کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕووحانییەتی شیعە و کۆنتڕۆڵکردنی بیری منداڵان لە باغچەکانی ساوایان

photo 2021 12 08 10 50 49 1

لە سەرەتای هاتنەسەر کاری حکوومەتی ئیسلامییەوە، سەرانی کۆنەپەرستی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، کۆنتڕۆڵکردنی دەزگای پەروەردە و بارهێنانیان دەستپێکرد. درووشمی کۆنەپەرستانە و دژەزانستیی پەیوەندی حەوزە و زانکۆ بوو بە چرای ڕێنوێنی دەسەڵات. هێرشی چەقۆکێشانی حیزبوڵڵا بۆسەر زانکۆکان، داخستنی زانکۆکان بۆ ماوەی دوو ساڵ لەژێرناوی “ئینقلابی فەرهەنگی”، دەرکردنی مامۆستایانی بەتوانا و بەئەزموون و دانانی ئاخوند و مۆرەکانی سەر بە حکوومەت لە پۆستی بەڕێوەبەریی و ڕێبەریی زانکۆکان و مەدرەسەکان، دەرکردن و ئەستێرەدارکردنی خوێندکاران، دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانی ژمارەیەک خوێندکار و مامۆستا، پێکهێنانی ئەنجومەنە ئیسلامییەکان، قەدەغەکردن و سنووردارکردنی ژمارەیەک لە لقەکانی خوێندن کە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام ناتەبا بوون، گۆڕینی سەرچاوەکانی فێرکاری، سنووردارکردنی ژنان لە هێندێک لە لقەکانی خوێندن، دامەزراندنی کەسانی ناشارەزا، تەنیا بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ ڕژیم و بنەماڵەی کورژراوەکانی حکوومەت، زەربەیەکی قورسی لە زانست و زانکۆکان دا و ئاکامەکەشی دەکرێ لە توانا و زانستی کارناسانی حکوومەتی ئیسلامی  لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ببیندرێت.

بەڵام خۆڕاگری خوێندکار و زانکۆ لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی ئیسلامی ڕێگەی بە حکوومەت نەدا تا بە هەموو ئامانجی کۆنەپەرستانەی خۆی بگات و زانکۆ بکاتە “حەوزە” و خوپندکاریش بکاتە “تەڵەبە”. ناکامیی ڕژیم لە ئیسلامی کردنی زانکۆکان  بوو بەهۆی ئەوەیکە دەسەڵات هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە و ئەمجارەیان تەنانەت باغچەکانی ساوایانیش بکاتە ئامانج. بە گۆڕینی ناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکان و ناردنی ئاخوند و تەڵەبە و خاهەری زەینەب بۆ مەدرەسە و باغچەی ساوایان، هەوڵێکی بەرینی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بیر و فکری منداڵان و تازەلاوان دەستپێکرد. هاوشێوەی ئەم سیاسەتە لە مەدرەسە مەزهەبییەکانی پاکستان کە یەکێک لە بەرهەمەکانی تاڵەبانی ئەفغانستان بووە و یان لە خەلافەتی ئیسلامیی عێراق و شام  واتە داعشدا دەبیندرێت.

خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٣٩٩ لە کۆبوونەوەیەکی مەجازیدا لەگەڵ کاربەدەستانی ئامووزش و پەروەرش و لە سی و چوارەمین کۆبوونەوەی ئەم وەزارەتخانەیەدا هۆشداری دا کە باغچەی ساوایانی ئێران “ڕەها” کراون و بە پێی ڕاپۆرتەکان باروودۆخیان بە هیچ شێوەیەک باش نییە. ئەو هەروەها تەئکیدی کرد کە نابێ بە نیگای خزمەتگوزارییەوە چاو لە باغچەی ساوایان بکرێت، بەڵکوو ئەم شوێنانە ناوەندگەلێکی گرینگی پەروەردە و بارهێنانن.

