کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری سیمایه‌كی خه‌باتكارانه‌تر به‌خۆی ده‌گرێت

image 14

مانگرتن و كۆبوونه‌وی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی ناوه‌نده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌نعه‌تی ئێران له‌وانه‌ سه‌نعه‌تی نه‌وت، پێترۆشیمی، گاز، ڕێگه‌ی ئاسن و مێترۆ وێڕای داخوازیی‌ ڕادیكاڵ و خه‌باتی ڕێكخراو و په‌یگیری خانه‌نشینكراوان دژبه‌ بێمافیی سیاسی و ئابووری سیمایه‌كی خه‌باتكارانه‌تری به‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری به‌خشیوه‌. له‌و نێوه‌دا خه‌باتی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمیی ئێران، ناڕه‌زایه‌تیی ناوچه‌یی تێپه‌ڕاندووه‌ و پانتایی سه‌رتاسه‌ریی به‌خۆی گرتووه‌.

وه‌زاره‌تی نه‌وت زۆرێك له‌ چالاكی و پڕۆژه‌ نه‌وتییه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی شیركه‌تی ژێرشاخه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌تخانه‌یه‌ له‌وانه‌ شیركه‌تی میللیی نه‌وت، شیركه‌تی میللیی گاز، شیركه‌تی میللیی سه‌نایعی پێترۆشیمی و شیركه‌تی میللیی پاڵاوتن‌ و به‌شی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیی به‌ په‌یمانكاره‌ خسووسییه‌كان سپاردووه‌. ئه‌م شیركه‌تانه‌ش چه‌ند به‌شێك له‌ كاره‌كه‌یان به‌ په‌یمانكارانی ده‌ستی دووهه‌م و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی پێرسۆنێلیان به‌ شیركه‌ته‌ په‌یمانییه‌كانی دابین كردنی هێزی كار سپاردووه‌.

نوێنه‌ری هێندێك له‌ كرێكارانی په‌یمانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ١٩ی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ خۆیان گه‌یانده‌ پێته‌خت و له‌ به‌رامبه‌ر مه‌جلیس ده‌ستیان دایه‌ كۆبوونه‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی پلاكارد و نووسراوه‌ خوازیاری جێبه‌جێ كردنی داخوازییه‌كانیان بوون.  ئه‌وان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵی دژه‌ كرێكاریی كه‌سانێك كه‌ ده‌یانویست خه‌باتی ئه‌م كرێكارانه‌ بخه‌نه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی ئۆسوولگه‌راكانی مه‌جلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، نووسییان:

“ئێمه‌ كرێكاران به‌رده‌وام ڕامانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌شوێن هیچ باڵێكی حكوومه‌ته‌وه‌ نین و خوازیاری وه‌دی هاتنی خواسته‌كانمانین و چیتر ئه‌م باروودۆخه‌مان بۆ ته‌حه‌مول ناكرێ. ئه‌مڕۆش قسه‌ی ئێمه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌”.

ئه‌م كرێكارانه‌ له‌ درێژه‌دا كرده‌وه‌ی دژه‌كرێكاریی نوێنه‌رێكی ساخته‌یان ئاشكرا كرد و نووسییان: “نه‌سیحه‌تی بۆ ئێمه‌ كرێكاران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ست و سۆزمان كۆنتڕۆڵ بكه‌ین و له‌م په‌راوێزانه‌ كه‌ هێزه‌ “توندڕه‌و و سه‌ره‌ڕۆ“كان بۆمانی ده‌نێنه‌وه‌‌، خۆ به‌دوور بگرێن.  بێگومان، مه‌به‌ستی له‌ كه‌سانی توندڕه‌و ئێمه‌ كرێكارانین كه‌ ده‌ڵێین نه‌ ته‌نیا ده‌بێ حه‌قده‌سته‌كانمان زیاد بكرێ به‌ڵكوو پێویسته‌ قه‌رارداده‌ كاتییه‌كانیش بۆ دایمی بگۆڕدرێن و ده‌ستی په‌یمانكارانی زه‌رووسفه‌ت و مفته‌خۆر له‌ ناوه‌نده‌ كرێكارییه‌كان كورت بكرێته‌وه‌”.

كرێكارانی پێشڕه‌و له‌ هیدایه‌تی مانگرتنی هه‌زاران كه‌سی و یه‌ك مانگه‌دا ، كه‌ له‌ مانگی گه‌لاوێژی ٩٨ه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، به‌ره‌به‌ره‌ گه‌لێك تاكتیكیان به‌كار هێنا تا هێزی كرێكاران له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌فیڕۆ نه‌ڕوات. بۆ نموونه‌ ئه‌وان ڕێگه‌یان به‌ كرێكارانی خێزاندار دا تا به‌ شێوه‌ی كاتی و تا ڕاگه‌یاندنی دواتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای بنه‌ماڵه‌كانیان. ئه‌وان هێزی كرێكارانیان به‌ره‌به‌ره‌ هێنایه‌ مه‌یدان. چالاكانی جێگای متمانه‌ی كرێكاران له‌ قۆناغێكی مانگرتنی یه‌ك مانگه‌دا، كرێكارانیان له‌ ٥٠ ناوه‌ند و له‌ ١٠ ئۆستان به‌ شێوه‌ی هاوئاهه‌نگ هێنایه‌ مه‌یدان. ئه‌م هێزه‌ ڕێكخراوه‌، خاوه‌نكاران و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تیی ناچار كرد تا ڕێگای سازش بگرنه‌ به‌ر و واده‌ و به‌ڵێنییان پێبده‌ن و به‌شێك  له‌ خواستی ناڕازیان له‌وانه‌ زیاد كردنی حه‌قده‌سته‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن.

