كۆماری ئیسلامی یه‌كێك له‌و ده‌گمه‌ن نیزامه سیاسییانه‌ی دنیای ئه‌مڕۆیه كه گشت به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵ، هه‌موو باوه‌ڕه سیاسییه‌كان، هه‌موو كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كان و گشت گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌كانی كردووه‌ته نه‌یار و دوژمنی خۆی.
له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌ر كاری حكوومه‌تی ئیسلامی پتر له چوار ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر، سه‌ره‌تا سه‌ركوت و كوشتاری پشتیوانان و كارگێڕانی ڕژیمی پاشایه‌تی ده‌ستیپێكرد و ئه‌وه‌نده‌ی توانیی لێی كوشتن و ماڵ و داراییه‌كانی لێ زه‌وت كردن و ئاخونده ورد و درشتهكان یه‌ك شه‌وه بوون به كۆشك نشین.
كوردستان، توركهمهن سه‌حرا، به‌نده‌ر ئه‌نزه‌لی و كۆمۆنیسته‌كان، شه‌پۆلی دووهه‌می تیرۆر و كوشتار بوون. ڕێبه‌رانی خه‌ڵكی توركهمهن سهحرایان ئێعدام كرد. خومه‌ینی فه‌رمانی جه‌هادی دژبه خه‌ڵكی كوردستان ده‌ركرد. چل ساڵ كوشتار و سه‌ركوت له كوردستان هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه.
ژنان و داسه‌پاندنی بێ مافی به‌سه‌ریاندا، بوو به پێناسه و ده‌لیلی بوونی حكوومه‌تی ئیسلامی. له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا حیجابی ئیجباری و هه‌وڵ بۆ خانه‌نشین كردنیان و پاشان داڕشتنی یاسای كۆنه‌په‌رستانه و له‌ناوبردنی هه‌موو ده‌ستكه‌وتێكی پێشووی ژنان، كه‌وته ده‌ستووری كاره‌وه. ئه‌م سهركوته دژبه خۆڕاگریی كه‌م وێنه‌ی ژنان هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه و له ڕاستیدا خه‌بات و خۆڕاگریی ژنان له به‌رامبه‌ر یاسای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و كۆنه‌په‌رستانه‌ی كۆماری ئیسلامی كه ئاپاڕتایدی جنسیی به‌ته‌واو مانایه، خاڵی لاوازی ڕژیمی ئیسلامییه.
كه‌مینه ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كان و به‌تایبه‌ت به‌هاییه‌كان و خه‌ڵكی كورد، كرانه ئامانج. سه‌ركوتی خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان به دڕندانه‌ترین شێوه به‌كرده‌وه ده‌رهات. پڕۆژه‌ی ته‌واو عه‌یاری سڕینه‌وه‌ی فیزیكی و سیستماتیكی به‌هاییه‌كان كه‌وته ده‌ستووری كاره‌وه و ته‌نانه‌ت گۆڕستانهكانیشیان له ئه‌ماندا نه‌مایه‌وه.
كوشتار و سه‌ركوتی كۆمۆنیسته‌كان به‌رده‌وام درێژه‌ی بوو و پاشان لایه‌نگرانی سازمانی موجاهدین كه چه‌ند ساڵێك پشتیوانی حكوومه‌تی ئیسلامی بوون پێیان زیاد بوون و له ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوی ئه‌م كوشتاره به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشت و هه‌زاران كه‌س له به‌ندكراوانی سیاسی له زینداندا ئێعدام كران.
ڕژیم كه به واده و به‌ڵێنیی یارمه‌تی گه‌یاندن به “موسته‌زعه‌فین” هاتبووه سه‌ر كار، كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی گرفتاری هه‌ژاری و بێبهشییهكی كه‌م وێنه كرد. بێكاری، گرانی، نه‌بوونی ئاو و به‌رق، نه‌بوونی مه‌سكه‌نی گونجاو و سه‌ركوتی ڕێبه‌رانی كرێكاری، دیاریی نیزامی ئیسلامی بۆ جه‌ماوه‌ریی ملیۆنیی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی ئێران بوو.
زانكۆكان ته‌عتیل و ئیسلامی كران، حه‌وزه مه‌زهه‌بییه‌كان، به‌سه‌ر زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی زانست و فێربووندا زاڵ بوون. سه‌دان مامۆستای زانكۆ ده‌ركران و هه‌زاران خوێندكار ئه‌ستێره‌دار و له خوێندن بێبه‌ری كران.
جیابیران، نووسه‌ران، شاعیران، هونه‌رمه‌ندانی سینه‌ما و تێئاتر و مۆسیقا، هه‌ر هه‌موویان له‌گه‌ڵ گوشاری كه‌مه‌رشكێنی ده‌زگای سانسۆڕ و پشكنینی بیروباوه‌ڕ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه و ژنان له مه‌یدانی ئاواز خوێندن خرانه ده‌ر.
