كۆمه‌ڵی ئێران له یه‌كێك له دژوارترین قۆناغه‌كانی ژیانیدا به‌سه‌ر ده‌بات. گیروگرفتی ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ٤٢ ساڵه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشتووه. ئازاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ئاستێكی كاره‌ساتباردا په‌ره‌یان سه‌ندووه. به‌رئاوردی به‌ڵگه‌مه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی، ئێرانی ئه‌مڕۆی خستووه‌ته ناو ڕیزی خه‌مبارترین وڵاتانی جیهانه‌وه. شادیی مرۆڤه‌كان به ئاستی ڕه‌زایه‌تیان له ژیان و هیوادار بوونیان به داهاتووه‌وه گرێ دراوه. ڕه‌زایه‌ت له ژیان به‌ر له هه‌موو شتێك له لایه‌ن ڕژیمی سه‌رمایه‌داریی ئیسلامی له ئێران به بارمته گیراوه. وه‌ها باروودۆخێك مرۆڤ به‌رده‌وام گرفتاری وه‌ده‌ستهێنانی بژێو و زیندوو مانه‌وه ده‌كات و به‌ره‌و پێگه‌ی نزم و شكستی ماددی و مه‌عنه‌وی هان ده‌دات. ئه‌م باروودۆخه مرۆڤی چه‌وساوه و بێبه‌ش به‌رده‌وام له دڵه‌ڕاوكێ و سترێسدا ڕاده‌گرێ. كاتێك پێداویستیی ماددی و مه‌عنه‌وی له وه‌ها كۆمه‌ڵێكدا دابین ناكرێت، مرۆڤه‌كان له خۆیان و له كۆمه‌ڵیان نامۆ ده‌بن. مرۆڤ خۆی به‌ته‌نیا و بێ پشتیوانه و بێ داهاتوو ده‌بینێت و له قه‌یراناویترین حاڵه‌تدا كار ده‌گاته جێگه‌یه‌ك كه له‌وپه‌ڕی داماویدا، خۆی له مافی ژیان بێبه‌ری ده‌كات.
یه‌كێك له دواهاته‌كانی خه‌مۆكی و شادنهبوون، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاماری خوكوژی له ئێرانه. له كۆمه‌ڵگه جۆراوجۆره‌كاندا، خوكوژی زیاتر به‌پێی ده‌روون ناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت به‌م كۆمه‌ڵگه‌یه شیده‌كرێته‌وه. به‌ڵام چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاماری خۆكوژی له ئێران په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ٤٢ ساڵه‌ی ڕژیمی ئیسلامی هه‌یه. به‌شێكی به‌رین له خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه به‌شێوه‌ی ئاشكرا و یان نهێنی تووشی خه‌مۆكی بوون. له وه‌ها باروودۆخێكدا خۆكوژی له‌ناو تازه‌لاوانی كه‌متر له ١٨ ساڵ ته‌مه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌ته‌وه. له‌و نێوه‌دا به‌تایبه‌ت ئاماری خۆكوژی له ناوچه بێبه‌شه‌كانی ئێران ڕوو له زیادبوونه. ئه‌وه‌ش له حاڵێك دایه كه ئاماره‌كان ته‌نیا ئه‌و به‌شه له كاره‌ساتی خۆكوژی له خۆ ده‌گرن كه له ڕۆژنامه‌كان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو ده‌بنه‌وه.
ڕۆژی سێشه‌ممه ٣ی مانگی خه‌رمانان، له‌گه‌ڵ خۆكوژیی كچێكی ١٦ ساڵ ته‌مه‌نی خه‌ڵكی شاری “قه‌تور” له شارستانی “خۆی” سه‌ربه ئۆستانی ئازه‌ربایجانی غه‌ربی، ئاماری خۆكوژی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ ته‌مه‌ن له ناوچه كوردنشینه‌كان له ماوه‌ی ٨ مانگی ڕابردوودا گه‌یشته ٣٥ كه‌س. له‌و ٣٥ كه‌سه خوار ١٨ ساڵه‌یه‌ی كه له‌م ناوچه‌یه ده‌ستیان داوه‌ته خۆكوژی، ٢٠یان كچ بوون. له سه‌ره‌تای ساڵی ١٤٠٠ی هه‌تاوی ئامارێكی ورد سه‌باره‌ت به خۆكوژی له لایه‌ن ناوه‌نده ڕه‌سمییه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه. به‌ڵام جێگری كۆمه‌ڵایه‌تیی بێهزیستیی ئێران له وتووێژ له‌گه‌ڵ “خه‌به‌ر ئانلاین“، ئاماری خۆكوژیی له ئێران له ماوه‌ی ساڵه‌كانی ١٣٩٨ و ١٣٩٩ به پێی ڕاپۆرتی پزیشكی قانوونی ٤١ هه‌زار كه‌س ڕاگه‌یاند. به پێی ئاماره‌كانی “پزیشكی قانوونی” له ساڵی ١٣٩٩ به‌شێوه‌ی مامناوه‌ند ڕۆژانه ١٥ كه‌س له ئێران به‌هۆی خۆكوژییه‌وه گیانیان له‌ده‌ست داوه. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته هه‌موو مانگێگ ٤٥٠ كه‌س و له ماوه‌ی ئه‌و یه‌ك ساڵه‌دا ٥ هه‌زار و ٤٩٠ كه‌س به‌هۆی خۆكوژییه‌وه مردوون. ڕۆژنامه‌ی “ئێعتماد“، ڕێبه‌ندانی ساڵی ڕابردوو، له ڕاپۆرتێكدا له سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له “سازمانی پزیشكی قانوونی ئێران” ڕایگه‌یاندبوو كه “ئاماری خۆكوژی له سه‌ره‌تای ساڵی ٩٩ له به‌رئاورد له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌و ماوه‌یه له ساڵی ڕابردوو، ٤ و ٢ دههۆمی له‌سه‌د زیادی كردووه”. هه‌روه‌ها “ته‌قی رۆستهموهندی” سه‌رۆكی ڕێكخراوی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێران له مانگی ڕێبه‌ندانی ساڵی ٩٩ باسی له “چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاماری خۆكوژیی كه‌سانی ژێر ١٨ ساڵ و سه‌رووی ٦٠ ساڵ ته‌مه‌ن له ئێران” كردبوو. جێگیری كۆمه‌ڵایه‌تیی بێهزیستیی ئێرانیش ڕایگه‌یاندبوو كه “كاتێك ٧ ملیۆن بێكارمان هه‌یه، ئاستی تهحهمولهكان دێته خوارێ” و “ساڵانه پتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س له وڵات‌دا ده‌ست ده‌ده‌نه خوكوژی“. به پێی ڕاپۆرته نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، “ئێران له‌ناو وڵاتانی ناسراو به ئیسلامی، له خۆكوژیدا پله‌ی سێهه‌می هه‌یه”.
