کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسی تاوانباری “جه‌نایه‌ت دژبه‌ مرۆڤایه‌تی”، به‌ڕه‌سمی بوو به‌ سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی

VVai359yVyZB

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ١٢ی مانگی گه‌لاوێژ، له‌ حاڵێكدا كه‌ ئاگری تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئێران دژبه‌ گشت ڕژیمی ئیسلامی هه‌روا گه‌شاوه‌یه‌، “ڕه‌ئیسی” واته‌ ئاخوندێك كه‌ له‌ ئێعدامی هه‌زاران به‌ندكراوی سیاسیدا ڕۆڵی سه‌ره‌كیی بینیوه‌، حوكمی سه‌رۆك كۆماریی خۆی له‌ عه‌لیی خامنه‌یی وه‌رگرت. هاوشێوه‌ی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ناو مه‌جلیسی ئیسلامی ڕژیمدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسی وه‌ك نوێنه‌ری دادستانی تارانی ئه‌ندامی “هه‌یئه‌تی مه‌رگ“، به‌رپرسی ده‌ركردنی حوكمی ئێعدامی هه‌زاران به‌ندكراوی سیاسی له‌ مانگه‌كانی گه‌لاوێژ و خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوییه‌. له‌ مێژووی چل و چه‌ند ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیدا، هیچ سه‌رۆك كۆمارێك به‌م ڕاده‌یه نه‌كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر نه‌فره‌تی خه‌ڵك له‌ ناوخۆی ئێران و شه‌پۆلی ڕوو له‌ گه‌شه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی ئێرانیانی ده‌روه‌ی وڵات و گرووپ و ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كانی مافی مرۆڤ. بۆ نموونه‌ ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێسنوور به‌م بۆنه‌وه‌ نووسیی: “له‌مڕۆوه‌ ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسی ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی مه‌رگ و تاوانباری “جه‌نایه‌ت دژبه‌ مرۆڤایه‌تی” به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی بوو به‌ سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران“.

له‌ حاڵێكدا كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی شه‌پۆلی پێنجه‌می كۆرۆنا له‌ ئێران ڕۆژانه‌ نزیك به‌ ٨٠٠ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسی به‌ بێ چكۆله‌ترین ئاماژه‌ به‌م كاره‌ساته‌، له‌وه‌یكه‌ به‌هۆی پرۆتۆكۆله‌كانی كۆرۆنا نه‌یتوانیوه‌ ده‌ستی خامنه‌یی ماچ بكات، داخ و كه‌سه‌ری ده‌ربڕی!

عه‌لی خامنه‌یی و باندی نیزامی – ئه‌منییه‌تیی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ ئاسۆی سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی لێڵ ده‌بینن، به‌ هێنانه‌ سه‌ركاری ڕه‌ئیسی له‌ هه‌ڵبژاردنێكدا كه‌ كه‌مترین ئاستی به‌شداریی خه‌ڵكی بوو و ته‌نانه‌ت ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی و سه‌رۆك كۆماره‌كانی پێشووی ئێرانیش نه‌یانتوانی پشتیوانیی لێبكه‌ن، ده‌یانهه‌وێ بڵێن كه‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی یه‌كده‌ست و یه‌كگرتوو و بوونی كه‌سانێك له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات، كه‌ پێشینه‌ی مرۆڤكوژیان له‌ ئاستی هه‌زاران كه‌سیدا هه‌یه‌، ده‌توانن باروودۆخه‌كه‌ هێور بكه‌نه‌وه‌ و كه‌شتیی ڕژیم له‌ نوقم بوون ده‌رباز بكه‌ن. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ ساویلكه‌یه‌ نیشانی ده‌دات كه‌ داروده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتدار، نه‌ له‌ مێژوو شتێك فێربوون و نه‌ له‌ ناوه‌رۆكی ئه‌م باروودۆخه‌ تازه‌یه‌ ده‌گه‌ن. چل و چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك كه‌ ناڕه‌زایه‌تی و قه‌یران گه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیی ده‌گوشی، شا له‌ هه‌وڵێكی داماوانه‌دا حكوومه‌تی نیزامیی ڕاگه‌یاند و مۆره‌كانی وه‌ك ئه‌رته‌شبۆد ئاویسی و باقیی ژێنێڕاڵه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی دیكه‌ی بۆ چاوترسێن و بێده‌نگ كردنی خه‌ڵك كرده‌ سه‌رۆكی كاروبار. ئاكامی ئه‌م هه‌وڵه‌ی شا سه‌رشۆڕی بوو و زۆری نه‌خایاند كه‌ ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ بوو و په‌نای بۆ كه‌سێكی وه‌ك شاپوری به‌ختیار برد كه‌ ئه‌ویش یه‌كجار دره‌نگ بوو و كارساز نه‌بوو.

هێنانه‌ مه‌یدانی مرۆڤكوژێكی بێزراوه‌ كه‌ هیچ توانا و شاره‌زاییه‌كی بێجگه‌له‌ جه‌نایه‌ت دژبه‌ مرۆڤایه‌تی له‌ كارنامه‌ی خۆیدا نییه‌، له‌وانه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی یه‌كجار كورت بانده‌كانی ده‌سه‌ڵات یه‌كگرتوو و خۆشحاڵ بكات، به‌ڵام تووڕه‌یی و نه‌فه‌رتی خه‌ڵك له‌ گشت ئه‌م نیزامه‌ په‌ره‌ ده‌ستێنێت. ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كۆماری ئیسلامی وه‌ك ساڵی ١٣٦٧، كوشتنی به‌نهێنیی چه‌ند هه‌زار به‌ندكراوی سیاسی بووایه‌، ڕه‌نگبێ ڕه‌ئیسی كه‌ كاركرد و زه‌رفییه‌تی مرۆڤكوژیی له‌م ئاسته‌دا هه‌یه‌، ئه‌مڕۆش به‌كار هاتبایه‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌م به‌سه‌رچووه‌ و ئه‌مجۆره‌ سێناریۆیانه‌ دووپات نابنه‌وه‌، كه‌وابوو ڕه‌ئیسی له‌م بواره‌شدا مۆره‌یه‌كی سووتاو ده‌بێت.

ڕژیمێك به‌ خه‌زێنه‌ی به‌تاڵه‌وه‌، گرفتاری قه‌یرانی قووڵی ناوخۆ‌، په‌راوێزكه‌وتوو له‌ بواری جیهانییه‌وه‌، بێتوانا له‌ دابین كردنی ئاو و به‌رقی خه‌ڵك، بێ كه‌فایه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ نه‌خۆشیی كۆرۆنا، به‌ره‌نگاربووی جه‌ماوه‌رێك كه‌ له‌ هه‌ژاری و بێداد وه‌ته‌نگ هاتوون، جه‌ماوه‌رێك كه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو شێوه‌كانی خه‌بات و خۆڕاگریی خۆیان پێده‌گه‌یه‌نن، جه‌ماوه‌رێك كه‌ چیتر توندوتیژی و سه‌ركوت چاوترسێنیان ناكات و فێربوون كه‌ چلۆن مانگرتنی به‌رین و سه‌رتاسه‌ری هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كان زه‌وینگیر ده‌كات، وه‌ها ڕژیمێك به‌ وه‌ها جه‌ماوه‌رێكه‌وه‌، چ چاره‌نووسێك بێجگه‌له‌ ڕووخان چاوه‌ڕوانی ده‌كات؟