ڕۆژی سێشهممه ١٣ی مانگی گوڵان، دۆسیەی ٩ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سینفیی مۆعهلیمانی کوردستان (سەقز و زیویە) بە ناوەکانی “ئاوات ڕەزەوی“، “لەیلا عینایەتزادە“، “تاهیر حامیدی“، “تاهیر قادرزادە“، “ئامانج ئەمینی“، “عەزیز مەرزی“، “ئەحمەد قادری“، “خالید عەبدوڵڵاهی” و “سلێمان عەبدی” بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز نێردرا.
بە پێی ڕاپۆرتهكان، دۆسیەی ئەو ٩ چالاکە سینفییه پاش بەشداریان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مۆعهلیمان لە بەرامبەر ئیدارەی ئامووزش وپهروهرشی سەقز، بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە نێردراوە. جێگای ئاماژهیه كه ڕۆژی شەممە ١٠ی مانگی گوڵان، ئەو ٩ چالاکە سینفییه لەگەڵ سەلاح سورخی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) بۆ پۆلیسیی ئەمنیەتی سەقز بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکرابوو كه ئەگەر بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مۆعهلیمان لە ڕۆژی ١١ی ئهم مانگه بكهن، دۆسیەیان دەنێردرێتە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز.