ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٥ی مانگی گه‌لاوێژ هاوكات له‌گه‌ڵ په‌نجا و هه‌شته‌مین ڕۆژی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ریی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت له ١١٩ پاڵاوگه، ناوه‌ندی پێترۆشیمی و وزه‌خانه له ٣٥ شار، ٥٤٠ كه‌س له كرێكارانی “پاڵاوگه‌ی نه‌وتی لاوان باروودۆخی پیشه‌ییان گۆڕا” و به‌شێك له داخوازییه‌كانیان به‌ده‌ست هێنا. له شه‌پۆلی نوێی مانگرنتی كرێكاری له ئێران كه له‌ژێرناوی “كه‌مپه‌ینی ١٤٠٠” له ٢٩ی جۆزه‌ردانه‌وه ده‌ستپێكرد، سه‌ره‌تا كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمی له‌ئاست باروودۆخی پیشه‌یی و حه‌قده‌سته‌كانیان ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و چه‌ندین به‌شی دیكه به‌م مانگرتنه په‌یوه‌ست بوون. له ئێستادا كرێكارانی پاڵاوگه‌ی ماهشههر، وزه‌خانه‌ی سه‌نعه‌تی ئاسیا، پارس كه‌یهان، شیركه‌تی دیپۆلیمێری عه‌سه‌لوویه، وزه‌خانه‌ی سیكلی ته‌ركیبی ورمێ، كرێكارانی په‌یمانكاریی شیركه‌تی سازه‌ی فهرافهنی قشم، كۆنسێرسیۆمی “پڕۆژه‌ی بیدبۆله‌ند” هه‌روا له مانگرتندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
“شۆرای ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی كرێكارانی په‌یمانیی نه‌وت” له نوێترین ڕاگه‌یاندنی خۆیدا، ڕایگه‌یاندووه كه ٢٠ له‌سه‌دی مانگرتووان دوو به‌رابه‌ر بوونی حه‌قده‌سته‌كان، بیست ڕۆژ كار و ده ڕۆژ مه‌ره‌خه‌سی و باشتربوونی باروودۆخی شوێنی نیشته‌جێبوون و ته‌ندرووستییان به‌سه‌ر خاوهنكاراندا سه‌پاندووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر كار. شۆرای ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان پێشنیاری به‌م به‌شه له كرێكاران كردووه كه گرێبه‌سته‌كانیان به‌نووسراوه و تا كۆتایی پڕۆژه بێت.
خه‌باتی ڕێكخراوی كرێكاران بۆ باشتر كردنی باروودۆخی ژیانیان ده‌ستپێكی ئامانجداری خه‌باتی كرێكارانه وه‌ك چینێك له‌دژی نیزامی سه‌رمایه‌داری. كرێكارانی مانگرتوو هه‌تا ئێستاشی گه‌لێك ده‌ستكه‌وتی حاشاهه‌ڵنه‌گریان له بواری یه‌كگرتوویی و هاوپشتی، پێگه‌یشتنی سیاسی و هه‌ڵبه‌ت باشتر كردنی باروودۆخی كار و ژیانیان به‌ده‌ست هێناوه كه سه‌رمایه‌یه‌كی به‌نرخه بۆ پێشڕه‌وییه‌كانی داهاتوو. له ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی مانگرتنه به‌رینه‌كانی ئه‌م دوایانه و هه‌روه‌ها له جه‌ره‌یانی خه‌باتی مافخوازانه‌ی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌دا بینیمان كه كرێكاران نه ته‌نیا بیریان له خۆیان به‌ڵكوو له دونیای ده‌ورووبه‌ریشیان كردووه‌ته‌وه.
كرێكاران به‌خاتری دهوروونهخشیان له به‌رهه‌مهێنان و له‌به‌ر خه‌باتی په‌یگیریان له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، مافی خۆیانه كه وه‌ك خه‌باتكارانی دژه دیكتاتۆر و چه‌وسانه‌وه له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفتی توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵ هه‌وڵ بده‌ن. كرێكارانی مانگرتووی نه‌وت، گاز و پێترۆشیمییهكان و چالاكانی سه‌ندیكای حه‌وت ته‌په له‌م ڕێگایه‌دا گه‌لێك هه‌نگاویان به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌ڵگرتووه. بۆ نموونه “شۆرای ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان…” له هه‌مان حاڵ‌دا كه به وشیاری و وردبینییه‌وه له‌پێناو حورمه‌ت و یه‌كگرتوویی كرێكارانی مانگرتوودا هه‌وڵی داوه، بایه‌خی به ته‌ندرووستی ئه‌وان و سڵامه‌تی باقیی هاووڵاتییانی ئێرانیش داوه. چالاكانی شۆرا له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكه‌وه خوازیاری واكسیناسیۆنی خێرا و گشتی و بێبه‌رامبه‌ر له سه‌رتاسه‌ری ئێران بوون. ئه‌وان نووسیان: “ئاماری تووش بووانی ویرووسی كوشنده‌ی كۆرۆنا ڕۆژ به ڕۆژ ده‌ڕواته سه‌رێ و ژماره‌یه‌كی زیاتر له خه‌ڵك به‌ره‌و نابوودی ده‌بات…”. چالاكانی شۆرا به‌ده‌ر له خواستی واكسیناسیۆنی گشتی و بێبه‌رامبه‌ر، له‌سه‌ر خواستی دابین كردنی ده‌رمان و ته‌ختی نه‌خۆشخانه و گه‌لێك پێداویستیی دیكه ته‌ئكیدیان كرد و نووسییان ئه‌وه‌ی كه ڕوویداوه كوشتاری به‌كۆمه‌ڵه و پێویسته به‌ری پێبگیرێت.
