هه‌زاران كه‌س له دانیشتووانی شاری “قه‌نده‌هار”ی وڵاتی ئه‌فغانستان بۆ جارێكی دیكه، ڕۆژی هه‌ینی ٢٦ی مانگی خه‌رمانان، له ناڕه‌زایه‌تی به هاتنه سه‌ر كاری گرووپی تاڵیبان ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، خۆپیشانده‌ران له دژی بڕیاری نوێی تاڵیبان له سه‌ر چۆڵكردنی سێ هه‌زار ماڵی فه‌رمانده‌كانی پێشووی ئه‌رته‌شی ئه‌و وڵاته و ڕێگری كردن له خوێندنی كچان له مه‌دره‌سه‌كان، ڕژانه سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی. ژماره‌یه‌ك له ناڕازییان ڕایانگه‌یاند كه بۆ ماوه‌ی سی ساڵه له‌و ماڵانه‌دا نیشته‌جێن و تاڵیبان ده‌یه‌وێت له ماوه‌ی سێ ڕۆژ ئه‌و ماڵانه چۆڵ بكه‌ین. هه‌روه‌ها له لایه‌كی دیكه‌وه تاڵیبان به‌بێ هێنانی ناوی كچان داوای له كوڕانی پۆلی شه‌ش به‌رو سه‌ر و مۆعه‌لیمانی پیاو كردووه كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مه‌دره‌سه‌كان و خوێندن ده‌ست پێ بكه‌ن.