كرێكاران په‌یمانی له‌ دووهه‌مین به‌یانییه‌دا كه‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، داخوازییه‌كانیان به‌م شێوه‌یه‌ فورموڵه كردووه‌:

  • حه‌قده‌سته‌كان هه‌زینه‌ی ژیانمان دابین ناكات و پێویسته‌ بڕواته‌ سه‌رووی هێڵی هه‌ژاریی ڕاگه‌یاندراوی ده‌وڵه‌ت واته‌ سه‌رووی ١٢ ملیۆن تمه‌ن له‌ مانگدا. هیچ كرێكارێك نابێ له‌م بڕه‌یه‌ كه‌متر وه‌ربگرێت.
  • له‌ پێناو دابین كردنی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی و ڕێگری له‌ ده‌ستدرێژیی خاوه‌نكارانی مفته‌خۆر بۆسه‌ر ژیانمان، پێویسته‌ قه‌راردادی كاتی و په‌یمانی به‌ قه‌راردادی دایم و ڕاسته‌وخۆ بگۆڕدرێت و پاسكاریی ئێمه‌ كرێكاران له‌ نێوان خاوه‌نكارانی مفته‌خۆردا كۆتایی پێبێت.
  • پێویسته‌ حه‌قده‌سته‌كانمان هه‌موو مانگێك له‌سه‌ری وه‌ختی خۆیدا پێبدرێت و قه‌رزه‌كانمان له‌ هه‌موو شوێنێك ده‌ستبه‌جێ بدرێنه‌وه‌.
  • ئێمه‌ كرێكارانی غه‌یره‌ ڕه‌سمی پێویسته‌ له‌ خزمه‌تگوزاریی بێبه‌رامبه‌ری ده‌رمانی به‌هره‌مه‌ند بین و هه‌روه‌ك هاوكارانی ڕه‌سمیی ئێمه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌، ئاستی ببردرێته‌ سه‌رێ. به‌تایبه‌ت پرۆتۆكۆلی ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ویرووسی كوشنده‌ی كۆرۆنا له‌ هه‌موو ناوه‌نده‌كان به‌ڕێوه‌بچێت و ئیمكاناتی پێویست و به‌خۆڕایی بۆ پێشگیری له‌م په‌تایه‌ بخرێته‌ ئیختیار هه‌موانه‌وه‌. ئێمه‌ كرێكارانی نه‌وتیش هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ هه‌موو كرێكاران، خانه‌نشینكراوان، موعه‌لیمان و به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگا ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ واكسێنی ستاندارد پێویسته‌ بكڕدرێت و واكسیناسیۆنی به‌خۆڕایی و به‌دوور له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ هه‌ڵاواردنێك له‌ ئاست سه‌رتاسه‌ریدا بخرێته‌ ئیختیار هه‌موانه‌وه‌.
  • پێویسته‌ كه‌ش و هه‌وای ئه‌منییه‌تی له‌ ناوه‌نده‌ نه‌وتییه‌كاندا كۆتایی پێبێت. مافی ڕێكخستن، مافی كۆبوونه‌وه‌، مافی ناڕه‌زایه‌تی، له‌ زومره‌ی مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كرێكارانن.

له‌ كۆتاییدا ته‌ئكید ده‌كه‌ین كه‌ یاسا تایبه‌ته‌ ئابوورییه‌كان كه‌ ناوه‌نده‌كانی نه‌وتیش ده‌گرنه‌‌وه‌، له‌ زۆمره‌ی ئه‌و یاسایانه‌ن كه‌ گوشار و كۆیله‌تییان له‌سه‌ر ئێمه‌ كرێكاران توندتر كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌م یاسایانه‌ به‌ته‌واوی ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌ و ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر ژیان و گوزه‌رانی ئێمه‌ كۆتایی پێبێت. گشت ئه‌وانه‌ی باسیان لێكرا، خواستی یه‌كگرتووانه‌ی ئێمه‌ كرێكارانی ڕه‌سمی و غه‌یره‌ ڕه‌سمییه‌ له‌ ناوه‌نده‌ نه‌وتییه‌كاندا. پێویسته‌ له‌ مانگرتنی دواتردا هه‌موومان له‌ ده‌وری ئه‌م خواستانه‌ كۆببینه‌وه‌ و له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا له‌سه‌ر بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كان بۆ سه‌رووی ١٢ ملیۆن تمه‌ن پێداگری بكه‌ین“.

هه‌مووی ئه‌م نیشانانه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌ خه‌باتی چینایه‌تی ڕۆژبه‌ڕۆژ خه‌ریكه‌ زیاتر خه‌سڵه‌تی سه‌رتاسه‌ری به‌خۆده‌گرێت و ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تیی كۆماری ئیسلامیدا بێوێنه‌یه‌. ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر خواستی كرێكاراندا، هیچ شتێكی بێجگه‌له‌ دانی به‌ڵێنی بێبنه‌ما و به‌كارهێنانی ئامرازی سه‌ركوت له‌ده‌ست نایه‌. خه‌باتی ئه‌م كرێكارانه‌ له‌ په‌نا باقیی كرێكاران و خانه‌نشینكراوان، سیمایه‌كی خه‌باتكارانه‌تری به‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری به‌خشیوه‌.