ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٥ی مانگی ڕه‌شه‌ممه به بۆنه‌ی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن، ڕێوڕه‌سمێك به به‌شداری كۆمه‌ڵێك له ژنان و پیاوانی ئازادیخواز له شاری بۆكان به‌ڕێوه‌چوو.
ئاماده‌بووانی ڕێوڕه‌سمه‌كه به كۆ بوونه‌وه له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شه‌و شاره و ڕازاندنه‌وه‌ی شوێنی ڕێوڕه‌سمه‌كه به كۆمه‌ڵێك پلاكارد و نووسراوه‌ی “پیرۆزبێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن”، “ئازادی كۆمه‌ڵگه گرێدراوه به ئازادی ژنان”، ” نه بۆ توندوتیژی له دژی ژنان”، “نه بۆ شه‌ڕ” و “بژی سوسیالیزم” و پێداگری له‌سه‌ر مافه ڕه‌واكانی ژنان، هه‌شتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنیان به‌ڕز ڕاگرت. ڕێوڕه‌سمه‌كه سه‌ره‌تا به سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتی جیهانی چینی كرێكار و خوله‌كێك بێده‌نگی بۆ یادی سه‌رجه‌م گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ری ده‌ستی پێكرد و دواتر كورته باسێك له‌سه‌ر مێژووی هه‌شتی مارس خوێندرایه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و سته‌مانه‌ی كه له دژی ژنان له كۆمه‌ڵه‌گه‌دا ڕوو ئه‌دات و هه‌روه‌ها هۆكاری خۆكوشتنی ژنان و كوشتنی ژنان به‌بیانووی نامووس باسێك پێشكه‌ش به ئاماده‌بووانی ڕێوڕه‌سمه‌كه كرا. پاش چه‌ند كاژێر ڕێوڕه‌سمه به بڵاوكردنه‌وه‌ی شیرینی و ده‌ربڕینی خۆشی و شادی به‌شداربووانی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه كۆتایی پێهات.