ئاشه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌نده سوێر بووه كه ده‌نگی ئاشپه‌زه‌كانی ڕژیمیشی به‌رز كردۆته‌وه. لێره و له‌وێ، توێژینه‌وه و ڕاپڕسی وتار و چاوپێكه‌وتنی به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌ت و دام و ده‌زگا سه‌ربازی و ئه‌منییه‌تییه‌كان، بڵاوده‌بێته‌وه كه نیشانه‌ی هۆشداریی جیددییه سه‌باره‌ت به به‌رده‌وام مانه‌وه‌ی حكوومه‌ت و ناڕه‌زایه‌تی زۆرینه‌ی ڕه‌های خه‌ڵك، له حكوومه‌تی ئیسلامی.
له نوێترین توێژینه‌وه‌ی زانكۆ و ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی باڵای به‌رگری میللی، له هه‌ر سه‌د كه‌س له دانیشتوانی ئێران، ٨٢ كه‌س له حكوومه‌ت ناڕازین و ٧٥ كه‌س له‌م ٨٢ كه‌سه، ئاماده‌ن به‌شداری له ناڕه‌زایه‌تیی و ڕێپێوانه‌كانی سه‌رشه‌قام له دژی حكوومه‌تدا بكه‌ن. ئه‌م توێژینه‌وانه ده‌ریده‌خه‌ن كه له‌و نفووسه ٨٤ ملیۆنییه‌ی ئێستای ئێران، نزیكه‌ی ٦٩ ملیۆن كه‌س له حكوومه‌ت ناڕازین و ٦٣ ملیۆن كه‌س ئاماده‌ی به‌شداربوون له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سه‌ر شه‌قام له‌دژی حكوومه‌تن.
حكوومه‌تی ئیسلامی له پڕۆپاگه‌نده‌كانی خۆیدا، باس له پیشتیوانی و لایه‌نگری به‌شێكی زۆری خه‌ڵك له ڕژیمی ئیسلامی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ڕاپۆڕته زانیارییه‌كان بۆ به‌رپرسانی ڕژیم و ته‌نانه‌ت له ڕاگهیاندنهكانیشدا، به ئاشكرا، دان به بچووك بوونه‌وه و به‌رته‌سك بوونه‌وه‌ی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌ت له‌ناو خه‌ڵكدا و هه‌روه‌ها به دژایه‌تیی پتر له ٤ كه‌س له هه‌ر ٥ كه‌س، له دانیشتوانی ئێران ده‌كه‌ن.
ئه‌م ڕاستییانه به ڕوونی ده‌ریده‌خه‌ن كه پێوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاتداران و جه‌ماوه‌ر گه‌یشتۆته خاڵی بێ گه‌ڕانه‌وه و ته‌نیا كه‌مینه‌یه‌كی سنووردار له دانیشتوانی ئێران كه ئاخوونده‌كان، هێزه نیزامیی و ئه‌منیه‌تییه‌كان، ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌ت، ڕانت خۆره‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له سایه‌ی حكوومه‌تی ئیسلامیه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورییان پارێزراوه، لایه‌نگر و پشتیوانیی ئه‌م ڕژیمه‌ن.
