ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٣ی مانگی ڕێبه‌ندان، ڕۆژنامه‌ی “ده‌یلی سه‌باح“ی توركییه، له ڕاپۆرتێكدا به وردی ئاشكرای كرد كه “مه‌حموود ڕه‌زا ناسرزاده”، دیپلۆماتی كۆنسوولخانه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ٨ كه‌سی دیكه له هاوده‌ستانی، له‌سه‌ر بڕیاری یه‌كێك دادگاكانی ئیستانبۆڵ، به تۆمه‌تی به‌شداری كردن له كوشتنی “مه‌سعود مه‌وله‌وی” ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه. ئه‌و به‌وه تاوانبار كراوه كه ساڵی ڕابردوو به‌ڵگه‌ی پێناسی ساخته‌ی بۆ داڕێژه‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌م تیرۆره درووست كردووه تا پاش تیرۆری مه‌سعوود مه‌وله‌وی، له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ٩٨دا بتوانێ له ئیستانبۆڵه‌وه بۆ ئێران بگه‌ڕێته‌وه. مه‌سعوود مه‌وله‌وی خۆی یه‌كێك له هێزه ئه‌منییه‌كانی كۆماری ئیسلامی و به‌ڕێوه‌به‌ری كاناڵێك به‌ناوی “جه‌عبه‌ی سیاه” بوو. ئه‌و پاش چوونه ده‌ره‌وه‌ی له ئێران، گه‌نده‌ڵییه كهڵانهكانی ناو سپای پاسداران و به‌یتی ڕێبه‌ریی ئاشكرا ده‌كرد.
هه‌واڵنێریی ڕوویتێرز وێڕای پشتڕاست كردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه ڕایگه‌یاندووه كه بوكوژه ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كه دانی به‌وه داناوه كه مه‌سعوودی مه‌وله‌وی، به فه‌رمانی دوو مه‌ئمووری ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئه‌نجام داوه. به‌مجۆره، په‌یوه‌ندی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی تۆڕی جه‌نایه‌ت و قاچاخی مادده‌ی هۆشبه‌ر، بۆ ئه‌نجامدانی تیرۆر و مرۆڤڕفێنی، له‌قاو درا. تێلێویزیۆنی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌تی توركییه، دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر ڕایگه‌یاند كه “میت“، ڕێكخراوی زانیاریی و ئه‌منییه‌تی تۆركییه، ئه‌ندامی تۆڕێكی ١١ كه‌سیی سه‌ربه ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی به تۆمه‌تی ڕفاندن و كوشتنی نه‌یارانی ڕژیمی ئێران، ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.
له كاردانه‌وه به ڕاگه‌یاندنی ورده‌كاریی ئه‌م كرده‌وه تیرۆریستییه له لایه‌ن توركییه‌وه، “سه‌عید خه‌تیبزاده“، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی ڕژیم، هه‌مان ڕۆژ، ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی یه‌كێك له كارمه‌ندانی كۆنسوولخانه‌ی كۆماری ئیسلامیی له ئیستانبۆڵ له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ تیرۆری مه‌سعوود مه‌وله‌ویی ڕه‌ت كرده‌وه و ئه‌م هه‌واڵه‌ی بێ ئه‌ساس وه‌سف كرد. ئه‌و ئیدیعای كرد كه هیچكام له كارمه‌ندانی كۆنسوولخانه‌ی ڕژیم له ئیستانبۆڵ ده‌ستبه‌سه‌ر نه‌كراون. ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕژیمێك كه وه‌زیره‌كه‌ی، دان به‌وه داده‌نێ كه هیچ ڕۆڵێكی له دیاری كردنی سیاسه‌تی ده‌روه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا نییه، بابه‌تێكی سه‌یر نییه. وته‌بێژی ئه‌م به‌ناو وه‌زاره‌تخانه‌یه ده‌زانێ كه هه‌موو كارمه‌ندانی باڵوێزخانه و كۆنسوولخانهكانی ڕژیم له وڵاته‌كان، نه‌ك ئه‌وان، به‌ڵكوو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سپای پاسداران دیاری‌یان ده‌كه‌ن. زۆربه‌ی ئه‌وان پاسدار و ده‌ست و پێوه‌ندی ڕژیمن. “خه‌تیب زاده” له حاڵێكدا ئیدیعا ده‌كات كه هیچكام له كارمه‌ندانی ئه‌وان، له دوور و نزیك، خه‌ریكی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی نین، كه وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ڕژیم، ڕۆژی ٢٢ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، له ڕاگه‌یه‌ندراوێكی ڕه‌سمیدا، به شانازییه‌وه هه‌واڵی ڕفاندنی “حه‌بیب ئه‌سیود“، ڕێبه‌ری پێشووی حه‌ره‌كه‌تی “ئه‌لنه‌زال” یان واته بزووتنه‌وه‌ی ئازادیبه‌خشی ئه‌هوازی له توركییه‌وه بۆ ئێران له‌ژێرناوی ده‌ستبه‌سه‌ر كردن له ئاكامی “چالاكیی پسپۆڕانه و یه‌كگرتووانه‌ی سه‌ربازانی گۆمنامی ئیمامی زه‌مان” بڵاو كرده‌وه.
