له ماوه‌ی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر كاره، ستهمكێشی ژنانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه و خه‌بات له‌دژی زۆڵم و نابه‌رابه‌ری له په‌نا خه‌باتی كرێكاران بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی مافی سه‌ره‌تایی و پێشێلكراویان، به‌رده‌وام ناوه‌رۆكی كێشه‌یه‌كی به‌ربڵاوی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه. حیزب و گرووپه سیاسیه‌كان و ئه‌نجومه‌ن و ناوه‌نده مه‌ده‌نیه‌كان هه‌وڵیان داوه كه له ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه ناوه‌رۆكی ئه‌م خه‌باته باس بكه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌م كێشمه‌كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه به‌رینه كاریگه‌ر بن. به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا جیاوازیه‌كان جیدی و چاره‌نووس سازن. كاتێك كۆمۆنیسته‌كان باس له یه‌كسانی مرۆڤ به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕهگهوز و نه‌ژاد و نه‌ته‌وه ده‌كه‌ن، مه‌به‌ستیان یه‌كسانیه‌كی ڕاسته‌قینه و كۆمه‌ڵایه‌تیه نه‌ك به ته‌نیا به‌رابه‌ر به یاسا. له ڕاستیدا یه‌كسانی یاسایی له كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا كه تێیدا مرۆڤ هه‌ر له سه‌ره‌تای له دایك بوونیه‌وه له باروودۆخ و پێگه‌یه‌كی نابهرابهردایه، ناتوانێ یه‌كسانی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌سته‌به‌ر بكات.
كۆمۆنیسته‌كان وێڕای دیفاع له یه‌كسانی یاسایی هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگا و خه‌بات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م مافه، به‌و نه‌وعه له یه‌كسانیه ڕازی نابن و بۆ دامه‌زراندنی سیستمێك تێده‌كۆشن كه تێیدا ئیمكانات و باروودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی یه‌كسان بۆ هه‌موان بخۆڵقێت. له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه، یه‌كسانی یاسایی هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگا به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد و بیروبۆچوون، ته‌نیا مه‌رجێكی پێویسته بۆ گه‌یشتن به یه‌كسانیه‌كی گشتگیر و هه‌مه لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تیه.
له ڕای ئێمه كۆمۆنیسته‌كان، ژن و پیاو پێویسته له هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسی نه‌ك هه‌ر به یه‌كسانی یاسایی به‌ڵكوو به یه‌كسانیه‌كی ڕاسته‌قینه گه‌یشتبێتن و ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه كه ئه‌وه‌ڵه‌ن هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی كه ده‌بنه هۆی هه‌ڵاواردنی ژن و پیاو هه‌ڵوه‌شێته‌وه. بۆ نموونه ژنیش وه‌ك پیاو مافی كار كردنی بێت و ده‌ستی به هه‌موو شوغڵهكان ڕابگات و له بنه‌ماڵه‌شدا واته له بواره‌كانی وه‌ك هاوسه‌رگیری و ته‌ڵاق و سه‌رپه‌ره‌ستی منداڵان، ژن و پیاو مافێكی یه‌كسانیان بێت. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و مافه تایبه‌تانه‌ی كه له ژێر ناوی “سه‌رپه‌رشتی بنه‌ماڵه” به یاسایی بۆ پیاو له‌به‌رچاو ده‌گیرێ، ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێنه‌وه. پێویسته له كاروباری سیاسیش‌دا، ژنان له‌هه‌موو بواره‌كاندا هه‌روه‌ك پیاوان مافی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژێردرانیان هه‌بێت.
دووه‌مه‌ن، وه‌ك مه‌رجی پێویست بۆ وه‌دی هاتنی مافی یه‌كسان، پێویسته ئیمكاناتی به‌رابه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسی و فێركاری بۆ هه‌موو ژنان به مه‌به‌ستی په‌روه‌رده‌كردنی تواناكان و بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی وشیارییان دابین بكرێت. پێویسته ئه‌م باروودۆخ و ئیمكاناته بۆ ژنان بخۆڵقێت تا بتوانن له بوار ئابووریه‌وه سه‌ربه‌خۆ، له‌سه‌ر پێی خۆیان ڕاوه‌ستن.
