کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
جیهانهه‌واڵه‌کان

كۆبوونه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی ئه‌فغانستانی له‌ “ئیسلام ئاباد”ی پاكستان

كۆبوونه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی ئه‌فغانستانی له‌ ئیسلام ئابادی پاكستان

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٤ی مانگی جۆزه‌ردان، كۆمه‌ڵێك له‌ په‌نابه‌رانی نیشه‌جێی پاكستان، به‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ده‌فته‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له شاری‌ “ئیسلام ئاباد”، خوازیاری ڕوونكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسیان بوون و ڕایانگه‌یاند: دۆخی مه‌عیشه‌تییان زۆر خراپه‌ و ته‌نانه‌ت پاره‌ی كڕینی ژه‌مێك خۆراكیشیان نییه‌.

به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، ماوه‌ی ٤٢ ڕۆژه‌ په‌نابه‌رانی ئه‌فغانستانی نیشه‌جێی له‌ پاكستان، له‌ به‌رده‌م ده‌فته‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و خوازیاری پێڕاگه‌یشتنی ئه‌و ناوه‌نده‌، به‌ باروودۆخی خراپی ژیانیان بوون. به‌شداربووانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ قه‌تعنامه‌یه‌كیان خوێنده‌وه‌ كه‌ تێیدا ئاماژه‌یان به‌ ڕووخانی ده‌وڵه‌تی پێشووی ئه‌فغانستان و به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی تالیبان كردووه‌ و ده‌ڵێن: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هیچ یه‌ك له‌ به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ و ژیانیان له‌ مه‌ترسی جیددیدایه‌.