به‌ڵام كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی چوار ده‌یه ده‌سه‌ڵاتیدا، تیرۆری وه‌ك یه‌كێك له پایه‌كانی ستراتێژی مانه‌وه‌ی به‌كار هێناوه. سه‌دان كه‌س له نه‌یارانی خۆی له ناوخۆ و ده‌روه‌ی وڵات له ڕێگه‌ی تیرۆره‌وه، له مه‌یدان خستووه‌ته ده‌ر. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه ئه‌م تیرۆرانه له وڵاته‌كه‌یاندا ئه‌نجام دراوه، به‌خاتری موعامه‌له‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئیسلامی، نه‌ته‌نیا كاردانه‌وه‌یه‌كیان له‌خۆیان نیشان نه‌داوه، به‌ڵكوو هێندێك جار، ئاسانكاریشیان بۆ تیرۆریسته‌كانی كۆماری ئیسلامی كردووه. به‌ڵام له یه‌ك دوو ساڵی ڕابردوودا، هێندێك جار به ئامانجی گوشار خستنه سه‌ر ڕژیمی ئیسلامی، كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانیان له وڵاته‌كه‌یاندا بێ وڵام نه‌هێشتووه‌ته‌وه و هۆكار و بڕیارده‌رانی ئه‌م تیرۆرانه‌یان، كه ڕاسته‌وخۆ سه‌ربه ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كۆماری ئیسلامی بوون، ده‌ستبه‌سه‌ر و موحاكمه كردووه. بۆ نموونه:
ده‌زگای قه‌زایی سۆئێد له خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ڕابردوودا، یه‌كێك له هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیمی ئیسلامیی به‌ناوی “حه‌مید نووری” له كاتی چوون به‌م وڵاته، به تاوانی به‌شداری كردن له كوشتاری ساڵی ٦٧ی هه‌تاوی ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ئه‌م مۆره‌یه‌ی ڕژیم، هه‌تا ئێستا به شێوه‌یه‌كی بێ وێنه، ١٥ جاری یه‌ك مانگه، دووباره كراوه‌ته‌وه.
