کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کاری منداڵان تاوانێکە کە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بەسەر منداڵان دادەسەپێت

photo 2021 11 23 10 50 29

ڕۆژنامەی “سۆبحی سادێق”ی چاپی تاران لە دوایین ژمارەیدا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کاری منداڵان ئامادە کردووە. لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژە بە زانیاریی ئاماریی وەزارەتی کار، کە خۆی دانی بەوە داناوە کە ناتوانێ ئامارێکی ورد بێت، گۆشەگەلێکی لەم کێشە کۆمەڵایەتییە لە ئێران باس کردووە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە:

“تەنیا لە شاری تاران ١٤ هەزار زبڵگەڕ بوونی هەیە کە چوار هەزار و ٧٠٠ کەسیان واتە یەک سێهەمیان منداڵن. بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کار، نزیکەی ٧ ملیۆن پیشەی ناڕەسمی لە ئێراندا بوونی هەیە. واتە کەسانێک کە هیچ بیمەیەکیان نییە و هیچ جۆرە یارمەتییەکی بژێوی و ڕێفاهی وەرناگرن و زۆربەشیان لە منداڵانی کار پێکهاتوون”. لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “بەدخۆراکی وەک باوترین کێشەی منداڵی کار، جیددیترین هۆکاری تێکدەری گەشەی زەین و جەستەیەتی. ئارترۆز، دیسکی کەمەر و کێشەوگرفتی گەورەبوون، ئەو زیانانەن کە هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بەرۆکی ئەو منداڵانە دەگرێت کە خەریکی بارهەڵگرتنن. هەوکردنی سییەکان و کێشەی پێست، زۆر زوو دێتە سۆراغ منداڵانی زبڵگەر. تێپەڕین لە قۆناغی منداڵی و تازەلاوی و هاتنە ناو دنیای گەورەساڵی، دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە کێشەی ئەم مرۆڤانە. ئەوان کە لە بواری بەدەستهێنانی داهات، بەڕێوەبردنی ژیان و بەشداریی کۆمەڵایەتیی پەروەردە نەکراون، بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی نوێ دەبنەوە. توێژینەوەی تاوانناسی دەریخستووە کە زۆربەی تاوانباران، منداڵانییەکی پڕ لە ئازاریان تێپەڕاندووە”.

منداڵی کار بە منداڵێک دەوترێ کە بەخاتری هەژاری، کێشەی ئابووری، کلتووری یان لە لایەن باند و مافیاکانەوە، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و بەردەوام بەکار دەگیرێت. هەموو ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵە و لە کوورەخانە و کارگای چکۆلە و مەزرا و کارگەی تەونکردن و ژوورەکانی بازرگانانی بازاڕ و فرۆشگاکان و لە ماڵە دەوڵەمەندەکان وەک کرێکار و خزمەتکار خەریکی کارن، منداڵی کار بەئەژمار دێن. ئەو یەک ملیۆن کچەی ناو ماڵ کە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵە و شەو  و ڕۆژ لە ماڵێدا خەریکی کارن، پێویستە بە ئاماری منداڵانی کاری ئێران زیاد بکرێن.

ئەوانیش دەبێ هەر لە ئێستاوە فێری ئەوە بن کە قانع و داهێنەر بن و بەوەی کە هەیانە ڕازی بن. نابێ بەرزەفڕی بکەن. ئیشتیای زۆر شت دەبێ لەسەریان بەرنە دەر. ئەوان دەبێ واز لە ئاواتەکانیان بێنن. دەبێ بەپەنا ئەوەیکە نیانە و ئەوەیکە دەبێ بیانبێ، تێپەڕن.

کاتێک بە پێی یاسای کاری کۆماری ئیسلامی، کارگا چکۆلەکانی کەمتر لە ١٠ کەس، هیچ جۆرە چاوەدێرییەکی یاسایی و کۆنتڕۆڵیان لەسەر نییە، ئەم ناوەندانە پڕن لە منداڵانی کار کە نە تەنیا جەستەیان بەدوور لە چاوەدێریی یاسا لەناودەچێت بەڵکوو بە وەحشیانەترین شێوە دەچەوسێنەوە و ئەو کارەی کە بە گەورەکان دەکرێت، بەسەر منداڵانیش دادەسەپێت و ناچاریان دەکەن بەرامبەر بە  کاری داسەپاو ملکەچ بن. کاری منداڵ بازاڕێکی هەرزانە و تەنانەت ئەگەر منداڵ بەقەد کەسە گەورەکانیش کار بکات، حەقدەستی بەقەد ئەوان نییە.

منداڵانی کار ئەو دەستەیە لە قوربانییانی نیزامی سەرمایەدارین کە بە شێوازی جۆراوجۆر کەڵکی نابەجێیان لێوەردەگیرێت و وەک بێمافترین کرێکاران دەچەوسێنەوە. زۆرێک لەم منداڵانە بۆ خۆدەربازکردن لە کارێک کە تاقەتیان پێی ناشکێ بەڵام ناشبێ بە دەستی بەتاڵەوە بگەڕێنەوە ماڵێ، بە ئاسانی دەکەونە داوی تۆڕەکانی قاچاغ و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و بە ئاسانی دەکەونە ناو داوی تەجارەتی سێکس و دەڵاڵانی لەشفرۆشی و باندەکانی دزی و بەردەوام سووکایەتییان پێدەکرێت و دەکەونە بەر توندوتیژیی.

لە کۆمەڵگایەکدا کە ڕێژەی ڕەسمیی هێڵی هەژاری ڕۆژ بە ڕۆژ دەڕواتە سەرێ، دەبێ منداڵان لەجیات خۆشی و فێربوون و پشکوتنی تواناکانیان، هەژار و بێبەش و بێکار بن و بۆ گۆڕانکارییەکی چکۆلە لە ژیانی مەمرە و مەژییاندا ناچار بن دەست بدەنە هەموو کارێک.

لە وڵاتێکدا کە حەقدەستی کرێکارانی لەسەرکاری دوادەخرێت و ملیۆنان کەس بێکارن، دەبێ ڕۆڵەی کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا لە پانتایی ملیۆنیدا لە کەنار پیادەڕەوەکان واکس لێدەن، زبڵی ماڵەکان ژێروژوور بکەن و زبڵ کۆبکەنەوە، لەسەر چوارڕای پڕ ترافیک و مەترسیدار شیشەی ماشێنەکان خاوێن بکەنەوە و فاڵی حافز و بنێشت و سیگار بفرۆشن. کاری منداڵان تاوانێکە کە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بەسەر منداڵان دادەسەپێت. منداڵان نابێ ناچار بن لەجیات کایەکردن و خۆشی و فێربوون، ببنە تیمی ناندەرهێنەری بنەماڵە.