بە پیێ هەوالێک لە لایەن دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەوە، پێش نیوەڕۆی سێ شەممە ڕێكەوتی 9ی خاکەلێوەی 1401 هەتاوی، لە درێژەی دیدارەکانی دوای کۆنگرەی هەژدە لە گەڵ حیزبە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیونی کوردستانی ئێران، هەیئەتێکی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە ( ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئێران)، بە سەرپەرەستی جەماڵ بوزورگپور ئهندامی كۆمیتهی ناوهندی، سەردانی مەقەری ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێک بە سەرپەرەستی کاک ڕەزا کەعبی جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پێشوازیان لێکرا.
لە سەرەتای دیدارەكهدا هەر دوو هەیئەت بە کورتی باسی دوایین ڕووداوەکانی ناوچەکە و ئێران و کوردستانیان کرد. ههر دوولا جەختیان لە سەر ئەوە کردهوه کە دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا بەردەوام لە ژێر گوشاری بزوتنەوە جەماوەریهكاندا دا بووە و ئێستایش ترس و نیگەرانی ئهو ڕژیمه لە پهره سەندنی ئەم بزوتنەوانە له کاردانەوەکانی دا بە ئاشکرا دیارە، بۆیە پێویستی بە هێز کردنی ئەم بزوتنەوانە بە ئەرکێکی گرینگ زانرا. هەر لەم ڕوانگهوە باس لە سەر ئەوە کرا کە خهباتی كۆمهڵانی خهڵكی كوردستان زەرفییەتی ئەوەی هەیە کە بە هاوخەباتی لە گەڵ بزوتنەوە سهراسهریهكان خۆی بە هێزتر بکات و لەم ڕێگهیهوە دەرفەتی زیاتر بۆ گهیشتن به ئامانج و داخوازە ڕەواکانی بخولقێنێت.
لە درێژەی دیدارەکەدا پێویستی دیالۆگ وهاوکاری نێوان هێزە سیاسیەکانی چالاک لە کوردستان له پێناوی بە هێز کردنی خهباتی كۆمهڵانی خهڵكی كوردستان له دژی كۆماری ئیسلامی، خرایە بەر باس و لێكۆڵینهوه و هەر دو هەیئەت بیرو رای خۆیان لەم بارەوە خستە ڕوو.
لە بەشێکی تری ئەم دیدارەدا ، ڕوونكردنهوهیهك لە لایەن هەیئەتی کۆمەڵەوە لە سەر جیایی ئەم دواییەی بەشێک لە ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە حیزب و کۆمەڵە پێشكهش كرا . لەم بهشە دا هەر دوولا جگە لەوەی کە ئەم جۆره دووبهرهكیانهیان بە تایبەت لە بارودۆخی سیاسی ئێستادا بە زیانبار وەسف کرد، هەوڵدان بۆ کەم کردنەوەی ئاسهواری زیانبارەکانیان بە پێویست زانی.
دیداری هەر دوو هەیئەت پاش چەند ساعەت گفتوگۆی چڕوپڕ کۆتایی پێ هات .