کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كۆماری ئیسلامی له‌ ته‌قه‌لای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ به‌رجام

p02 1

له‌ حاڵێكدا كه‌ نزیك به‌ یه‌ك مانگ له‌ هاتنه‌ سه‌ر كاری ده‌وڵه‌تی بایدێن تێبه‌ڕ ‌بووه‌، ئه‌مریكا هێشتا له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی، هیچ هه‌وڵێكی ئه‌نجام نه‌داوه‌. ئه‌وه‌یكه‌ هه‌تا ئێستا له‌مباره‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، له‌ ده‌ربڕینی بۆچوونی په‌رته‌وازه‌ی هێندێك له‌ به‌رپرسان و شرۆڤه‌كارانی سیاسی، زیاتر نه‌بووه‌. كۆماری ئیسلامی كه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یران و داڕمانی به‌رینی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تیی و مانگرتنی به‌رده‌وامی كرێكاری و باقیی توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ره‌وڕووه‌، ده‌مێك بوو چاوی هیوای له‌ كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی ترامپ بڕیبوو تا به‌ڵكوو به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكان بتوانێ باروودۆخی ئابووریی خۆی تا ڕاده‌یه‌ك باشتر بكات. به‌ده‌ر له‌ بلۆف و ژێسته‌ دیلپۆماتیكه‌كانی خامنه‌یی و باقیی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی، واته‌ كاریگه‌ر نه‌بوونی گه‌مارۆكان و دانانی شه‌رت و مه‌رجی بێ‌بایه‌خ له‌م بواره‌دا، له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌ ئامانجی ڕاكێشانی سه‌ره‌نجی ئه‌مریكا و باقی ده‌وڵه‌ته‌ ئۆرووپاییه‌كان، له‌ پێناو ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خێرای وتووێژه‌كانی به‌رجام و هێناخواره‌وه‌ی ئاستی ته‌حریمه‌كان، په‌له‌یانه‌ و به‌م ئامانجه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ هات‌وهاواری ته‌بلیغاتی و كرده‌وه‌ی دیپلۆماتیك و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌‌وه،‌ به‌ ئامانجی نیشان دانی پۆتانیسیه‌ل و توانای خۆیان، چ له‌ بوار وێران كردن و چ له‌ بوار یارمه‌تی دان به‌ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا، له‌ ئه‌نجام دانی پڕۆژه‌كانیان له‌ ناوچه‌كه‌، ده‌ستیان داوه‌ته‌ كرده‌وه‌ی هانده‌رانه‌ و مه‌ترسیدار. له‌م بواره‌دا ده‌كرێ ئاماژه‌ به‌ مانۆڕی نیزامی و نیشان دانی توانای مووشه‌كی، مووشه‌ك هاویشتن به‌ره‌و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی خۆیان له‌ عێراق، یه‌مه‌ن، ئه‌فغانستان، سووریه‌ و لۆبنان، به‌ ئامانجی نیشان دانی توانای خرابكاری و نائه‌من كردنی ناوچه‌كه‌، بكرێت. دوایین نموونه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌ جه‌نایه‌تكارانه‌یه‌، هاویشتی ١٤ مووشه‌كی ده‌ستكردی ئێران بوو له‌ لایه‌ن به‌كرێگیراونی “سه‌رایا ئه‌ولیا ئه‌لده‌م” به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ و ناوخۆی شاری هه‌ولێر، له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٧ی ڕێبه‌ندان، كه‌ زیانی گیانی و ماددی لێكه‌وته‌وه‌.

گه‌وره‌نوێنیی ڕژیم سه‌باره‌ت به‌ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاستی پێبه‌ند بوونی به‌ ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی و به‌رهه‌مهێنانی ئۆرانیۆمی ٢٠ له‌سه‌دی و یان ئیدیعای وه‌زیری ئیتلاعاتی ڕژیم له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌یكه‌ “ئه‌گه‌ر به‌ره‌و ئه‌و مه‌سیره‌ پاڵمان پێوه‌نێن، چه‌كی هه‌سته‌یی ساز ده‌كه‌ین“، هه‌مووی ئه‌وانه‌، به‌شێك له‌و هات و هاواره‌ ته‌بلیغاتییه‌یه‌ كه‌ ڕژیم بۆ نیگه‌رانی‌نانه‌وه‌ و ڕاكێشانی ئه‌مریكا به‌ره‌و مێزی وتووێژ، ئه‌نجامی ده‌دات. به‌ڵام ئه‌م كرده‌وانه‌، نه‌ ته‌نیا نابێته‌ هۆی هێنانه‌خواره‌وه‌ی خێرای گوشاری گه‌مارۆكان، به‌ڵكوو پێگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی كۆماری ئیسلامی له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌ و له‌ ئاستی جیهانیدا زیاتر له‌ جاران لاوازتر ده‌كات. بێگومان، ئه‌م كرده‌وانه‌، هه‌تا ئێستاش، میلیتاریزه‌ بوونی زیاتری ناوچه‌كه‌ و به‌هێزبوونی پێگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كانی نه‌یاری كۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلی، له‌ كێشمه‌كێشه‌ ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی دیپلۆماتیك و ته‌بلیغاتیش، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ “سه‌عید خه‌تیب زاده“‌، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند كه‌: “ئه‌گه‌ر گه‌مارۆكان تا حه‌فته‌ی ئه‌وه‌ڵی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێنه‌وه‌، كۆماری ئیسلامی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی پڕۆتۆكۆلی ئێلحاقی ڕاده‌گرێپت. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ جۆو بایدێن هێستاش به‌سه‌ر ڕێگای ده‌وڵه‌تی پێشوودا ده‌ڕوات و داسه‌پاندنی گوشاری زۆرینه‌ دژبه‌ ئێران، درێژه‌ پێده‌دات“. هاوكات نوێنه‌ری كۆماری ئیسلامی له‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وییه‌ن، له‌ نامه‌یه‌كدا، ڕایگه‌یاند كه‌ چالاكییه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ پرۆتۆكۆلی ئێلحاقیی په‌یمانی ڕێگری له‌ چه‌كی هه‌سته‌یی( ئێن پی تی)، له‌ ٥ی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌وه‌ ڕاده‌گیرێت و ئه‌م كرده‌وه‌یه‌شی له‌ ڕاستای په‌سندكراوی مه‌جلیسی ئیسلامی، له‌ ١١ی مانگی سه‌رماوه‌زدا، وه‌سف كرد. به‌ پێی ئه‌م په‌یمانه‌، به‌رپرسانی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی، ڕێگه‌یان پێده‌درێ تا هه‌ركات كه‌ پێویست بێت، لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنین له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ هه‌سته‌ییه‌كانی كۆماری ئیسلامی بكه‌ن.