كێشه و گرفتی فراوانی ئابووری له‌وانه بێكاریی به‌رین له‌ناو ناندهرهێنهرانی بنه‌ماڵه و لاوان، بێ ره‌ونه‌ق بوونی به‌رده‌وامی سفره‌ی بنه‌ماڵه كرێكارییه‌كان له شار و دێ، حه‌قده‌ستی ٤ به‌رابه‌ر ژێر هێڵی ڕه‌سمیی هه‌ژاریی كرێكارانی له‌سه‌ر كار، نه‌بوونی بیمه‌ی بێكاری و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی گونجاو و پێویست، گرانیی سه‌رسووڕهێنه‌ری كرێ ماڵ و هه‌زینه‌ی مه‌سكه‌ن و سه‌رپه‌نا، گرانیی هه‌زینه‌ی هاتووچۆ و ده‌یان گیروگرفتی دیكه، په‌ره‌سه‌ندنی ئازاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك ئێعتیاد، له‌شفرۆشی، بێ ئاسۆیی لاوان، له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی خۆكوژیی خه‌ڵكی وه‌گیان هاتووی ئێرانن. پێویسته له په‌نا هه‌مووی ئه‌وانه‌شه‌وه یاسای كۆنه‌په‌رستانه و سهختگیرانهی مه‌زهه‌بی و پیاوسالاریی كۆماری ئسیلامی و پاشماوه‌ی سوننه‌تی دواكه‌وتووی ناو كۆمه‌ڵ، به هۆكاره‌كانی خۆكوژی زیاد بكه‌ین.
له ماوه‌ی یه‌ك ساڵ و نیوی ڕابردوودا و له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی ویرووسی جیهانی و كوشنده‌ی كۆرۆنا، كۆماری ئیسلامی به په‌ره‌پێدانی ئه‌م ویرووسه له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی ئێران، گرتنه‌به‌ری شێوازی نازانستیانه و ناته‌ندرووست، پشت به‌ستن به خورافاتی مه‌زهه‌بی له به‌رامبه‌ر زانستی پزیشكی، فه‌رمانی خامنه‌یی بۆ قه‌ده‌غه كردنی واكسێنی ئه‌مریكایی و ئینگلیسی، ئاگاهانه به‌ستێنی كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی ئێران و سه‌رهه‌ڵدانی كاره‌ساتی كۆمه‌ڵایه‌تیی خوڵقاند. كوشتارێك كه به‌وته‌ی به‌رپرسانی ڕه‌سمی هه‌تا ئێستا پتر له ١٢٠ هه‌زار كه‌س به‌هۆیه‌وه گیانیان له‌ده‌ست داوه و به پێی ڕاپۆرتی ناوه‌نده غه‌یره ده‌وڵه‌تییه‌كانیش پێنج به‌رابه‌ری ئه‌م ئاماره گیانیان به‌ختكردووه و چه‌ند ملیۆن كه‌سیش گیرۆده‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ن. له‌و ماوه‌یه‌دا كۆرۆنا به باقیی كێشه و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی ئێران زیاد بووه و یه‌كێك له هۆكاره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی خه‌مۆكی و جۆره‌كانی ناڕه‌حه‌تیی ده‌روونییه.
بێگومان خۆكوژی نه ڕێگای ده‌ربازبوونی كه‌سی و نه شێوازی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كێشه و گرفته داسه‌پاوه‌كانی نیزامی ده‌سه‌ڵاتداره. ئه‌م كرده‌وه‌یه نیشانه‌ی سه‌ردانه‌واندن و ته‌سلیم بوونه له به‌رامبه‌ر كێشه‌كاندا. شێوازی ئاسایی مرۆڤه‌كان به‌مجۆره نییه. پێویسته ڕێوشوێنی كه‌سانێك بگرترێتهبهر كه به‌ره‌نگاری به‌ربه‌سته‌كانی ژیانیان ده‌بنه‌وه و له‌م ڕێگه‌یه‌وه شادی و خۆشحاڵی به ژیانیان دهبهخشتن. خه‌بات دژبه ڕژیم و موناسباتێك كه ئه‌م ڕژیمه پارێزه‌رێتی، ڕێگای ده‌رباز بوون له باروودۆخی ئێستایه. دامركاندنی ژان و ئازاری خه‌ڵكی ئێران به ڕزگار بوون له چنگ نیزامی مه‌زهه‌بی و سه‌ركوتگه‌ری ئیسلامی مه‌یسه‌ر ده‌بێت.