ئەم وتانەی خامنەیی دەستبەجێ لە لایەن نوێنەرانی مەجلیس و کاربەدەستانی دەوڵەتییەوە پەسند کرا و لەسەر پێویستیی بەکردەوەدەرهێنانی وتەکانی ناوبراو جەختکرایەوە و سەرەڕای ئەوەیکە ئەرزشی ماڵیی باغچەکانی ساوایان و کرێی مانگانەیان، چەندین ساڵە لە لایەن سازمانی بێهزیستی و ئامووزش و پەروەرشەوە کێشەی لەسەرە، سازمانی بێهزیستیش پاش ئەم هەڵوێستگیرییەی خامنەیی دەستبەجێ ئامادەبوونی خۆی بۆ سپاردنی باغچەی ساوایان بە ئامووزش و پەروەرش دەربڕی. کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩ “شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی” وردەکاریی ئەم سپاردنەی پەسەند کرد. ڕێزوان حەکیم زادە، جێگری فێرکاریی سەرەتایی وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە وتی کە ڕاهێنانی هەموو تاکێک لە کاتی لە دایک بوونییەوە تا زانکۆ وەئەستۆی ئامووزش و پەروەرشە. بەمجۆرە بوو کە حکوومەت بە یارمەتیی باسکە میدیاییەکانی خۆی چوارچێوەی بچووک و تا ڕادەیەک ئازادی باغچەکانی ساوایان کە تێیدا منداڵانی کەم تەمەن خەریکی فێربوون و کایەکردن بوون، بە بازنەی نفووزی فێرکاریی ناسالم و ناستانداردی خۆی زیاد کرد.

بەڵام دواهاتی وەها بڕیارێک بۆ منداڵان و بنەماڵەکانیان چی دەبێت؟

لە بواری بەرنامەکانی فێرکردن و ناوەرۆکدا هەر ئەو بەڵایەی کە بەسەر مەدرەسەکانماندا هاتووە، بەسەر باغچەکانی ساوایانیش دێت. واتە سەرهەڵدانی دوو جۆر پەروەردە و بارهێنان کە یەکیان کلتووری دەسەڵات و ئەو شێوە ژیانە خەیاڵی و ناڕوونەیە کە پێی دەڵێن “ئیرانی- ئیسلامی” و ئەوەی دیکەیان کلتووری ئەو بنەماڵانەن کە زۆربەیان خوازیاری فێرکاریی مۆدێرن و ئامادەبوونی منداڵەکانیان بۆ ژیان لە دونیای ئەمڕۆیی و بەدەستهێنانی تواناکانی بەڕێوەبردنی ژیان و شادی و فێربوونی زمانە نێونەتەوەییەکانن.

نووری وەزیری ئامووزش و پەروەرشی کۆماری ئیسلامی لە وتەکانیدا وێڕای تەئکید لەسەر حزووری تەڵەبەکان لە مەدرەسەکانی ئێران وتی:

“بەشوێن چالاک کردنی هاوکاری لە نێوان حەوزە و ئامووزش و پەروەرش داین تا بەستێنی حزووری تەڵەبەکان لە مەدرەسەکان دابین بکەین و وەرزێکی نوێ لە بەهێزکردنی باوەڕە دینی و ئیسلامییەکانی خوێندکاران دەست پێ بکەین.”

کاریگەریی ئەم بڕیارانە لەسەر منداڵان و داهاتوویان زیانبارە و بەجۆرێک کۆنتڕۆڵکردنی بیر و مێشکی منداڵانە. ڕووحانییەتی شیعە هەر ئەو کارە دەکات کە مەدرەسە سوننییەکانی پاکستان بۆ پێکهێنانی تاڵەبان و یان داعش لەگەڵ منداڵان ئەنجامیان دا.

جیایی دین لە دەوڵەت و بەتایبەت جیایی دەزگای دین لە پەروەردە و بارهێنان خواستێکی ئینسانی، دیمۆکراتیک و پێویستییەکی کردەوەیی و زانستیی پەروەردە و بارهێنانی مۆدێرن و پێشکەوتوویە. دەخاڵەتی ڕووحانییەتی شیعە و ڕەوانەکردنی ئاخوند و تەڵەبە بۆ باغچەکانی ساوایان، مەدرەسەکان و زانکۆکان، کردەوەیەکە لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی بیر و فکری منداڵان و تازەلاوان و ئەمڕۆ و داهاتوویان بەفیرۆ دەدات.

نزیک بە ١٥ ملیۆن لە منداڵانی ناو باغچەکانی ساوایان و خوێندکارانی مەدرەسە و زانکۆکانی ئێران لەگەڵ پەلاماری بەرینی ئیسلامی کردن بەڕوایەتی شیعە و داسەپاندنی ئیدێئۆلۆژیی ئیسلامی سەرچاوەگرتوو لە خورافە و دەمارگرژی بەرەوڕوون و هەوڵ و خەبات بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستە، بەکردەوە لەپێناو بەرژەوەندی ملیۆنان منداڵ و لاوی ئێران و بنەماڵەکانیان و شکستی دەمارگرژی و سەرکەوتنی زانست دایە.