ژینگه‌ی ئێران به‌خاتری سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی وێرانكه‌ری حاكمانی ئیسلامی خرایه سه‌ر لێواری نابوودی و چالاكانی ژینگه‌پارێز به بیانووی بێبنه‌مای سیخوڕی، تیرۆر، ئێعدام و یان زیندانی كران.
ڕۆژنامه سه‌ربه‌خۆكان یه‌ك له دوای یه‌ك داخران، ڕۆژنامه‌وانان خرانه زیندانه‌وه و یان ناچار بوون كۆچ بكه‌ن. كار گه‌یشته جێگایه‌ك كه پاش داخستنی ئه‌م میدیایانه، هێرشیان كرده سه‌ر فه‌زای مه‌جازی و ئینتێرنێت و پێنج ملیۆن سایتیان بلۆك كرد.
پارێزه‌رانی سه‌ربه‌خۆ و ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤیان به دوژمنی نیزام پێناسه كرد و شه‌پۆلێك له چالاكانی مافی مرۆڤ و پارێزه‌رانی ئازادیخواز و شه‌ریفیان زیندانی، خانه‌نشین و یان ناچار به جێهێشتنی وڵات كرد.
جووتیاران، ئاژه‌ڵداران، به‌رهه‌مهێنه‌رانی ورد، بازاڕیابانێك كه كاریان له گره‌وی كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئینتێرنێت و ئه‌رزشی پووڵی سه‌قامگیر دایه، به‌ره‌و شكست و نابوودی بران.
خانه‌نشینكراوان كه پێویسته له ئه‌منییه‌ت و ڕێزدا بژین، كرانه توێژی هه‌ژار و زیانههڵگری كۆمه‌ڵ و چه‌ند ملیۆن له‌م جهمعییهتهیان له ته‌مه‌نی به‌ساڵاچووییدا له‌گه‌ڵ كێشه‌ی ده‌روونی و ماددی به‌ره‌وڕوو كرده‌وه.
په‌ره‌سه‌ندنی ئێعتیاد و له‌شفرۆشی كه بووه‌ته كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ملیۆنان كه‌سی گرفتار كردووه، به‌شێك له تراژێدیی حكوومه‌تی ئیسلامییه.
له بواری ناوخۆییدا هیچ به‌شێك له وڵات له ئه‌ماندا نه‌مایه‌وه. شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران و عێراق، شه‌ڕ دژبه خه‌ڵكی كوردستان، كوشتاری كۆڵبه‌ران له كوردستان و سووختبه‌ران له به‌لووچستان، چاندنی ملیۆنان مین له ناوچه سنوورییه‌كانی ڕۆژئاوای ئێران و برینداربوون و كوژران له شوێنی كار و ژیان، ناچاركردنی پتر له ٥ ملیۆن مرۆڤ به كۆچ كردن له ئێران، به‌شێكی چكۆله له كارنامه‌ی حكوومه‌تی ئیسلامییه له ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا.
له بواری ده‌ره‌وه‌شدا، هه‌نارده كردنی تیرۆریسم و كلتووری دواكه‌وتووانه‌ی شیعه به ڕه‌وایه‌تی ڕژیم، په‌ره‌پێدان به شه‌ڕی ناوخۆیی له چه‌ند وڵات و وه‌ڕێخستنی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی له ناوچه‌كه له درێژه‌ی سیاسه‌ته ناوخۆییه‌كانی ڕژیم، ژیانی خه‌ڵكی ئێرانی ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ دژوارتر كرد.
حكوومه‌ته باوه‌كانی بۆرژوایی هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه و له‌و ڕێگه‌وه مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕژیمی ئیسلامی هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژی هاتنه سه‌ر كارییه‌وه تا به ئه‌مڕۆ كه ناڕه‌زایه‌تی له ١٦ پارێزگا و ده‌یان شارستانی ئێران هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه، به‌رده‌وام ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی په‌ره‌پێداوه و ئه‌مڕۆ ئیتر بێجگه‌له ده – پانزده له‌سه‌د له جه‌معییه‌تی ئێران كه ڕانته حكوومه‌تیه‌كانیان له ئیختیار دایه، هیچ به‌شێك له كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵیان نین و یان خوازیاری له‌ناوچوون و ڕووخاندنی حكوومه‌تی ئیسلامین.
چوار ده‌یه خۆڕاگری و خه‌باتی خه‌ڵكی ئێران له به‌رامبه‌ر ڕژیمی ئیسلامی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوات كه ڕووخاندنی حكوومه‌تی ئیسلامی وه‌دی بێنێت. خه‌ڵك به‌درووستی به‌وه گه‌یشتوون كه درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ئیسلامی، به‌مانای برسییه‌تی و بێكاری، زه‌وت كرانی سه‌ره‌تاییترین مافه ئینسانییه‌كان، له‌ناوچوونی ژینگه، دواكه‌وتن له هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌و ڕژیمه دوژمنی خه‌ڵكه.