ڕۆژی هه‌ینی ٢٦ی مانگی سه‌رماوه‌ز، ١٤٥ كه‌س له بنه‌ماڵه‌ی قۆربانیانی ٤٣ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له نامه‌یه‌كدا خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حۆكمی ئێعدامی “عه‌باس دریس” له ده‌ستبه‌سه‌ر كراوانی ڕاپه‌ڕینی گه‌ڵانی ئێران له ئابانی ٩٨ بوون.
بنه‌ماڵه‌ی قۆربانیانی چوار ده‌یه جه‌نایه‌تی كۆماری ئیسلامی له‌و نامه‌یه ڕایانگه‌یاند: ئێمه ساڵانێكه له‌گه‌ڵ سێداره ده‌ژین، ئێمه كه ئێش و ئازاری ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه ئه‌منییه‌كانمان چێشتووه، ئێمه كه ڕۆڵه و كه‌س و كارمان له‌ده‌ست داوه، ئێمه كه تاڵی مه‌رگمان چێشتووه، نامانه‌وێت ئه‌و ئازاره منداڵه‌كانی “عه‌باس دریس” بیچێژن. ئێمه چاك ده‌زانین دانپێدانانی زۆره‌ملی “عه‌باس” و بڵاوكردنه‌وه‌ی له میدیاكانی ڕژیمه‌وه هیچ به‌هایه‌كی نییه، چونكه له ژێر ئه‌شكه‌نجه و ئازار ئێعترافی لێوەرگیراوه هه‌ر به‌و هۆیه‌و ئێمه بنه‌ماڵه‌ی قۆربانیانی چوارده‌یه‌ی ڕابردووی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی خوازیاری ده‌ست به‌جێ ڕاگرتنی حۆكمی ئێعدامی “عه‌باس دریس”ین.