ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه ١٤ی مانگی گه‌لاوێژی ١٤٠٠ی هه‌تاوی، ئیبراهیم ڕه‌ئیسی ئه‌ندامی باڵای “هه‌یئه‌تی مه‌رگ” له هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوی كه به فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی خومه‌ینی ڕێبه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی هه‌زاران به‌ندكراوی سیاسیی بێدفاعی كوشت، وه‌ك هه‌شته‌مین سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی له‌ناو مه‌جلیسدا سوێندی خوارد و به ڕه‌سمی بوو به سه‌رۆك كۆماری حكوومه‌تی ئیسلامی. ڕه‌ئیسی له هه‌ڵبژاردنی موهه‌ندسی كراوی ٢٨ی جۆزه‌ردان كه كه‌م ڕه‌ونه‌قترین هه‌ڵبژاردنی گشت ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی بوو، وه‌ك مۆره‌ی دڵخوازی عه‌لی خامنه‌یی، به‌یتی ڕێبه‌ری و سپای پاسداران له سندووقی ساخته و فریو هاته ده‌ر.
له ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنی ڕه‌ئیسیدا، بێجگه‌له دوو وڵاتی عێراق و ئه‌فغانستان كه له ئاستی سه‌رۆك كۆماردا به‌شداری ئه‌م ڕێوڕه‌سمه بوون، زۆربه‌ی وڵاتانێك كه بۆ ئه‌م شانۆیه ده‌عوه‌ت كرابوون، یان به‌شدارییان نه‌كردبوو و یان به ههیئهتگهلێك له ئاستی وه‌زیراندا به‌شدارییان كردبوو. حزووری جه‌ریاناتی سه‌ربه كۆماری ئیسلامی له لۆبنان، عێراق، فه‌له‌ستین، یه‌مه‌ن و سووریه له ڕیزی پێشه‌وه‌ی میوانه‌كان سه‌ره‌نجی هه‌ر تهماشاچییهكی به‌ره‌و خۆی ڕاده‌كێشا. به‌شداری كردنی “ئێنریكه مۆرا” جێگری به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا له‌م ڕهێوڕهسمهدا، له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی توندی نه‌یارانی كۆماری ئیسلامی و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، به‌هۆی ڕۆڵی ڕاسته‌وخۆی ڕه‌ئیسی له جه‌نایه‌ت دژبه خه‌ڵكی ئێران و قه‌تڵوعامی به‌ندكراوانی سیاسی، ڕووبه‌ڕوو بۆوه. بایه‌خ نه‌دانی ده‌وڵه‌تانی جیهان و به‌شداری نه‌كردنیان له‌م ڕێوڕه‌سمه، له لایه‌كه‌وه نیشانه‌ی زیاتر په‌راوێز كه‌وتنی ڕۆژ له‌دوای ڕۆژی كۆماری ئیسلامییه له ئاستی جیهاندا و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌رخه‌ری ئاگادار بوونی سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی جیهان و بیروڕای گشتیی ئه‌م وڵاتانه‌یه له ڕۆڵی ڕه‌ئیسی وه‌ك بكوژی خه‌ڵكی ئێران.
ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنی ئیبراهیم ڕه‌ئیسی له جه‌رگه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێران و له كه‌ش و هه‌وای توندی ئه‌منییه‌تیدا به‌ڕێوه‌چوو. ئۆستانداری تاران پێشتر ڕایگه‌یاندبوو كه “ڕۆژی پێنجشه‌ممه گشت ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌كان، بانكه‌كان، به‌شه خسووسییه‌كان داده‌خرێت“. فه‌رمانده‌ی ئینتزامیی تارانیش ڕایگه‌یاند كه له‌م ڕۆژه‌دا “گشت هێزه‌كانی له تاران له ئاماده‌باشدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن“. نیگه‌رانیی ئۆستاندار و فه‌رمانده‌ی هێزه ئینتزامییه‌كان له‌ئاست حزووری خه‌ڵكی ناڕازی له شه‌قامه‌كانی تاران بوو كه له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابروودا چه‌ندین جار ده‌ستیان دابووه ناڕه‌زایه‌تی و وێڕای پشتیوانی له خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی خووزستان درووشمی “مه‌رگ و نه‌مان بۆ دیكتاتۆر و مه‌رگ و نه‌مان بۆ كۆماری ئیسلامی” كه ڕه‌ئیسی یه‌كێك له مۆره سه‌ره‌كییه‌كانیه‌تی، وتبۆوه.
