریتی بوون لە مەحمود ئەحمەدی نیژاد، سەرۆک کۆماری ئەوکات، میر حسەین موسەوی، مێهدی کەروبی و موحسین رەزایی. لەنێو ئەم چوار کەسەدا مەحمود ئەحمەدی نیژاد بە زیاتر لە ٢٤ ملیۆن دەنگ وەک براوە لە سندوقەکانی دانگدان دەرهێندرا. موسەوی بەخێڕایی رایگەیاند کە لە کاتی دانگدان و لە بژاردنی دەنگەکاندا فێڵ کراوە و کەروبیش ئەو بۆچونەی تەئید کرد. دەیان هەزار کەس لە بەملیۆن خەڵکی توڕە کە چاوەڕێی دەرفەت بوون تا قوڵایی نەفرەت و بێزاری خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دەرببڕن لە تاران و چەند شاری تر بەشێوەیەکی خۆڕسک و بە دروشمی ” کوا دەنگی من” لە رۆژی ٢٣ ی جۆزەرداندا رژانە سەر شەقامەکان.ئەحمەدی نیژاد لەم رۆژەدا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردندا بەڕەسمی راگەیاند و خۆپیشاندەرانیشی بە زبڵ و خاشاک ناوبرد.
خامنەیی لە ٢٤ ی جۆزەرداندا چاوی بە موسەوی کەوت و هەوڵیدا واداریبکات ئاکامە راگەیەندراوەکانی هەڵبژاردن قەبوڵ بکات. بەڵام موسەوی، مەسڵەحەتی لە پێداگرتن لەسەر بۆچونەکانی خۆیدا دەدیت. ئەو رۆژی ٢٥ ی مانگی جۆزەردانی وەک رۆژی بێدەنگی پڕلە ناڕەزایەتی بە تەقەلوب لە هەڵبژاردندا ناوبرد. بەملیۆن کەس لەم رۆژەدا لە تاران و شارەکانی تر بەشداریان لە ئاکسیۆنێکی ناڕەزایەتیدا کرد. مەئمورەکانی بەسیج بەپێی نەخشە و لەکاتی گەڕانەوەی خۆپیشاندەران لە مەیدانی ئازادی تارانەوە ئەوانیان دایەبەر دەستڕێژی گوللە و بوونە هۆی گیان لەدەستدان و بریندار بوونی ژمارەیەک لە نارازیان. هێزەکانی سپا و باقی سەرکوتگەران بۆ دروست کردنی وەحشەتی قوڵ لەنێو کۆمەڵگادا و راگرتنی حەرەکەتە ناڕەزایەتیەکان هێرشیان کردە سەر کوی دانشگای تاران، کوی دانشگای ئیسفەهان و زانکۆی شیراز. هێرشەکەیان بۆسەر کوی دانشگای تاران وەحشیانەتر لەوانی دیکە بوو. سەرکوتگەران بە پێی پلان کاتژمێر ٩ و ٣٠ خولەکی شەو هێرشیان کردە سەر کوی دانشگا لە شەقامی کارگەر و بە هەموو جۆرە چەکێکی سوتێنەر و چەقۆ و تیرئەندازی کچان و کوڕانی بێ دیفاعی خوێنکاریان دایەبەر هێرشێکی وەحشیانە. لە ئاکامی ئەم وەحشیگەریەدا ٧ کچ و کوڕی خوێندکار گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی لەوەش زیاتر بریندار و کەسانێکی زۆریش زیندانی کران. لە لیستی ٧٢ کەسی گیانبەختکردوانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کە دواتر لە لایەن کومیتەی بەدوادا چوونەوە راگەیەندرا ژمارەی گیانبەختکردوانی رۆژی ٢٥ ی جۆزەردانی ٨٨ ی کەسانی سەربە کۆماری ئیسلامی بۆسەر کوی دانشگا ٧ کەس راگەیەندرا کە بریتین لە: مستەفا غەنبان، مینا ئیحترامی، ئیمان نمازی، فاتمە بەراتی، موحسین ئیمانی، کامبیز شوعاعی و کەسرا شەڕەفی.