به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیی كۆماری ئیسلامی و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ خێرا جێبه‌جێ كردنی وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكان ئه‌نجامی داوه‌، ده‌وڵه‌تی بایدێن، ئه‌وله‌وییه‌تی كاری خۆی، به‌دواداچوونی ته‌وه‌ری به‌رجام پێناسه‌ ناكات. له‌م پێوه‌نده‌دا هه‌واڵنێریی ڕوویتێرز له‌ ڕاپۆرتێكدا ڕایگه‌یاند كه‌: ” جۆو بایدێن هێشتا بڕیارێكی لێبڕاوانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ئێران ده‌رنه‌كردووه‌ و به‌نیازه‌ سیاسه‌تێكی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ره‌وپێش به‌رێت و كۆماری ئیسلامیش ناچار به‌ په‌یڕه‌و كردنی به‌ڵێنییه‌كانی ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی بكات“. “بلینكێن“، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی خۆی له‌ژێر گوشاردا نابینێت و وته‌بێژه‌كه‌شی له‌ كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی كه‌: “ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا بۆ جێبه‌جێ كردنی ڕێكاری خۆی له‌ قه‌باڵ به‌رنامه‌ی هه‌سته‌یی ئێران، هیچ مۆڵه‌تێكی نیهانیی به‌ ڕه‌سمی ناناسێت و كرده‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌م بواره‌دا، ده‌بێته‌ هۆی دوور كه‌وتنه‌وه‌ی له‌ به‌رجام و ناكۆكیی زیاتری خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی. ئێمه‌ له‌ پێناو یه‌كگرتوو كردنی هاوپه‌یمانانمان دژبه‌ كۆماری ئیسلامی، هه‌وڵی ڕاوێژكارانه‌مان گرتووه‌ته‌ به‌ر“.

ڕاگه‌یاندنی وه‌ها ئاراسته‌یه‌ك له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه، له‌ حاڵێك دایه‌ كه‌ ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی ٤ مانگی زیاتر نه‌ماوه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌توانێ به‌و مانایه‌ بێت كه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا، بڕیار دان له‌مباره‌یه‌ی، به‌ ئاكامی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆك كۆماریی ئێرانه‌وه‌، گرێ دابێت. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێك دایه‌ كه‌ هه‌موو نیشانه‌كانی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌ به‌له‌به‌رچاو گرتنی باروودۆخی ناله‌باری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئێران  و توندبوونه‌ویه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دژبه‌ كۆماری ئیسلامی، له‌ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوو، كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێداگره‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی داهاتووی ئێران وه‌ئه‌ستۆی سپای پاسداران و باڵی سه‌ربه‌ به‌یتی ڕێبه‌ری بێت. تا بتوانێ بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ ئێران، له‌پێناو وه‌ده‌ست هێنانی ئازادی و وه‌دی هاتنی خواسته‌كانیان، بۆ ده‌وره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ ڕێگه‌ی سه‌ركوته‌وه‌ خامۆش بكه‌ن و درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی دژه‌مرۆیی خۆیان بده‌ن. به‌ڵام نه‌ وتووێژی داهاتوو له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ته‌نیا تایبه‌ت به‌ ته‌وه‌ری هه‌سته‌یی ده‌بێت و نه‌ جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئێران ده‌توانن له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌ دژه‌ مرۆییه‌دا، ژیان به‌سه‌ر به‌رن. بێگومان، سه‌ره‌نجام به‌ خه‌باتی یه‌كگرتووانه‌ و ڕێكخراو، ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی سه‌رمایه‌، بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌خرێته‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌.