کۆمەڵێک لە کرێکارانی “فازی ١٤”ی عەسەلوویە، ڕۆژی شەممە ٢٧ی مانگی خەرمانان لە ناڕەزایەتی بە بێبایەخی بەرپرسانی ئەو شێرکەتە بە جێبەجێ نەکردنی خواستەکانیان، دەستیان لە کار کێشایەوە و لە بەرانبەر دەفتەری پهیمانكارهكان کۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵەکان، گرێبەستی کاری نوێ و چوونە سەرەوەی حەقدەست و پشووی ١٠ ڕۆژ لە مانگێک دا، خواستی کرێکارانی ناڕازی بووە و بە وتەی یەکێک لە مانگرتووان زۆربەی کرێکارانی گرێبەستی ئەو شێرکەتە لە مانگێک دا ٢٤ ڕۆژ کار دەکەن و شەش ڕۆژ پشووی کارییان هەیە. جێی ئاماژەیە لە هێندێ لە شێرکەتەکانی دیکە ڕۆژانی پشوو لە مانگێک دا لەمە کەمترە و بەشێک لە کرێکاران بە هۆی دووری ڕێگا هیچ کاتێکی بەرچاویان بۆ بینینی بنەماڵەکانیان نییه.