هیرشی سەرچاوە گرتو لە داماوی بۆسەر خوێندکاران، بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی سەرانی رژیم، ئاگری ناڕەزایەتی و جەوهەری دژی رژیمی و دژی دیکتاتۆڕی ئاخێزی ساڵی ١٣٨٨ ی پێشوەخت ئاشکرا کرد. دروشمی ” کوانێ دنگی من؟” جێگای خۆیدا بە ” مەرگ بۆ خامنەیی”. رێپێوانی بێدەنگی و هەڵگری مەزڵومیەت جێگای خۆیدا بە دیفاع لە خۆیان و هێرشی ناڕازیانی کچ و کوڕ بۆسەر سەرکوتگەرانی سپایی، بەسیجی و پۆلیس. موسەوی و کەڕوبی هەوڵیاندا بەر بە رادیکاڵ بوونەوەی بزوتنەوەی دژی دیکتاتۆڕی خەڵک بگرن. بەڵام خۆپیشاندەران بەبێ ئەوەی گرنگیەک بدەن بەوان ئاکسیۆنەکانیان لە رۆژ و شەودا درێژە پێدا. ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەورووی سەرکوتی توندی هێزەکانی پۆلیسی دژه شۆڕش و پشتیوانەکانیان کە بریتی بوون لە چەکدارەکانی سپا و بەسیج بوویەوە. لە ٣٠ جۆزەردان و رۆژێک دوای سوخەنڕانی عەلی خامنەیی لە یەکەم نوێژی جومعه دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، کە تێیدا بەرپرسیاریەتی هەموو جۆرە خوێنڕشتنێکی خستە ئەستۆی بەڕێوەبەرانی ناڕەزایەتیەکان، سەرکوت كردنی خۆپیشاندهران لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و تیرئەندازی لهوان به شێوهیهكی بهرچاو پهرهیسهند. خودی کاربەدەستانی دەوڵەت لە تاران باسیان لە لانیکەم ١٩ کوژراو و ژمارەیەکی زۆر بریندار کرد. بەم حاڵەوە ژمارەی گیانبەختکردوان بەپێی راپۆرتی گوروپەکانی لایەنگری مافەکانی مرۆڤ و راپۆرتە ناڕەسمیەکان زیاتر لە ١٥٠ کەس بووە. هەواڵی بەرگوللە دانی ئاگاهانەی ندا ئاقا سوڵتان لەگەڵ بڵاو بوونەوەی فیلمی گیان لەدەستدانی لەم رۆژدا بەشێوەیەکی بەرین لە راگەیەنەرە جیهانیەکاندا بڵاو کرایەوە. مەرگی ئەم کچە لە بەرانبەر دوربینی موبایلێکدا رێسواییەکی گەورەی بۆ کۆماری ئیسلامی بەشوێنەوە بوو. بە دەستوری سەرانی رژیم و لەوانە خامنەیی مەئمورە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە حەفتەکانی داوی هەڵبژاردن و لەنێو ناڕەزایەتیەکاندا، چوار هەزار کەس لە رۆژنامە نووسان، سیما ناسراوەکانی بەناو ئیسلاح خواز و خەڵکی ناڕازیان دهستبهسهر كرد. نمایشی بەناو دادگاکان و تەواب سازی لە ئیسلاح تەڵەبەکان هاوکات بوو لەگەڵ بڵاو بوونەوەی گەلێک راپۆرت سەبارەت بە بەد رەفتاری لەگەڵ زیندانیان، ئەشکەنجە و لێدان، ئازاری جنسی و کوشتنی ژمارەیەک لە گیراوەکان.
ئەم کردارە سەرکوتگەرانە نەک هەر لە خۆپیشاندانەکان و رادیکاڵ بونەوەیانی کەم نەکردەوە، بەڵکو بوو بەهۆی ئەوەی کە نارازیان تاکتیکی نافەرمانی مەدەنی بە ئاکسیۆنە خیابانیەکانیانەوە زیاد بکەن. دەر کردنی بەیانیەی ناڕەزایەتی، هاوکاری نەکردن لە مەیدانە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیەکاندا، نووسینی دروشم لەسەر دەرو دیوار و بەسەر دراوی کاغەزییەوە و دروشمگەلی شەوانە لە زومرەی نافەرمانیەکان بوو. لە ئاکسیۆنە خیابانیەکاندا دروشمی مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی و پێشێل کردنی وێنەی خومەینی و خامنەیی و ئاگردانیان قوڵایی رادیکاڵیزمی بزوتنەوەکە و حوزوری بەرینی جەماوەری کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی خوازیاری روخانی رژیمی ئیسلامی، پیشان ئەدا.