کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌حكوم كردنی هێرشی موشه‌كی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

FB IMG 1647274084986

به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ ٢٢ ی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٤٠٠ی هه‌تاوی ، ڕێكه‌وتی ١٣ مارسی ٢٠٢٢ی زاینی، سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێڕان به‌ هاویشتنی ١٢ موشه‌كی بالستیك شاری هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی كرده‌ ئامانج. ئه‌گه‌رچی به‌ خۆشێوه‌ ئه‌و هێرشه‌ جینایه‌تكارانه‌یه‌ خه‌ساره‌تی گیانی به‌ شوێنه‌وه‌ نه‌بوو، به‌لام زه‌ره‌ر و زیانی مادی زۆری لێكه‌وته‌وه‌. كۆماری ئیسلامی هه‌م له‌ راگه‌یاندنی سوپای پاسداراندا و هه‌م له‌ سه‌ر زاری وته‌بێژی رژیم ره‌سمه‌ن به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و هێرشه‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرت. پاساوی كۆماری ئیسلامی كه‌ گۆیا بنكه‌ی چالاكی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی له‌ شاری هه‌ولێركردۆته‌ ئامانج ،گاڵته‌ جارێكی ئاشكرایه‌. ئامانجی واقعی ئه‌و‌ هێرشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بخاته‌ ژێر زه‌خته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌سلیمی پرۆژه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌ دیاریكردنی حكومه‌تی داهاتووی عێراق دا بێت. له‌ راستیدا به‌ دیاریكراوی ئه‌و هێرشه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی هه‌ره‌شه‌ی “ئیسماعیل قائانی” فه‌رمانده‌ی سوپای قودس بۆ سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌‌ كه‌ “ئه‌گه‌ر شوێنكه‌وتوی پلانی كۆماری ئیسلامی بۆ پێك هێنانی بلۆكێكی شیعه‌ی دیاریكراوی مه‌به‌ستی كۆماری ئیسلامی نه‌بن، كاردانه‌وه‌یان ده‌بێت “.
ئه‌م هێرشه‌ موشه‌كیه‌ بۆ سه‌ر دانیشتوانی مه‌ده‌نی شارێك ده‌یتوانی كاره‌ساتێكی مرۆڤیی سامناكی لێبكه‌وێته‌وه‌ و له‌مه‌ به‌دواش ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ستێك بۆ ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ی كۆماری ئیسلامی دانه‌ندرێ ده‌بێته‌ هۆی مه‌ترسێكی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ئاسایش و ئه‌منیه‌تی دانیشتوانی ئه‌و هه‌رێمه‌. له‌ راستیدا رژیمی زاڵ به‌ سه‌ر ئێران نیشانیداوه‌ كه‌ باكی له‌وه‌ نییه‌ كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی سیاسی و نیزامی خۆی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك گیان و ماڵی هاوولاتیان مه‌ده‌نی بكاته‌ ئامانج.
كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ ئه‌و ده‌ست درێژیه‌ ئاشكرایه‌ی رژێمی ده‌سه‌ڵاتداری ئێران بۆ سه‌ر گیان و ماڵی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان به‌ توندی مه‌حكوم ده‌كات و داوا له‌ بیرو رای گشتی ناوچه‌كه‌ و جیهان ده‌كات به‌رانبه‌ر به‌ كرده‌وه‌ی جینایه‌تكارانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بێده‌نگ نه‌بن و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌توانن ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خۆیان به‌رزكه‌نه‌وه‌ و رێگه‌ نه‌ده‌ن رژیمی ئێران له‌م جۆره‌ هێرشانه‌دا‌ به‌رده‌وام بێت.
كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌
( رێكخراوی كوردستانی حێزبی كومونیستی ئێران)
٢٣ ی ره‌شه‌مه‌ی ١٤٠٠
١٤ی مارسی ٢٠٢٢