باس كردن له واقعییاتی سه‌خت و ئاسته‌می كۆمه‌ڵگا و ڕێگای چوونه‌ده‌ره‌وه لێیان له لایه‌ن كرێكارانه‌وه، نیشانه‌ی جۆرێك له پێگه‌یشتنی سیاسی و متمانه به‌خۆییه له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری‌دا. ئاستی ئه‌م پێگه‌یشتنه كاتێك زیاتر ئاشكرا ده‌بێت كه كرێكاران له‌ئاست نه‌هامه‌تییه‌كانی جه‌ماوه‌ری ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران له‌وانه ئه‌فغانستان كاردانه‌وه له خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. سه‌ندیكای كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په له په‌یامێكدا له‌ژێرناوی “ئه‌فغانستان له‌ناو ئاگر و خوێندا“، سه‌باره‌ت به زاڵ بوونی تاڵه‌بان به‌سه‌ر ئه‌فغانستان و دانیشتووانی ئه‌م وڵاته نیگه‌رانی و هاوده‌ردیی ده‌ربڕی. له په‌یامه‌كه‌ی سه‌ندیكادا، تاڵه‌بان به‌هێزێك وه‌سف ده‌كرێت كه به‌ند به به‌ندی ئهساسنامهكهی به جه‌نایه‌ت نووسراوه. له‌م په‌یامه‌دا به‌درووستی باس له‌وه كراوه كه سه‌رانی تاڵه‌بان و هێزه جه‌نایه‌تكاره‌كانی ئه‌م گرووپه له ئه‌ساسدا به پشتیوانیی ماددیی ئه‌مریكا و پاكستان و باقیی ده‌سه‌ڵاته كۆنه‌په‌رسته‌كان ڕێكخراوه و هه‌لێكی دووباره‌ی بۆ خوڵقاوه تا بتوانێ ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشدا بسه‌پێنێ. له‌م په‌یامه‌دا مژده‌ی ئاخێزی جه‌ماوه‌ری له داهاتوودا و كاتی بوونی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی تاڵه‌بان دراوه.
له كۆتاییدا پێویسته له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته جه‌خت بكرێت كه كرێكارانی مانگرتووی نه‌وت، گاز و پێترۆشیمییهكان كه‌وتوونه‌ته قۆناغێكی هه‌ستیاره‌وه. ئه‌وان به مانگرتنی درێژماوه و فیداكارانه‌یان به كۆمه‌ڵگه‌ی كرێكاری و گشت كۆمه‌ڵ، ئه‌م هیوایه‌یان به‌خشیوه كه سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی ڕێكخراوی سه‌رتاسه‌ریی سیاسی و مه‌ده‌نی ده‌كرێ له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كده‌ست بوونی داخوازی و درووشمه‌كان، به هاوپشتی و یه‌كگرتوویی، مانگرتنی درێژماوه به‌جۆرێك ڕێكبخرێت كه له‌ناخیدا تۆوی ڕێكخراوه سه‌رتاسه‌رییه‌كان بچێندرێ. ئه‌وه‌یكه له ئێستادا به‌ڕاستی گرینگه پێكهێنانی سندووقه‌كانی مانگرتن و گه‌یاندنی یارمه‌تیی ماڵی له‌پێناو درێژه‌ی مانگرتن و له پێ خستنی په‌یمانكاران، كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی نه‌وت و ده‌وڵه‌ت و ئاژاوه‌گێڕانه. سه‌ركه‌وتنی كرێكارانی نه‌وت، گاز و پێترۆشیمییهكان نه ته‌نیا گشت بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران به‌هێز ده‌كات، به‌ڵكوو به‌هێز بوونی باقیی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌شی لێده‌كه‌وێته‌وه.