کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەندەڵی لەناو کۆماری ئیسلامیدا سڵامەتی خەڵکیشی خستووەتە مەترسییەوە

dee28ad62abf908f66075848714e4dd5 XL

پانتایی گەندەڵی لەناو کۆماری ئیسلامیدا ئەوەندە بەرین و شێوەکانی ئەوەندە جیاوازن کە هاوشێوەکەی لە کەمتر شوێنێکی جیهان بەدی دەکرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بواری گەندەڵیی ناوخۆییەوە لە زومرەی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهانە. گەندەڵی لەناو کۆماری ئیسلامیدا پانتاییەکی بێوێنەی بەخۆی گرتووە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی بێ عەداڵەتی، هەژاری و ئازاری کۆمەڵایەتیی دڵتەزێن. دزیی ملیارد دۆلاریی لە لایەن باڵاترین کەسایەتییەکانی نزیک بە ئاڵقەی دەسەڵات، کە جاوبارە گۆشەیەکی لە ئاکامی کێبەرکێی ناوخۆیی دارودەستە حکوومەتییەکان ئاشکرا دەبێت، شێوازی ئاسایی و ناسراوی گەندەڵیی ماڵی لەناو کۆماری ئیسلامین. بەڵام لە پەناشیەوە ڕۆژ نییە شێوازی نوێی گەندەڵی لەم نیزامە گەندەڵ پەروەرەدا ئاشکرا نەبێت.   

هەواڵی پێوەندیدار بە گەندەڵیی ماڵی و دزیی گەورە لەناو دەزگاکانی بەڕێوەبەریی ڕژیمدا ئەوەندە زۆر و هەموو ڕۆژێن کە ئیتر هەمووان بە بیستنی عادەتیان گرتووە. بەڵام ئەم گەندەڵییە تەنیا لە لایەن بەرپرسانی پلە بەرزەوە ئەنجام نادرێت بەڵکوو گشت ئەم ڕژیمە بەشێوەی سیستماتیک لەسەر بنەمای گەندەڵیی بەرینی ماڵی و هیتر بەڕێوە دەچێت. گەندەڵی بە شێوەی جۆراوجۆر، لە ئیدارە و دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا تا ڕادەیەک بەرین و بەربڵاوە کە تەنانەت کارە ئاساییەکانی خەڵکیش بەدەر لەم موناسباتە گەنیوە بەڕێوە ناچێت.  گەندەڵیی ئیداری و ماڵی لەم وڵاتەدا نەتەنیا بەشی دەوڵەتی، ئابووری و بەڕێوەبەریی لەخۆگرتووە، بەڵکوو بەرەو هەموو بوارێکی خسووسی و غەیرە دەوڵەتیش تەشەنەی سەندووە. هەڵبەت ئەم دیاردەیە بە هیچ شێوەیەک دوور لە چاوەڕوانی نییە. چونکە کاتێک دەزگایەک لە سەرەوە گەندەڵە، ژێرلقەکانی خۆی و گشت سیسمی ژێر کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبەریی خۆی لە خوارەوە، بەپێی مۆدێلی ڕێبەریی خۆی شکڵ دەدات. گەندەڵیی ئیداری، ماڵی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامیش لە سەرەوە دەستی پێکردووە و ئاستەکانی خوارەوەشی تەنیوەتەوە.

ئەگەر هەتا ئێستا بوارەکانی ئەمنییەت و ئاسایش، ئازادی، خۆشبژێوی و ئەخلاقی کۆمەڵ لەژێر  کاریگەرییەکانی گەندەڵیی سیستماتیکی ڕژیمی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیدا بوون و بەردەوام هەڕەشەی جیددییان لەسەر بوو، لەمڕۆدا پانتایی ئەم گەندەڵییە سڵامەتی خەڵکیشی خسووتە مەترسییەوە.

ڕووسیە بیباری دۆڵمەی ئێران، هێند کیویی هەناردەکراو و ئۆزبەکستان پەتاتەی هەناردەکراوی ئێرانیان بەخاتری بوونی ماددەی دژە ئافەت و مەترسیدار بوونیان لەئاکامی بەکارهێنانی سەمی تەقەلوبی، بۆ ئێران گەڕاندەوە. ئەم ڕووداوە بۆ سێوی هەناردەکراوی تورکەمەنستان، شووتی بۆ وڵاتانی دەورووبەری کەنداو و خورمای هەناردەکراو بۆ قەتەریش ڕووی دا. ئەمانە هەواڵی گۆشەیەک لەو نەهامەتییە کارەساتبارانەن کە لە بەشی سڵامەتیی بەرهەمەکانی کشتوکاڵدا بۆ دەرەوە دزەیان کردووە و میدیایی بوونەتەوە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە وڵاتانی دیکە لەوانە عێراق، تورکییە، پاکستان، ئەفغانستان، ئازەربایجان و وڵاتانی تر بەهۆی خراپ بوون و یان لەخوارێ بوونی کوالیتی، خوازیاری خۆراک و بەرهەمی کشتوکاڵی ئێران نین و یان دەیانگەڕێننەوە.

