لە دوو مانگ و نیو دوای گیانبەختکردنی ژینا ئەمینیە بە دەستی مەئمورانی ڕژیم، ئیبتیکار و ڕێبەریی لە لەسەر شەقامەکان و لە ڕاگەیەنەرە کۆمەڵایەتیەکاندا بە دەست ناڕازیانەوەیە. حکومەتی ئیسلامی بە بەدەستەوە بوونی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، بە بەدەستەوە بوونی ئیمپڕاتۆڕیەکی تەبلیغاتی ڕاگەیاندن، بە بەسیج کردنی زیاتر لە نیو ملیۆن پاسدار، بەسیجی، ئەڕتەش، هێزەکانی پۆلیس و ئیتلاعات و سەرجەم ئیمکاناتی حکومەتی دژبە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئیبتیکاری عەمەل لە بواری دروشمەکان، شێوازەکانی خەبات و دیاری کردنی مەیدانی تێکۆشان بە دەست خەڵکەوەیە.
حکومەت لە دەست بردن بۆ هیچ توندتیژی و جەنایەتێک سڵ ناکاتەوە، ئاماری گیانبەختکردوانی ئەم دواییە کە ناوەکانیان تۆمار کراوە، لە سنوری ٤٥٠ کەس تێپەڕێوە، بە هەزاران کەس بریندار و زیاتر لە ١٨هەزار کەسیش دەستبەسەر، زیندانی و ئەشکەنجە دراون.
حکومەت لە بڵینگۆ ئاشکراکانیەوە باس لە سەرکوتی خەڵک و تێکشکاندنی ناڕەزایەتیەکان دەکات، بەڵام لە تاریکخانە ئەمنیەتی و نیزامیەکانیدا باس لە پەرەسەندنی خەبات، لە گشتی و جەماوەری بوونەوەی ناڕەزایەتیەکان، لە ڕێىەریی ئاسۆیی ناڕەزایەتیەکانی سەرشەقام، لە عەزمی جەزمی خەڵکی ناڕازی بۆ ڕوخاندنی ڕژیم و باس لە بێتوانایی ماشێنی سەرکوت و دەزگای ڕۆحانیەت دەکات.
گشتگیر بوونی ناڕەزایەتیەکان و پەرەسەندنی ئەم خەباتە، هێزە سەرکوتگەرەکان بەرەوڕووی ماندوبوون، شەکەتی و ناڕەزایەتی کردۆتەوە. تۆماری جەلەسەی یەکێک لە فەرماندەکانی سپا بۆ هێزە ئەنیەتیەکان کە بڵاو بۆتەوە، باس لە ناڕەزایەتی لە ڕیزەکانی ڕژیم دەکات و دەڵێ:” حقوقی مانگانەی هەشت ملیۆن تمەنی بۆ سەرکوتی شەوانە ڕۆژی کافی نییە و پێویستە ئەنگیزەیان بدرێتێ بۆ سەرکەوت و حقوق و مەزایای هێزە سەرکوتگەرەکان زیاد بکرێت.
دوو مانگ و نیو خەبات و تێکۆشان دەرفەتی دا بە خەڵک تا خۆیان بۆ شکڵ و شێوازی خەباتی ئالۆز تر، جۆراوجۆر تر و فەرسایشی تر ئامادە بکەن. ئەوە بەشە جۆراوجۆرەکانی خەڵکن کە دیاری دەکەن: کێ، چۆن، لەکوێ و لە چ کاتێکدا بێنە سەر شەقام و یان باقی شێوازەکانی دیکەی خەبات دەست پێبکەن.
بە شەو رۆژ و لە حەوت رۆژی حفتەدا ناڕەزایەتیەکان لەدژی ڕژیم بە شێوەی جۆراو جۆر دەرێژەی هەیە. خوێندکاران و قوتابیان لە کاتژمێری تایبەت و لە شوێنی فێربوون و بارهاتن، یان لەسەر شەقام ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ژنان و لاوان لە رۆژانی تایبەتدا دەست دەکەن بە نیشاندانی ناڕەزایەتی جۆراوجۆر. هەینیەکان لە بەلوچستان رۆژە خوێناویەکانن و شەوانە بەشێک لە مەیدانەکان بەدەست خەڵکی ناڕزایەوەن.
کرێکاران، شۆفیران، مامۆستایان، وەکیلەکان، هونەرمەندان، وەرزشکاران هەرکامە و مەیدانێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، مانگرتن و دژایەتی خۆی لەگەڵ ڕژیم دیاری دەکات.
ڕاگەیەنەرەکانی دەرەوەی وڵات، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، چەند ملیۆن کۆچبەری ناڕازی ئێرانی لە وڵاتانی دەرەوە، بە شێوەیەکی تر مەیدانیان بە ڕژیم و هێزە سەرکوتگەرەکانی تەنگ کردوە.
وڵامی ڕژیم کاردانەوەیی، توندوتیژ ئامێز، پڕ لە درۆ و بێ ئیستراتیژیەکی یەکدەستە.
سەرکوتی توند و بە ئاشکرا وڵامی توندی کاکڵەی سەختی حکومەت، بە تایبەت خامنەیی، هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکانە و تەنانەت چەند بەشێکیش لە حکومەت توشی دودڵی و ڕاڕایی، سەرلێ شێوان و بێ هیوایی بوون لە ئاکامی سەرکوتی ڕژیم.
درێژەی خەبات، هاوئاهەنگی، نزیکایەتی و ڕۆشن بوونی دروشمەکان و داخوازیەکانی خەڵکی ناڕازی هێزە سەرکوتگەرەکان زیاتر لە پێشو توشی ڕاڕایی و دوودڵی و هەڵوەرین دەکات. بۆ یەکەم جارە لە ماوەی چوار دەیە خەبات لەدژی حکومەتی ئیسلامی، ئەوە خەڵکن کە ئیبتیکاری عەمەل و کۆنترۆڵی خیابانەکان و فەزای مەجازییان بەدەستەوەیە. لە هەمانحاڵدا ئەوە حکومەت و ماشێنی سەرکوتیەتی کە بێ ئیستراتیژی ڕوونە و تەنیا پشتی بە سەرکوت و شانتاژ و درۆ بەستوە.
هەموو مەیدانە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، هونەری، سیاسی و ڕاگەیەنەرەکان لە کۆنتڕۆڵی خەڵکی ناڕازی دایە. ڕژیم بە خەرج کردنی بە ملیارد دۆلار بۆ تەبلیغات و سەرکوت، داماو بەدەست کۆنتڕۆڵ کردنی بارودۆخەکەوە، پەڕاوێز خراو لە ئاستی جیهانیدا، ماندو و هیلاک، تەنانەت توانایی وەرگرتنەوەی ئیبتیکاری عەمەلی لەدەست خەڵکیشدا نیە. بڵاو بوونەوەی دوو کاتژمێر نەواری قسەکانی سەردارانی سپا لە جەلەسەیەکی شاراوە و دەروونی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمنیەتی لە ڕاگەیەنەرەکانی حکومەتدا، شاهیدێکی دیکەیە لەسەر قودرەت و توانایی خەڵکی ناڕازی، و داماوی و بێتوانایی هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئیسلامی.