کۆماری ئیسلامی ٤٢ ساڵە هەوڵ دەدات شێوەی ژیانی دڵخوازی خۆی بە پێی شەریعەتی ئیسلام بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. کەسانێک کە ساڵانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییان لەبیرە، دەزانن کە ئەم ڕژیمە ئەوکات لە زۆر بواری ژیانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیدا، لە تاڵەبانی ئەمڕۆ لە ئەفغانستان کەمتر نەبوو. جیاوازیەکەی تەنیا لە ئەحکامی شەریعەتی شیعە یان سوننی دا بوو. وەرزشی ژنان حەرام بوو. ژنان بۆ ساڵانێکی زۆر مافی چوونەناو وەرزشگاکانیان نەبوو. دووچەرخەسواری ژنان تاوان و گوناحی کەبیرە بوو. هەبوونی دەزگای پەخشی ویدیۆ تاوان بوو. دیمەنەکانی هێرشی سپای پاسدارانی کۆنەپەرست بۆسەر سەربانی ماڵەکان و شکاندنی دیشی مەهوارەکان، کەس لەبیری نەچووەتەوە. چارشێو و مانتۆی ڕەش و حیحابی کامڵی ژنان تەوەری کێشمەکێشی هەموو ڕۆژێی ژنان لەسەر شەقام و مەیدانەکان لەگەڵ مەئموورانی ڕژیم بوو. لقەکانی خوێندنی ژنانیان لە زانکۆکان سنووردار کرد. سەرەتا لەگەڵ ئینتێرنێت دەستیان کردبە دوژمنایەتی و پاشان فیلتێریان کرد و سەرەنجام خاویان کردەوە و دەیان کردەوەی هاوشێوەیان ئەنجام دا. بەڵام بە سەرەنجدان بە کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەم بوارانەدا دەردەکەوێت کە ئەگەرچی ئەم ڕژیمە بەداخەوە هەروا لەسەر کارە بەڵام لەم نەبەردە کۆمەڵایەتییەدا بەردەوام سەری وەبەرد کەوتووە و شکستی خواردووە و بەناچار پاشەکشەی کردووە.
لە تازەترین نموونەدا کۆماری ئیسلامی بۆ داسەپاندنی شێوەی ژیانی دڵخوازی، زوومی کردووەتە سەر ئاژەڵەکان. سزادانی کەسانی خاوەن سەگ لەسەر شەقام و پارکەکان بەتایبەت لە شاری تاران لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا توند بووەتەوە و گەلێک ڕاپۆرتی جۆراوجۆر لەم بارەیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە. سەرۆکی پۆلیسی راهوەری تاران باسی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “سەگ گێران بە ماشێن”ی کرد و وتی کە ئەم بابەتە لە دەستووری کاری پۆلیس دایە و ڕۆژانە بەریپێدەگیرێت. حسێن ڕەحیمی فەرماندەی هێزی ئینتزامی تاران باسی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “سەگ گێڕان بە ماشێن، لە ناو پارەکەکان و پیادەڕەوەکان” کردووە و وتوویەتی کە “دەبێ هەوڵ بدەین شێوەی ژیانی ئیسلامی لە کۆمەڵدا زاڵ بکەین”. ناوبراو وتی: “سەرپێچکاران بەشێوەی جیددی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێت”. دادستانی گشتیی ئێران، سەگی “لەبواری شەرعییەوە گڵاو” وەسف کرد و وتی کە ئەم ئاژەڵە “نابێ تێکەڵ ژیانی مسوڵمانان بێت”. عەلیڕەزا حەدائق، ئەندامی کۆمەڵگەی ڕووحانیەتی شیراز، بەدەستی ڕۆژگارەوە دەناڵێنێت و دەڵێ: “دیاردەی بەدحیجابی لە ئاستی شاری شیرازدا نالەبارە، بۆ ماسک لێنەدان ئیراد دەگرن، بەڵام بۆ بێ حیجابی ئیراد ناگرن. لەوانەش گوزەراین، ئێستا سەگ گێڕان لە کۆمەڵدا بووەتە باو”.
حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران و تاڵەبان لە ئەفغانستان لە نەشیاوترین و دواکەوتووترین دیاردەکانی جیهانی سەردەمن. دیاردەیەک کە بە هیچ مۆجزەیەک، بە خواست و ئاوات و شێوەی ژیانی ئەمڕۆی خەڵکەوە پەیوەند نادرێت. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان، لاوان، هونەرمەندان، خەڵکی ستەملێکراو، هەزار و یەک گیروگرفتی ورد و درشتیان هەیە کە بێکاری، گرانی، نەبوونی مەسکەنی گونجاو، نەخۆشیی کۆرۆنا، کەموونی پزیشک و نەبوونی دەرمان و تەختی نەخۆشخانە، ئێعتیاد، توندوتیژی، نەبوونی ئازادیی سیاسی و چوونەسەرەوەی ئاماری ئێعدام و ئەشکەنجە تەنیا چەند نموونەیەتی. لە وەها باروودۆخێکدا، نیگەرانیی ئاخوندەکانی حکوومەت و دەزگای دەوڵەت سەرپێچی لە حیجابی ئیجباری و یان سەگ گێڕانە!
دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیم، ئیمامانی جومعە، ئەوباشی دامەزراو لە دەزگای ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر، پۆلیس و بەسیج و گشت دەزگای ڕاهێنان و سەرکوتی حکوومەت، بەدحیجابی و یان سەگ گێڕان وەک گەورەترین هەڕەشەی فەرهەنگی پێناسە دەکەن. هەژاری، خوکوژی، لەشفرۆشی، گورچیلەفرۆشی، گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر، ئەو مەسەلە و دیاردانە نین کە سەرەنجی حکوومەت و ئاخوندە مفتەخۆر و زۆروێژەکان بەرەو خۆیان ڕاکێشن، بەڵام هێندێک خەڵک سەگ ڕابگرن دەبێتە بابەتی حکوومەت و ئاخوندەکان.
پێشینەی ڕاگرتنی ئاژەڵی ماڵی بەدرێژایی مێژۆی مرۆڤە و لە ئێرانیش بۆ سەدان ساڵ ڕاگرتنی ئاژەڵی ماڵی بەشێک لە کلتووری خەڵک بووە و دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و کۆنەپەرستی ئیسلامی نەتەنیا دژایەتییەکی نەخۆش ئاسایان لەگەڵ کلتوور و هونەر و زانست هەیە، بەڵکوو دوژمنی ئاژەڵەکانیشن و بە گڵاو، بەدیۆمن و حەرام پێناسەیان دەکەن و کەمتر ئاژەڵێک بە سڵامەت لە دەستیان دەرباز بووە. لە گشت وڵاتانی جیهاندا ئاژەڵی ماڵی بەشێک لە ژیانی کۆمەڵگەیە و ڕەنگبێ کۆماری ئیسلامی و باقیی کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لە زومرەی کەمینەیەکی بچووک بن لە دنیادا کە تەنانەت لەگەڵ ئاژەڵەکانیش دوژمنایەتی دەکەن.
ڕووخاندنی حکوومەتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێران نەتەنیا لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک و جەماوەری زەحمەتکێش دایە، بەڵکوو بۆ دابین کردنی مافی ئاژەڵەکان و دیفاع لە ژینگە، بۆ پاراستنی زەروورەتی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵەکان لەوانە ئاژەڵە ماڵییەکان، هیچ ڕێگاچارەیەک بێجگەلە بێدەسەڵات کردنی نیزامی خورافە و جەهل بوونی نییە.