بەسەرەنجدان ئەوەیکە نەویستن و گەڕاندنەوەی ئەو هەمووە بەرهەمە لە لایەن وڵاتانی ترەوە نیشانەی خەیانەت و جەنایەتێکی خۆفناک و حاشاهەڵنەگرە لە لایەن قازانجپەرەستانەوە دژبە سڵامەتی خەڵک، و لەو جێگایەوە کە بەرپرسانی بێ کەفایەتی ڕژیم بەپێچەوانەی گەندەڵی و ناکارامەیی لە بوارەکانی دیکە لەوانە چوونەسەرەوەی قیمەتی دراو و ڕێژەی تەوەروم و هیتر ناتوانن ئەم شەرمەزاری و ئابڕووچوونە بۆ پیلانگێڕیی دەرەکی بگەڕێنەوە و یان بە هەڵکەوت و کەمتەرخەمیی نیسبەت بدەن، وەک هەمیشە دەست دەدەنە خۆپەڕاندنەوە و هەرکەس لەژێر باری بەرپرسایەتییەکەی شانی لادەبات و تاوانەکەی دەخاتە ئەستۆی ئەوی تر. وەزارەتی تەندرووستی تۆپەکە دەخاتە ناو زەویی جەهادی کەشاوەرزییەوە، ئەوی تر  “ڕێکخراوی پاراستنی ڕووەکەکان” بە خەتابار دەزانێت، ئەوی تر دەڵێت کە ڕێکخراوی ئاو و خاک کەم کاریی کردووە و ئەوی دیکەشیان دەڵێت کە دامەزراوەی گیاپزیشکی ئەرکەکانی خۆی ئەنجام نەداوە و هیتر.

بێگومان لەو باندە مافیایی ئابووری و قازانجپەرستەوە کە ئەم سەممە تەقەلوبی و ناستانداردەی هاوردەی ئێران کردووە، تا هەموو ئەو ڕێکخراو و ناوەند و کەسانەی کە بەرپرسایەتیی ئەمنییەت و بەرهەمهێنانی خۆراک و دەرمان و بەرهەمەکانی کشتوکاڵیان وەئەستۆیە، لەم جەنایەت و خەیانەتەدا دژبە سڵامەتیی خەڵکی ئێران بەشدارن. ئەوانن کە سەرەڕای حەیف و مەیل کردنی هەزاران ملیارد بوودجە، ئەم باروودۆخە کارەساتبارەیان بۆ خەڵک خوڵقاندووە و سڵامەتیی ئەوانیان خستووە مەترسییەوە. لە هەمان حاڵدا بەهۆی ئەوەیکە سیستمی قەزاییی ڕژیم خۆی بەشێک لەم گەندەڵییە سیستماتیکەیە، تاوانباران و قازانجپەرستان بە ئاسانی لەژێر باری بەرپرسایەتی شانیان لادەبەن و تاوانی سەرەکی توێژە هەژارەکانی کۆمەڵ دەیدەن.

خەڵک لە ئێستادا بەخاتری ئەم بەرهەمە مەترسیدارانە نیگەرانیی سڵامەتییانن. ئەوان ئێستا دەزانن کە چ کارەساتێک لە بواری بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی بەرهەمەکانی کشتوکاڵدا ڕووی داوە و لێی ئاگادار نەبوون. خەڵک بە درووست لەوە نیگەرانن کە ئەگەر سەرەڕای بەناو چاوەدێرییەکانی ستاندارد بوونی ئەم بەرهەمانە بۆ هەناردەکردن، دیسان بەمجۆرە بەخاتری مەترسیدار بوونیان بۆ خەڵکی وڵاتانی تر بەریان پێ دەگیرێت و دەگەڕێندرێنەوە، لەناوخۆی ئێران کە ئەم چاوەدیری و سەختگیرییانە بەسەر خۆراک و بەرهەمەکاندا بوونی نییە، دەبێ چەندە زیانبار و مەترسیدار بن. بەوتەی کارناسان یەکێک لە دواهاتەکانی بەکارهێنانی ئەم بەرهەمە زیانبارانە، شێرپەنجە، ناباروەری و نوقسانی کۆرپەڵەیە کە ئەگەر ئامارێکی درووست و جێگای متمانە لە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییانە و مەرگ بەهۆی ئەم بابەتانەوە ئامادە بکرێت، بێگومان تا ڕادەیەک قووڵایی ئەم کارەساتە گەورەیە دەردەکەوێت.