کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەولەوییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێگری لە دووچەرخەسواریی ژنان

157765905

ئیسفەهان تەنیا شاری خەڵکی سەمیمی و خوێنگەرم و میواندار و شاری بینا جوانە مێژووییەکان نییە بەڵکوو شاری فتوای کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانەی ناوەندە مەزهەبییەکانی ئەم شارەشە. مەئموورانی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مۆنکەر بە زەرفی ئەسیدپاشی و تفەنگی ساچمەییەوە تەیار کراون، تا هەرکەس کە لە بەرامبەر شێوەی ژیانی دڵخوازی ئەواندا سەری تەسلیم دانەنەوێنێ، کوێر بکەن و یان جوانیی ڕوخساری لەناو بەرن. بەرپرسان و ئیمامانی جومعە لە شاری ئیسفەهان بەردەوام لە دانانی یاسای دژەژندا دەستپێشخەر بوون.  لە حاڵێکدا کە هێستا ئەسیدپاشانی ساڵی ٩٣ی ئەم شارە شناسایی نەکراون و سزا نەدراون، ساچمەزەنەکان هاتوونەتە مەیدان. پژاندنی ئەسید بە ڕوخساری ژنان لە تارانەوە دەستی پێکرد و لە ئیسفەهان پەرەی سەند. کاتێک پێویست بوو کە لە مەودایەکی دوورەوە مەئموورییەتی بێزراوەی نەهی لە مۆنکەر ئەنجام بدرێت، تفەنگی ساچمەیی بۆ کوێرکردنی چاوی ناڕازییان کەوتە ئیختیار مەئموورانی بێ ناو و نیشانی ئیمامی زەمانەوە و بەداخەوە ژمارەیەک لە ژنانی ئازادەی ئەم شارە لە دیتن بێبەری کران. بەڵام با بزانین نوێترین فتوا و کردەوەکانی ناوەندە کۆنەپەرستەکان لەم شارە چین:

ئاخوند ئەحمەد عەبدوڵڵاهی نەژاد، بەڕێوەبەری “ستادی بووژاندنەوەی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مۆنکەر”ی ئۆستانی ئیسفەهان سەبارەت بە دووچەرخەسواریی ژنان وتی: “پیاوە گەورە ئایینییەکان، دووچەرخەسواریی ژنانیان لە شوێنە گشتییەکان پێ جاییز نییە، ئەم بابەتە دواهاتی کۆمەڵایەتی و ئەمنیی هەیە و هەربۆیە ستادی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مۆنکەر خۆی لەگەڵ دەرگیر کردووە”. ناوبراو بەو بنەماڵانەی کە ڕێگە بە کچەکانیان دەدەن دووچەرخەسواری بکەن، هۆشداری داوە کە ستادەکەی بەرەنگاریان دەبێتەوە.

دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران گەلێک ئەولەوییەتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووریی بۆ خۆی دیاری کردووە کە بەتەواو مانا دژی ئەولەوییەتەکانی خەڵکن و هەر هەموویان بۆ سەقامگیرکردنی زیاتری کۆنەپەرستی، داسەپاندنی هەژاری و بێ مافیی زیاتر، سەرکوت و هەڵاواردن دژبە ژنان و کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانن.

پۆششی ژنان، خواستی مافی بەرابەری ژن و پیاو و تەنانەت دووچەرخەسواریی ژنان، بووەتە مۆتەکەی شەو و ڕۆژی بۆ دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی ئیسلامی.

یەکەم جار بەرپرسانی شاری ئیسفەهان بوون کە دووچەرخەسوارییان بۆ ژنان قەدەغە کرد و دادستانی ئیسفەهان فەرمانی بە هێزە ئینتزامییەکان دا کە بەرەنگاری ژنانی دووچەرخەسوار ببنەوە و دەست بەسەر دووچەرخەکانیان دابگرن. پاشان دەزگای قەزایی ڕژیمیش خۆی خستە ناو ئەم بابەتەوە و دووچەرخەسواریی ژنانی بەڕەسمی قەدەغە ڕاگەیاند.

بەڵام ژنانی ئازادیخواز لە ئێران سەرەڕای بەهایەکی قورس کە بۆ دیفاع لە ماف و حورمەتی ئینسانیی خۆیان دەیدەن، ملکەچی فتوای کۆنەپەرستانە و یاسای داسەپاوی ڕژیم نەبوون و لەم ڕێگایەدا تەحەمولی ڕەنج و ئەشکەنجە و زیندانیان قەبووڵ کردووە. لە بواری دووچەرخەسواریشەوە بە بایەخ نەدانیان بە فتوا و یاسا داسەپاوەکان، دووچەرخەسواریی ژنان بەرەبەرە بووەتە ئەمرێکی واقع.

دووچەرخەسواری یەکێک لە باشترین و سالمترین وەرزشەکان و چالاکییەکی پێویستی فیزیکییە کە سەرەڕای یارمەتیدانی تەندرووستیی دەروونی و جەستەیی مرۆڤ، بۆ شوێنی ژیان و هێنانەخوارەوەی  ڕێژەی پیس بوونی هەوای شارەکانیش، زەروورەتی هەیە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هەوڵی کۆنەپەرستانەی ڕێگری لە دووچەرخەسواریی ژنان، زەربەی مەترسیدار لە سڵامەتی دەروونی و جەستەیی خەڵک، بەتایبەت ژنان و ژینگەی سالم دەدات. لە باروودۆخێکدا کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان تەئکید لەسەر کەڵک وەرگرتن لە دووچەرخەسواری دەکرێت، ڕێگای تایبەت بە دووچەرخەسواری لە شارەکان پەرەی پێدەدرێت و لە سیستمی پەروەردە و بارهێنان و لە میدیاکاندا باس لە زەروورەتی دووچەرخەسواری دەکرێت، دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی ئیسلامی لەجیات دابینکردنی ئەمنییەت، کار، تەندرووستی و دەرمان، پەروەردە و شوێنی نیشتەجێ بوون، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دووچەرخەسواریی ژنانیان کردووەتە ئەولەوییەتی خۆیان و هەر لەم حەفتەیەدا ئەرازێل و ئەوباشی ئیسلامی ئەسیدیان بە ڕوخساری ئەو ژنانەدا پژاندووە کە لە پارک وەزرشیان کردووە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پەسندکردن و بەڕێوەبردنی یاسای کۆنەپەرستانە ئیسلامی دژبە ژنان بەشێوەی سیستماتیک مافی مەدەنی و ئینسانیی ژنان پێشێل دەکات، ئازادیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییان لێ زەوت دەکات. لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا توندوتیژی دژبە ژنان بووەتە دیاردەیەکی دزێوی کۆمەڵایەتی کە ڕژیم بەردەوام تەبلیغ و بانگەشەی بۆ دەکات. هەربۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردە دژە مرۆییە پێویستە لە پانتایی کۆمەڵایەتیدا لەدژی خەبات بکرێت. پێویستە هێزی مەزنی کۆمەڵایەتیی ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤە خەباتکار و ئازادیخوازەکان بەشێوەی ڕێکخراو بێنە مەیدان.  توندوتیژی دژبە ژنان بابەتێکی خسووسی، شەخسی، کلتووری و بنەماڵەیی نییە و بابەتی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگایە و پەیوەندی بە هەمووانەوەیە.