له درێژه‌ی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی كاسبكاران و بازاڕییان له ئێران، كاسبكارانی شاره‌كانی تاران، ئیسفه‌هان، یه‌زد، هندیجان، خۆڕه‌م ئاوا، و كووهچنانی ئۆستانی فارس له ناڕه‌زایه‌تی به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی باجی ساڵانه، گرانی و هه‌ڵاوسان دووكانیان داخست و ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دژی به‌رپرسانی باڵای ڕژیم دروشمیان وته‌وه.
به‌پێی ئه‌و گرته ویدیۆیانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، بازاڕییانی تاران، ئیسفه‌هان و یه‌زد سه‌ره‌ڕای بوونی كه‌شێكی ئه‌منییه‌تی، پاش داخستنی دووكانیان، ڕژانه سه‌ر شه‌قام و له‌شاری تاران خۆپێشانده‌ران له‌گه‌ڵ هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون. به‌وته‌ی هاووڵاتییان، هێزه‌كانی ڕژیم له‌شاری تاران گازی فرمێسكرێژ و ته‌قه‌ی هه‌واییان به‌كار بردووه به‌ڵام خه‌ڵك به وتنه‌وه‌ی دروشم به‌ره‌وڕوویان بوونه‌ته‌وه. بازاڕییانی ناڕازی خوازیاری په‌یوه‌ستبوونی ته‌واوی كاسبكاران و بازاڕییان ئێران به مانگرتنی سه‌راسه‌ری بوون.