وته‌كانی ڕه‌ئیسی، هه‌روه‌ك ئینشایه‌ك كه له ژووری فیكری سپای پاسداران‌دا بۆیان نووسیبێ و زۆر خراپیشی ده‌خوێنده‌وه، واده و بهڵێنانهكانی هه‌ر دووپات كردنه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی حه‌سه‌ن ڕووحانی بوو كه قه‌رار بوو كێشه‌كانی خه‌ڵك چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام له كۆتایی كاری ده‌وڵه‌ته‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند كه “من فه‌رمانده‌یه‌كی بێ سه‌رباز و چه‌ك بووم“.
ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسی له بواری كێشه‌ی ئابووری و بژێویدا كۆمه‌ڵێك واده‌ی پووچ و بێناوهرۆكی وه‌ك “خوڵقاندنی زۆرترین شه‌فافییه‌ت له بواری ئابووری، بنبڕ كردنی گه‌نده‌ڵی و ڕانت‌خۆری، قایم كردنی ئابووری له به‌رامبه‌ر تهكانهكان، كۆنتڕۆڵ كردنی ته‌وه‌رۆم و گرانی، به‌هێز كردنی ئه‌رزشی پووڵی میللی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ ئابووریی وڵات“ی وته‌وه كه ڕێك دووپات كردنه‌وه‌ی واده و به‌ڵێنه‌كانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و ڕووحانی به خه‌ڵكی ئێران بوو. به‌ڵام ئابووریی ئێران به‌هۆی مافیای به‌هێزی سیاسی و ڕانت‌خۆری به‌یتی ڕێبه‌ری و سپای پاسداران له‌وانه سه‌رۆكانی ٣ ده‌زگای ڕژیم، ئه‌وه‌نده نوقمی گه‌نده‌ڵییه كه یه‌كده‌ست كردنی ئه‌م سێ ده‌زگایه له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی به‌یتی ڕێبه‌ری و سه‌ردارانی سپا‌ش نه‌ته‌نیا ناتوانێ گرێیه‌ك له كێشه‌كانی خه‌ڵكی ئێران بكاته‌وه، به‌ڵكوو داڕماوتریش ده‌بێت. له سه‌رده‌می ٨ ساڵه‌ی حكوومه‌تی ڕووحانی‌دا به‌ده‌ر له گیروگرفته جێكهوتووهكانی ناو كۆمه‌ڵ له‌وانه ڕه‌وتی ڕوو له زیادبوونی گرانی، ته‌وه‌رۆم، بێكاری، داخرانی ناوه‌نده‌كانی كار و به‌رهه‌مهێنان، هاتنه خواره‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌رزشی پووڵی میللی، په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی، زیاد بوونی كارتۆن خه‌وی و گۆڕخه‌وی، سه‌ركوتی توندی ئازادیی تاكه‌كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی، كوشتار و زیندانی كردنی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو له‌وانه سه‌ركوتی خوێناوی ڕاپه‌ڕینی مانگی به‌فرانباری ١٣٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨ و ئاخێزی جه‌ماوه‌ری و مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی خووزستان، كێشه و گرفتی ئاو و به‌رق و سووته‌مه‌نیی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكیش پێیان زیاد بوو. ئیبراهیم ڕه‌ئیسی به واده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی خه‌ڵك كه خۆی یه‌كێك له هۆكاره‌كانیه‌تی و به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی نێئۆلیبڕالی، سفره‌ی بێ ڕه‌ونه‌قی خه‌ڵكی ئێران به‌تاڵتر و كۆمه‌ڵگا هه‌رچی زیاتر به‌ره‌و قه‌یران و نه‌هامه‌تی و نابوودی ده‌بات.