هه‌ر به‌م هۆیه‌وه ئه‌مڕۆكه ده‌بینین كه بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه به‌هێزه‌كانی وه‌ك، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمان، خانه‌نشینكراوان و هیتر…… به‌هێزتر له هه‌میشه ده‌ركه‌وتوون. داخوازییه‌كانی چینی كرێكار و توێژی ناڕازیی به هۆی هه‌ڵسووكه‌وتی ڕژیمه‌وه سیاسی ده‌بنه‌وه و سه‌رتاپای ڕژیم ده‌به‌نه ژێر پرسیار. باری خراپی ئابووری، گه‌نده‌ڵی ماڵیی و حكوومه‌تیی، ئاستی نزمی خزمه‌تگوزاریی كۆمه‌ڵایه‌تی، بێكاری، ڵێڵ بوونی ئاسۆی ژیانی لاوان، هه‌ژاری له ڕاده‌به‌ده‌ر و كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له هه‌موو شوێنێك مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی قه‌یران و داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ری ناڕازیی، پێك ده‌هێنن. چین و توێژه‌كانی به‌شدار له‌م ئاخێزانهدا به‌زۆری بریتین له: بێبه‌شترین به‌شی كۆمه‌ڵگه، بێكاران، كرێكاران، موعه‌لیمان، په‌ره‌ستاران، مووچه‌خۆرانی كه‌م داهات و خه‌ڵكی په‌راوێزی شاره‌كان. ڕه‌نگه ده‌گمه‌ن وڵاتێك له جیهاندا بوونی هه‌بێت كه به‌شێكی ئاوا به‌رین له دانیشتوانه‌كه‌ی له ده‌سه‌ڵات ناڕازیی بن و خوازیاری گۆڕینی نیزام و ڕووخاندنی حكوومه‌ته‌كه‌یان بن.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه كه، به‌م ئاست و قه‌باره‌یه له ناڕه‌زایه‌تیی و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه به‌رۆكی ڕژیمی گرتووه، بۆچی هه‌تا ئێستاكه‌ش كۆماری ئیسلامی هه‌روا له ده‌سه‌ڵاتدایه؟
سهرهكییترین هۆكاره‌كان بریتین له:
یه‌كه‌م، سه‌ركووت و تووندتیژی بێ‌سنوور. هه‌رچه‌ند خه‌ڵك قۆناغی ترس و تۆقین له ڕژیمیان تێپه‌ڕاندووه، به‌ڵام به‌هه‌ر ڕاده‌یه‌كیش وره‌ی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ره‌وه بێت، پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی سه‌ركووت و تووندوتیژی ڕێكخراوی دووژمن، ته‌نیا به‌هێزی ڕێكخراویی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك مومكین ده‌بێت و كرداری زۆر و سهركووتگهرانه، له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی مانه‌وه‌ی ڕژیمه.
دووهه‌م، تواناییه‌كانی ڕژیم بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجه‌كان. كۆماری ئیسلامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه وا نیشانده‌دا كه به باوه‌ڕه ئیدئۆلۆژیك و سیاسه‌ته ستراتیژییه‌كانی خۆی پابه‌نده، به‌ڵام له كرده‌وه‌دا زۆریه‌ك له‌وانه‌ی خستۆته لاوه و “پاشه‌كشه و سازشی قاره‌مانانه” بۆته به‌شێك له ستراتیژی مانه‌وه‌ی ڕژیم.
سێهه‌م، ته‌بلیغاتی ئاگایانه و به ئانقه‌ستی ڕژیم له ترساندنی خه‌ڵك له شۆڕش كردن و دووپاتبوونه‌وه‌ی كاره‌ساتگه‌لێكی هاوشێوه‌ی عێڕاق، سوورییه، ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن كه كۆماری ئیسلامی یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كانی شه‌ڕ و درووستكردنی بشێویی و نائه‌منیی له‌و وڵاتانه‌دا دایه.
چواره‌م، پرش و بڵاویی ئۆپۆزسیۆن و نه‌بوونی ئاڵترناتیویهكی كه متمانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكیی له پشت بێت. به‌ڵام ئه‌زموونه‌كانی هه‌موو جیهان سه‌لماندوویه‌تی كه گه‌شه‌ی خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌م هێزه‌كانی ڕژیم له مه‌یدانه‌كانی سهركووتدا زه‌مین گیر ده‌كات و هه‌م ئاڵترناتیویی ئه‌م ڕژیمه له ناو دڵی ئه‌م خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌دات. هیچ حكوومه‌تێكی جیهان له درێژماوه‌دا ته‌نیا به پشت به‌ستن به ئامرازه‌كانی سه‌ركووت، نه‌یتوانیوه له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه و بێگومان ڕژیمی ئیسلامیش ده‌رنگ یا زوو، به خواست و خه‌باتی ملیۆنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌ش و سته‌م دیتوو، به زبڵدانی مێژوو ده‌سپێردرێت.