کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شه‌پۆلی نوێی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌ لۆبنان

frebbnukni

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٩ی مارس، جه‌ماوه‌ری ناڕازیی لۆبنان بۆ ٨مین ڕۆژی به‌رده‌وام هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دژبه‌ گه‌نده‌ڵیی جێكه‌وتوو و سیستماتیكی ده‌وڵه‌ت و چینی سه‌رمایه‌داری زاڵ و دژبه‌ بێكاری و هه‌ژاری و فه‌لاكه‌تی بێوێنه‌ درووشمیان وته‌وه‌. خۆپیشانده‌ران كه‌ پاش چه‌ند حه‌فته ڕاوه‌ستان به‌هۆی گشتگیر بوونی په‌تای كۆرۆنا شه‌پۆلێكی نوێیان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌ستپێكردووه‌، له‌ ڕێگه‌ی ئاگر تێبه‌ردانی لاستیك و سه‌تڵه‌كانی زبڵ، ڕێگای په‌یوه‌ندیی نێوان شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م وڵاته‌یان به‌ست. بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی لۆبنان دژبه‌ نیزامی گه‌نده‌ڵی سیاسی و چینایه‌تیی زاڵ كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی ٢٠١٩دا به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشت، پاش ماوه‌یه‌ك به‌هۆی گشتگیربوونی قه‌یرانی كۆرۆنا به‌ره‌به‌ره‌ خه‌وته‌وه‌. به‌ڵام له‌و جێگه‌وه‌ كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی به‌رده‌وامی بێكاری، دابه‌زینی بایه‌خی پاره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ته‌وه‌رۆمی هه‌وسارپساو و باروودۆخی دژواری ژیان، پتر له‌ كۆرۆنا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیان و داهاتووی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ ده‌كات، كرێكاران و خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو و به‌تایبه‌ت لاوان، بۆ كۆتایی هێنان به‌م بێبه‌شیانه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ هاتوونه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان. له‌ ماوه‌ی پتر له‌ یه‌ك حه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ستنی زۆربه‌ی گه‌وره‌ ڕێگاكانی لۆبنان، به‌تایبه‌ت ڕێگاكانی به‌یرووت و درووست كردنی ڕێبه‌ندان، یه‌كێك له‌ تاكتیكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆپیشانده‌ران بۆ ڕاكێشانی سه‌ره‌نجی بیروڕای گشتی به‌ره‌و ناڕه‌زایه‌تی و خواسته‌كانیان بووه‌. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌رته‌شی لۆبنان به‌یانیی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان و گه‌وره‌ ڕێگای “جه‌ل ئه‌لدیب” و میحوه‌رێكی گرینگی هاتووچۆی دیكه‌یان له‌ باكووری به‌یرووت كه‌ لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ به‌سترابوون، كردووه‌ته‌وه‌.

شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌م دوایانه‌ی لۆبنان به‌هۆی نیگه‌رانیی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ گشتگیربوونی قه‌یرانی كۆرۆنا و ڕێكخراو نه‌بوون و نه‌بوونی ڕێبه‌رییه‌ك به‌ ئاسۆی ڕوونه‌وه‌، هێشتا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و سه‌رتاسه‌ری مه‌ودای هه‌یه‌. به‌ڵام ده‌ستپێكی ئه‌م شه‌پۆله‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا كاتێك كه‌ گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ره‌وه‌ و بێكاری و هه‌ژاری و فه‌لاكه‌ت له‌خواره‌وه‌ بێداد بكات، تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی بێبه‌شان وه‌ك ئاگری ژێر خۆڵه‌مێش هه‌موو جاری سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.

ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران و توێژه‌ هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگا و به‌شداریی شكۆداری لاوان، ڕیشه‌ی له‌ قه‌یرانی قووڵی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و دواهاتی سیاسی ڕیازه‌تی ئابووری و گه‌نده‌ڵیی جێكه‌وتووی ناو ئۆرگانه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان دایه‌.  لۆبنان به‌ ٦ ملیۆن جه‌معییه‌ته‌وه‌ له‌ بواری مه‌ودای نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌ت، یه‌كێك له‌ وڵاته‌ ڕێكۆردداره‌كانی جیهانه‌. له‌ لۆبنان ته‌نیا سه‌روه‌تی ٧ كه‌س به‌قه‌د یه‌ك چواره‌می گشت به‌رهه‌مهێنانی‌ ناوخۆییه‌‌. به‌ پێی ڕاپۆرتی “جۆزێف زاهیر” لێكۆڵه‌ر و چالاكی چه‌پی سویسی ــ سووری “تا ٦ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ته‌نیا ١٠ له‌سه‌د له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌كان به‌شێوه‌ی مامناوه‌ند ٥٦ له‌سه‌دی داهاتی ئه‌م وڵاته‌یان به‌تاڵان ده‌برد. جه‌معییه‌تی یه‌ك له‌سه‌دیی ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌كان، كه‌ ته‌نیا نزیكه‌ی ٣٧ هه‌زار كه‌سن، ٢٣ له‌سه‌دی داهاتی ئه‌م وڵاته‌ كه‌‌ له‌گه‌ڵ داهاتی ٥٠ له‌سه‌دی هه‌ژارترینه‌كان، واته‌ له‌گه‌ڵ داهاتی پتر له‌ ١ و نیو ملیۆن كه‌س به‌رابه‌ری ده‌كات،‌ داگیر كردووه‌”. له‌ ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، داهاتی بنه‌ماڵه‌ كرێكارییه‌كان و توێژه‌ هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگای لۆبنان یه‌كجار دابه‌زیوه و ڕێژه‌ی بێكاری به‌شێوه‌ی بێوێنه‌ چووه‌ته‌ سه‌رێ. “ته‌نیا یه‌ك سێهه‌می جه‌معییه‌تی چالاكی لۆبنان پیشه‌یان هه‌یه‌ و ڕێژه‌ی بێكاری له‌ نێوان كه‌سانی ژێر ته‌مه‌نی ٣٥ ساڵدا نزیكه‌ی ٤٠ له‌سه‌ده‌. ٤٠ تا ٥٠ له‌سه‌دی خه‌ڵكی لۆبنان ده‌ستیان به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕاناگات. كرێكارانی بیانی كه‌ جه‌معییه‌تیان یه‌ك ملیۆن كه‌س به‌رئاورد كراوه‌، له‌ هه‌مووجۆره‌ پشتیوانییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بێبه‌رین. به‌ پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ ئیداره‌ی ناوه‌ندیی ئامار ئه‌نجامی داوه‌، نیوه‌ی كرێكاران و پتر له‌ یه‌ك سێهه‌می جووتیارانی لۆبنانی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن“.

ئه‌گه‌ر له‌ شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌م دوایانه‌دا له‌چاو ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی ڕابردوو، كرێكاران، بێكاران و هه‌ژارانی شار به‌شێوه‌ی به‌رین تێیدا به‌شدارن، ڕیشه‌ی هه‌ر له‌م نابه‌رابه‌رییه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ دایه‌. له‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا ژنان و خوێندكارانیش به‌شێوه‌ی به‌رچاو به‌شدارییان كردووه‌. له‌و جێگه‌وه‌ كه‌ ناڕازیان ژانێكی هاوبه‌ش هاوار ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ناكۆكیی تایفی و ئایینی سه‌ری سازشییان نییه‌. له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی ٢٠١٩دا ده‌یان هه‌زار كه‌س هه‌ر له‌م ناڕازییانه‌ بوون كه‌ له‌ كرده‌وه‌یه‌كی سه‌مبۆلیكی بێوێنه‌دا له‌ ڕێگه‌ی پێكهێنانی زنجیره‌یه‌كی ئینسانی له‌ شاری ترابلۆسه‌وه‌ تا سور به‌ درێژایی ١٧٠ كیلۆمیتر دژایه‌تیی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌رچه‌شنه‌ ناكۆكیی تایفی و ئایینی ده‌ربڕی. له‌ ڕاستیدا ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ به‌ هێنانه‌ گۆڕی ئه‌مجۆره‌ داخوازییانه و ده‌ستپێشخه‌ری و داهێنانه‌كانی، هه‌م نیزامی سه‌رمایه‌داری و هه‌م پێكهاته‌ی سیاسیی تایفی و ئایینیی زاڵی هاوكات بردووه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی لۆبنان سه‌ره‌ڕای خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی، بۆ پێشڕه‌ویی خۆی هێستاش له‌ بواری ڕێكخراوه‌ییه‌وه‌ لاوازه‌ و له‌ ڕێبه‌رییه‌كی خاوه‌ن ستراتێژییه‌كی ڕوون بێبه‌رییه. هێشتا ناوه‌ندی جه‌ماوه‌ریی پته‌و كه‌ بتوانێ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان هیدایه‌ت بكات، پێكنه‌هاتووه‌. چینی كرێكاری لۆبنان له‌ ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و سه‌ربه‌خۆ له‌ حیزبه‌ ئایینی و تایفییه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات بێبه‌رییه‌. له‌ ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا حیزب و گرووپه‌ قه‌ومی و مه‌زهه‌بییه‌كان، بۆ ناكۆكی نانه‌وه‌ له‌ناو ڕیزه‌كانی چینی كرێكار و په‌راوێزخستنی كه‌سایه‌تییه‌ خه‌باتكاره‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه‌. هه‌ر به‌م هۆكاره‌ واقعییانه‌ و به‌هۆی توندبوونه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی سیاسه‌تی نێئۆلیبرالی و دواهاته‌كانی، چینی كرێكار نه‌یتوانیوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژیی ئاشكرای چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌پێناو دیفاع له‌ خواسته‌كانی سه‌نگه‌ربه‌ندی بكات. بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی ئه‌م دوایانه‌، بۆ زه‌مانه‌ت كردنی پێشڕه‌ویی خۆی له‌ جه‌رگه‌ی هاوسه‌نگیی تازه‌ی هێزدا، هیچ ڕێگایه‌كی دیكه‌ی بێجگه‌له‌ به‌رده‌وام بوون و زاڵ بوون به‌سه‌ر خاڵه‌ لاوازه‌كانی له‌پێش نییه‌.