له نموونه‌یه‌كی دیكه‌دا، ڕۆژی ١٦ی ڕێبه‌ندان، دادگایه‌ك له بێلژیك، دیپلۆماتێكی تیرۆریستی دیكه‌ی كۆماری ئیسلامیی به‌ناوی “ئه‌سه‌دوڵڵا ئه‌سه‌دی” و سێ كه‌س له هاوده‌ستانی به تاوانی بۆمب دانان له كۆبوونه‌وه‌ی سازمانی موجاهێدین، موحاكمه كرد. ئه‌م “سه‌ربازه گومنامهی ئیمامی زه‌مان” كه له باڵوێزخانه‌ی ڕژیم له ئۆتریش كاری ده‌كرد و یه‌كێك له داڕێژه‌رانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستیی ته‌قینه‌وه له‌ناو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆن له پاریس بوو، حه‌فته‌ی ڕابردوو له بێلژیك موحاكمه كرا و ٢٠ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا. كۆماری ئیسلامی كه له سه‌ره‌تادا ده‌خاڵه‌تی خۆی له‌م كرده‌وه تیرۆریستیه‌دا ڕه‌ت ده‌كرده‌وه، چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر، به وه‌ڕێخستنی هه‌را و هوریا و هه‌ڕه‌شه‌ی ئێعدام كردنی “ئه‌حمه‌د ڕه‌زا جه‌لالی” مامۆستای زانكۆكانی بێلژیك، كه له ئێران هه‌ر به‌م ئامانجه به بارمته گیرابوو، هه‌وڵی دا په‌روه‌نده‌ی ئه‌سه‌دوڵڵا ئه‌سه‌دی و هاوده‌سته‌كانی بێده‌نگ بهێڵێته‌وه. به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
تیرۆری “غۆلامڕهزا مه‌نسووری” له ٣٠ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ له ڕۆمانی، په‌روه‌نده‌یه‌كی تیرۆریستیی دیكه‌ی كۆماری ئیسلامییه. ئه‌ویش مۆره‌یه‌كی ڕژیم و یه‌كێك قازییه جه‌نایه‌تكاره‌كانی په‌روه‌نده سیاسییه‌كان بوو. ده‌زگای تیرۆری كۆماری ئیسلامی به ئامانجی چاوترسێن كردن و ڕێگری له ئاشكرابوونی پهروهندهكانی گه‌نده‌ڵیی ناو ده‌سه‌ڵات، ئه‌ویشی پاش چوونه‌ده‌روه‌ی له ئێران، له بوخارێست، تیرۆر كرد.
له مانگی ڕه‌زبه‌ری ٩٧یشدا، سه‌رۆكی ڕێكخراوی زانیاریی دانمارك، پیلانێكی تیرۆریستیی دیكه‌ی كۆماری ئیسلامیی دژبه چالاكێكی سیاسی دانیشتووی دانمارك، ئاشكرا كرد. ئه‌و ڕایگه‌یاند كه یه‌كێك له تیرۆریستانی سه‌ربه كۆماری ئیسلامی، كه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م تیرۆره به‌نیاز بووه له نۆروێژه‌وه بێته دانمارك، له‌لایه‌ن پۆلیسی سۆئێده‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه. ئه‌وكات سه‌رانی چوار ده‌وڵه‌تی ئیسكاندیناوی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له ئۆسلۆ، له ڕێگه‌ی به‌یانییه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌وه، به توندی هۆشداریان به كۆماری ئیسلامی دا و خوازیاری هه‌ڵوێستی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا به‌رامبه‌ر به‌م كرده‌وانه‌ی ڕژیم بوون و پاشان یه‌كیه‌تیی ئۆرووپاش هۆشداری به ڕژیمی ئێران دا.
چوونه‌ده‌روه‌ی ده‌ست و پێوه‌ند و مۆره‌كانی ڕژیم له‌م دوایانه‌دا، نیشانه‌ی نیگه‌رانیی ئه‌وانه له چاره‌نووسی خۆیان له پاش ڕووخانی ڕژیمی ئیسلامی، تا ئه‌وانیش چاره‌نووسی ساواكییهكانی سه‌رده‌می شایان به‌سه‌ر نه‌یه. كرده‌وه‌ی تیرۆریستیی ئێستای كۆماری ئیسلامی دژبه مۆره‌كانی پێشووی خۆی، كرده‌وه‌یه‌كه له پێناو چاوترسێن كردنی باقیی مۆره ئه‌منی و قه‌زاییه‌كانی، له ناوخۆی ئێران. ئه‌م كرده‌وانه له هه‌ر دووك لاوه، نیشانه‌ی ئه‌وپه‌ڕی لاوازیی و شڵه‌ژاویی كۆماری ئیسلامییه كه بێگومان، له به‌رده‌م داڕمانی یه‌كجاری دایه.