کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی و دەستهەڵگرتنی ملیۆنی خوێندکاران لە خوێندن

tahsil 1

لە حاڵێکدا کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان نەخوێندەواری لە ناوچووە، لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا ئامارەکانی دەستهەڵگرتن لە خوێندن کە لە لایەن  خودی بەرپرسانی حکوومەتەوە بڵاوکراوەتەوە، نیشانی دەدەن کە یەک لە سەر سێی خوێندکاران بەهۆی کۆرۆنا، نەبوونی پێداویستی بۆ فێرکاری ئانڵاین، نەبوونی موعەلیم و مەدرەسە ناچار بوون دەست لە خوێندن هەڵبگرن. ئامارەکانی ڕژیم ئەوە نیشان دەدەن کە لە ساڵی ١٤٠٠ سێ ملیۆن خوێندکار لە چەرخەی خوێندن چوونەتە دەرێ. هەژاری، لە ناوچوونی بنەماڵە، ئێعتیاد بە ئەلکۆڵ و ماددەی هۆشبەر، منداڵ ئازاری، پێویستی بە داهاتی کاری منداڵ، وەخۆنەگرتنی منداڵ، لە دەستدانی بنەماڵە بە هۆی ڕووداوەکان و نەخۆشی لە زومرەی ئەو هۆکارانەن کە منداڵێکی خوێندەواری مەدەرسە دەکەنە منداڵێکی بێ سەرپەنای سەر شەقام و کار.

لە مەدرەسە دەوڵەتییەکاندا بە شێوەی فەرمی نابێت پارە لە خوێندکاران وەربگیرێت، بەڵام بنەماڵەکان ناچار دەکرێن تا لە ژێر ناوی “بەشداریی نەتەوەیی” و “یارمەتیدانی مەدرەسە” دوو تا سێ ملیۆن تمەن بدەن. ئەم بڕە پارەیە لەپەنا هەموو خەرجییەکانی دیکەی خوێندنی ڕۆڵەکانیان، بۆ بنەماڵە هەژارەکان قورسە.

لەپاڵ ئەو هۆکارانە کە باس کرا، هۆکاری دیکەش بۆ دەست لە خوێندن هەڵگرتنی منداڵان و تازەلاوان بوونی هەیە. سیستەمی خوێندنی ئایینی و دواکەوتووی مەدرەسەکان، دژایەتی و دوژمنایەتی لەگەڵ زانست و پێشکەوتن، ڕێگڕی لە دەستڕاگەییشتن بە ئینتەرنەتی هەرزان یان خۆڕایی و فێربوونی زمانی دایکی، دەخاڵەتی ئاخوندەکان و دەزگای مەزهەب لە کاروباری دەرس و تەنانەت ئیدارە و بەڕێوەبردنی مەدرەسەکان، خوێندکاران زیاتر لە ڕابردوو لە مەدرەسە بێزار دەکات. کچانی بنەماڵە کەم داهات و هەژارەکان بەشێک لەو منداڵانەن کە دەست لە خوێندن هەڵدەگرن. کچان ئەگەر نەچنە ناو بازاڕی کاریشەوە، بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بنەماڵەکانیان بە پێچەوانەی خواستی خۆیان لە تەمەنی کەمدا بەشوو دەدرێن. لەپاڵ تەواوی بێمافی و بێبەشیەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن شەرعی و یاساییە.

بەڵام ئەگەر دەرسە خورافییەکانیان کاریگەر نەبێت، و سیاسەتی بەسیجگیری بێ ئاکام بمێنێتەوە و کردەوەی سەرکووتگەرانەو و سیخوڕیش کارساز نەبێت ئەوکات بە شێوەی بەرین و هەرزان ماددەی هۆشبەر دەخرێتە بەردەستی منداڵان و تازەلاوان. بڵاوکردنەوەی سیستەماتیکی ماددەی هۆشبەر لە لایەن دەست و پێوەندەکانی ڕژیم لە مەدرەسەکاندا، لە سەر بەستێنی نەهامەتییە بەرینە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە ڕێگا خۆشکەری گیرۆدەبوونی تازەلاوان بە ماددەی هۆشبەر. واتە ئێعتیاد بە ماددەی هۆشبەر و بە دوای ئەوەدا دەست هەڵگرتن لە خوێندن.

ڕاپورتی دڵتەزێنی هەواڵنێری “مەوج” لە ژمارەی ملیۆنی دەست هەڵگرتنی خوێندکاران لە خوێندن، بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرای نابەرپرس بوونی حاکمانی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامییە، کە تەنانەت توانای دابین کردنی موعەلیم و مەدرەسە، کەرەستەی ئەلەکترۆنیکی وەکوو تابلێت، هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنەتی هەرزان و بێبەرامبەر بۆ ملیۆنان خوێندکار نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کۆمەڵایەتی سایتی “مەوج” بەڕێوەچوونی سیاسەتی کۆنترۆڵی جەمعییەت بووە هۆی ئەوەیکە ژمارەی خوێندکارانی ئێران لە ١٨ ملیۆن کەس لە دەیەی ٦٠ بۆ ١٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە ساڵی ڕابردوو دابەزێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی ڕاگەیاندنی “سازمانی سەبتی ئەحواڵی” ئێران ژمارەی خوێندکاران دەبێت نزیکەی ١٥ ملیۆن و ٥٠٠ کەس بێت. ناونووسی و بەشداری نەکردنی بەشێکی ئەم خوێندکارانە لە مەدرەسە لە لایەن بنەماڵەکانەوە بووە هۆی ئەوەی کە بەرئاوەرد بکرێت کە لە قۆناغی کۆرۆنایی یەک ساڵی ڕابردوودا زۆرتر لە یەک ملیۆن خوێندکار وازیان لە خوێندن هێنابێت.

بەڵام ئەمانە تەنیا شۆکی سەرچاوە گرتوو لە بڵاوبوونەەی هەواڵی واز لە خوێندن هێنانی خوێندکارانی ئێران نییە. ئەو ئامارانەی کە لە ساڵی ٩٠ بڵاوکرانەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ٧ ملیۆن و ١٣٥ هەزار خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە. لەو ساڵەدا بە لە بەرچاوگرتنی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ١٩ ملیۆن و ٤٣٥ هەزار کەس لە تەمەنی ٧ بۆ ١٩ ساڵ بوون و دەبوایە خوێندنیان لە مەدرەسەکان درێژە پێدابا، بەڵام پتر لە ٧ ملیۆن و ١٣٥هەزار کەس بە هۆکاری جۆراوجۆر نەیانتوانی درێژە بە خوێندن بدەن. بەواتایێک زیاتر لە ٣٧ لە سەدی خوێندکارانی ئێرانی ناچار بوون واز لە خوێندن بهێنن.

کۆماری ئیسلامی زۆرێک لە موعەلیمانی خستووەتە بەندیخانە، لە کار دووری خستوونەتەوە و تەنانەت بەشێکیانی ئێعدام کردووە و جەمعیەتی بەرینی موعەلیمانی شەریف و زەحمەتکێشی لەگەڵ هەژاری و بێمافی بەرەوڕوو کردۆتەوە. ئامارەکانی دەست لە خوێندن هەڵگرتنی منداڵان و تازەلاوان بەتایبەت لە ناوچە بێبەش و هەژارەکانی ئێران، کارنامەی نەنگینی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی ئیسلامی نیشان دەدەن کە ملیاردها دۆلار خەرجی ناوەند و شوێنە ئایینیەکان و پەروەردەی “تەڵەبە” و ئاخوندەکان دەکات و بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێرانیان ناچار کردووە تا واز لە خوێندن بهێنن.