له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ش سیاسه‌ته‌كانی ڕه‌ئیسی، سه‌ره‌ڕای تام و چێژ پێدانی، هه‌مان سیاسه‌ته دیاریكراوه‌كانی خامنه‌یی و سپای پاسدارانه كه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ست تێوه‌ردان له كاروباری وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر، به‌هێزكردنی گرووپه تیرۆریسته‌كانی سه‌ربه كۆماری ئیسلامی به قیمه‌تی هه‌زینه كردنی زیاتر له سفره‌ی هه‌ژارانه‌ی خه‌ڵكی ئێران، نائه‌من كردنی زیاتری ناوچه‌كه، پێداگری له‌سه‌ر له‌ناوبردنی ئیسرائیل و گوشار بۆ وه‌ده‌ست هێنانی پوان له دانوستانی ناوه‌كی ناسراو به “به‌رجام” ده‌بێت، كه تێشیدا سه‌رناكه‌وێت و له‌گه‌ڵ په‌راوێزی زیاتر به‌ره‌وڕوویه.
بێشه‌رمانه‌ترین وته‌كانی ڕه‌ئیسی له بواری مافی مرۆڤه‌وه بوو كه ڕایگه‌یاند “ئێمه داكۆكیكاری ڕاسته‌قینه‌ی مافی مرۆڤین و بێده‌نگی له به‌رامبه‌ر زوڵم و جه‌نایه‌ت و ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر مافی ئینسانی بێ تاوان و بێ دیفاعمان قه‌بووڵ نییه”. ئه‌م وتانه له حاڵێكدا وتران كه له سه‌ره‌تاكانی ده‌یه‌ی ٦٠دا كه ڕه‌ئیسی له كاروباری قه‌زایی ئێران‌دا بوو و به‌تایبه‌ت له كوشتاری ساڵی ١٣٦٧دا، هه‌زاران به‌ندكراو له سیاچاڵه‌كانی مه‌رگی ڕژیمدا به فه‌رمانی “هه‌یئه‌تی مه‌رگ” كه ناوبراو له مۆره سه‌ره‌كییه‌كانی بوو، قه‌تڵوعام كران. وته‌كانی ڕه‌ئیسی له باروودۆخێكدا وتران كه “ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی” ڕۆژی چوارشه‌ممه، یه‌ك ڕۆژ پێش سوێندخواردنی ناوبراو له زنجیره په‌یامێكی تویتێریدا “خوازیاری لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ڕه‌ئیسی له كوشتاری ساڵی ١٣٦٧ بوو“.
له حاڵێكدا كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی شه‌پۆلی پێنجه‌می ویرووسی كۆرۆنا له ئێران ڕۆژانه سه‌دان كه‌س گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و هێشتا ته‌نانه‌ت ٥ له‌سه‌دی خه‌ڵك واكسینه نه‌كراون، ئیبراهیم ڕه‌ئیسی چكۆله‌ترین ئاماژه‌ی به‌م كاره‌ساته نه‌كرد. واته له‌م بواره‌دا وه‌زعه‌كه هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت كه هه‌یه.
بێگومان له كۆمه‌ڵگای وه‌رچه‌رخاو و به‌رده‌م ئاڵوگۆڕی ئێران و له جه‌ره‌یانی مانگرتنی كرێكاری و ناڕه‌زایه‌تیی شه‌قام، ئه‌وه‌یكه ده‌توانێ دواجار چاره‌نووسی كۆمه‌ڵ، حكوومه‌ت و خه‌ڵك دیاری بكات، نه‌ك پڕۆژه و به‌رنامه‌ی ڕه‌ئیسی و سه‌رانی كۆماری ئیسلامی، به‌ڵكوو ئاستی وشیاری، ڕێكخستن و ڕێكخراوبوونی كرێكاران و سته‌ملێكراوان له‌پێناو نه‌به‌ردی نیهایی و ڕزگاربوون له سه‌ركوت و كوشتاری نیزامی فاشیستیی ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر ئێرانه.