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌یكه ئه‌م ئیمكاناته به‌ڕاستی ده‌سته‌به‌ر بێت، پێویسته هه‌موو كۆسپه كلتووری و ئایینیه‌كانی سه‌ر ڕێگای گه‌شه‌ی ژنان لابردرێ. ڕوانگه و بیروبۆچوونی پیاومه‌زنانه كه پێگه‌ی نزم و ژێر سته‌می ژن پاساو ده‌كات و ئه‌م بۆچوونه‌ش هه‌روه‌ك باسمان كرد تا قووڵایی كۆمه‌ڵگا ڕه‌خنه‌ی كردووه، پێویسته خه‌باتێكی به‌رین له‌دژی وه‌ڕێ كه‌وێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه ژنان به‌هۆی ئه‌وه‌یكه نه‌خشێكی تایبه‌تی وه‌ك دایك بوونیان له‌سه‌ر شانه، له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا له‌گه‌ڵ به‌ربه‌ستی زۆر به‌ره‌وڕوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه نیزامی سه‌رمایه‌داری له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه و له به‌رامبه‌ر منداڵانی كۆمه‌ڵگادا خۆی به به‌رپرس نازانێت و هه‌موو ئهرهكهكهی ده‌خاته ئه‌ستۆی بنه‌ماڵه. هه‌ربۆیه زۆرێك له ژنان به‌هۆی هه‌ژاری ماڵی و یان ته‌نانه‌ت كلتووری له كاتی به‌دنیا هێنانی منداڵ گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن یان تووشی گه‌لێك ناڕه‌حه‌تی ده‌بن كه دواتر به‌رده‌وام له‌سه‌ر ژیان و ته‌ندرووستیان قورسایی ده‌كات. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه كه زۆربه‌ی ژنان ته‌نانه‌ت له بوار درێژه‌دان به ژیان و زیندوو بوونیش له‌گه‌ڵ پیاوان یه‌كسان نین. پێویسته كۆمه‌ڵگا له به‌رامبه‌ر ده‌ور و نه‌خشی دایكدا خۆی به به‌رپرسیار بزانێت و نه‌یكاته ئه‌ركێكی تایبه‌ت به ژنان و پێویسته به خۆڵقاندنی ئیمكاناتێكی به‌رین و خۆڕایی لهبوار ته‌ندرووستی و ده‌رمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م به‌ربه‌ست و سته‌مه‌ی كه له كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا به‌سه‌ر ژن دا ده‌سه‌پێت، له‌ناو به‌رێ.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه له كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا ئه‌ركی دایك بوون و په‌روه‌رده كردنی منداڵ، به‌ربه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ده‌خاته به‌ر ژنان و وه‌ك كۆسپێك له به‌رامبه‌ر به‌شداربوون و گه‌شه‌یاندا ڕاده‌وه‌ستێت. سیستمی سه‌رمایه‌داری به‌هۆی ئه‌م ئه‌ركه سه‌پێندراوه‌ی ژنان، ئه‌وان له زۆرێك له ماف و ئیمكاناتی كۆمه‌ڵگا بێبه‌ری ده‌كات. له‌م سیستمه‌دا دایك بوون ده‌كرێته به‌ربه‌ستێك بۆ گه‌یشتن به مافی یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی ژنان و هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه له نیزامی چینایه‌تی و چه‌وسێنه‌ری سه‌رمایه‌داریدا، دایك بوون و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ به ئه‌مرێكی خسووسی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌رێ. به‌ڵام ئێمه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به ئه‌ركێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانین و بۆ گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته‌ش مافی تایبه‌ت بۆ دایكان و ژنانی دوو گیان ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیرێت. پێویسته ژنانی دووگیان بتواننن چ پێش منداڵ بوون و چ دواتری مه‌ره‌خه‌سی ته‌واویان پێبدرێت به بێ ئه‌وه‌یكه له حه‌قده‌ست و باقی مه‌زایاكانیان بێ به‌ری كرێن، له هه‌مان كاتیش‌دا له ئاست كۆمه‌ڵگادا، له ئاست شار و شارۆچكه و گه‌ڕه‌كه‌كان، باغچه‌ی ساوایان به قه‌ده‌ر پێویست درووست كرابێ، تا ژنان بتوانن كۆرپه و منداڵه‌كانیان چه‌ند ساعه‌ت له ڕۆژدا به‌وان بسپێرن و خۆیان خه‌ریكی ئه‌ركی كۆمه‌ڵایه‌تی بن. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه سه‌عات كاری ئه‌و ژنانه‌ی كه كۆرپه‌یان هه‌یه، پێویسته به بێ كه‌م كردنه‌وه‌ی حه‌قده‌ست له‌به‌رچاو بگیرێت تا بتوانن له كاتی خۆیدا شیر بده‌نه كۆرپه‌كه‌یان. بێ گومان، له‌م ڕوانگه‌یه‌دا كۆمه‌ڵگا پێویسته له وه‌ها ئاستێك له ئیمكانات و خۆش بژێوی به‌هره‌مه‌ند بێت كه باری تاقه‌ت پڕووكێنی كاری ماڵ له‌سه‌ر شانی ژنان لاچێت، و هه‌ر له‌م ڕێگه‌شه‌وه به‌ستێنی هه‌موو ئه‌و پاساو و بیانوویانه‌ی كه ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه‌داران به‌خاتری دایك بوون، ژنان له مافی یه‌كسان بێ به‌ری ده‌كه‌ن، له ناوچێت.